میترۆ: نێچیرڤان بارزانی به‌ڵێنیدا به‌دواداچونی خێرا بكات بۆ كه‌یسی‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسانه‌ی‌‌ لەسەر نوسین یان رۆژنامەگەری ده‌ستگیركراون
  2021-01-22       587       
نێچیرڤان بارزانی، ره‌حمان غه‌ریب
سه‌نته‌ری‌ میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌مافی‌ ڕۆژنامه‌نوسان رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ نێچیرڤان بارزانی به‌ڵێنیداوه‌ به‌دواداچونی خێرا بكات بۆ كه‌یسی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ لەسەر نوسین یان رۆژنامەگەری ده‌ستگیركراون.

ئاوێنه‌: به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ سه‌نته‌ره‌كه‌، ئه‌مرۆ هه‌ینی‌ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی‌ له‌رێكخەری سەنتەری میترۆ كردووه‌و سه‌باره‌ت به‌كه‌یسی‌ ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی‌ له‌هه‌ولێر بادینان ده‌ستگیركراون، سەرۆكی هەرێم داوای لەستافەكەی كردووه‌، بەدواداچونی خێرا بكەن بۆ هەر كەسێك كە لەسەر بیروڕای جیاواز، نوسین یان رۆژنامەگەری دەستبەسەرە.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌،  نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاندووه‌، "من لەگەڵ ئەوە نیم هاوڵاتی لەسەر شێوازی بیركردنەوەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت‌و ئازار بچێژێت".  ئه‌وه‌شی‌ وتووه‌، "بەڵام نابێت ئەوە لەبەرچاو نەگرن كە كەسێك بەئەنقەست هانی توندوتیژی‌و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی دەدات، یان گوتاری رق‌و كینە بەرامبەر پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە، توشی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت".


ده‌قی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ سه‌نته‌ری‌ میترۆ:


دیداری سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی
 لەگەڵ رێكخەری سەنتەری میترۆ
بۆ بڵاوكردنەوە
میترۆ، 22ی كانونی 2021: سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە پێویستی زانی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان رێز لە بنەماكانی مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا بگرن و راپۆرتە نێوخۆی و نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە رەوشی مافەكانی مرۆڤ، بە هەند وەربگرن، یاساكانی تایبەت بە رۆژنامەگەری و زانیاری و خۆپیشاندان سەنگی مەحەكبن و وەك خۆیان جێبەجێبكرێن. 
قسەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی، لە كاتی پێشوازیكردنی بوو لە رێكخەری سەنتەری میترۆ، رادەستكردنی راپۆرتی رەوشی ئازادی رۆژنامەنوسی لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2020.
لەو دیدارەدا رێكخەری سەنتەری میترۆ سوپاسی جەنابیانی كرد بۆ رەخساندنی ئەو دەرفەتە، پاشان كورتكراوەی راپۆرتەكەی خستە روو، كە تیایدا بەروونی دەركەوتووە كە هەرێمی كوردستان لە بواری ئازادی و رادەربرین و رۆژنامەگەری لە بارودۆخێكی خراپدایە، ئازادییەكان پێشێل دەكرێن، هاوڵاتیان لەسەر دەربڕینی بیروڕایان دەخرێنە زیندان، رۆژنامەنوسان نەك لەسەر كاری رۆژنامەگەری بەڵكو لەسەر پۆستێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە بنكەكانی پۆلیس و ئاسایش لێكۆلێنەوەیان لەگەڵ دەكرێت، دەستبەسەر دەكرێن و ئازار دەدەرێن، دەزگای میدیا دادەخرێت، ئاستەنگ بۆ پێدانی زانیاری دادەنرێت، هەروەها رێكخەری میترۆ داوای كرد سەرۆكی هەرێم رۆڵ ببینێت لە ئازادكردنی ئەو گیراوانەی كەیسەكانیان نوسین و رۆژنامەگەریە، یان خۆپیشاندانی بێ مۆڵەتن.
لە تەوەرێكی تردا، رێكخەری سەنتەری میترۆ تیشكی خستە سەر وێنەی هەرێمی كوردستان لە ناو راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، كە "باش نییە"، داوایكرد: هەڵوێستی ئەو رێكخراوانە وەك دوژمنی ئەزمونی كوردستان تەماشا نەكرێن. 
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ستایشی رۆڵی سەنتەری میترۆ و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كرد لە چاودێریكردنی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، ووتی" رۆڵی ئێوە دیارە، ئاگام لە راپۆرتی هەندێ رێكخراوی تریش هەن، پێویستە رێز لە رۆڵی چاودێرێكردنی رێكخراوەكان بگیرێت، لە بری سەرزەنشتكردنیان زەمینە خۆشتر بكرێت بۆ كارو چالاكییەكانیان"، جەختیكردەوە "هەموو راپۆرتێكی چاودێریكردن كە بابەتیانە و راستگۆیانە نوسراون خزمەتكردنە بە هەرێم و ئەزمونەكەی، ئەمە رای منە".
دەربارەی یاساكانی تایبەت بە رۆژنامەگەری و پێدانی زانیاری و رێكخستنی خۆپیشاندان ئەوەی خستە روو كە ئەم یاسایانە بە دەنگدانی نوێنەرانی گەلی كوردستان دەرچوون، ووتی" پێویستە ئەو یاسایانە وەك خۆیان جێبەجێبكرێن و لە كاتی مامەڵكردن لەگەڵ رۆژنامەنوس و خۆپیشاندەر یان كەسێك كە زانیارییەكی هەڵەی بڵاودەكاتەوە، نابێت یاسای تر جێگروەیان بێت"، وتیشی "پشتیوانی رۆژنامەنوسانم لە رێكخستنەوەی میدیای ئەلیكترۆنی بە شێوەیەك كە خۆیان بەشداربن لە نوسینی، پاشەكشە لە یاسای رۆژنامەگەری یان پێچەوانەی بڕگەكانی ئەو یاسایە نەبێت"

سەرۆكی هەرێم داوای لە ستافەكەی كرد، بە دواداچوونی خێرا بكەن بۆ هەر كەسێك كە لەسەر بیروڕای جیاواز، نوسین یان رۆژنامەگەری دەستبەسەرە،  ووتی" من لەگەڵ ئەوە نیم هاوڵاتی لەسەر شێوازی بیركردنەوەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت و ئازار بچێژێت"،  وتیشی "بەڵام نابێت ئەوە لەبەرچاو نەگرن كە كەسێك بە ئەنقەست هانی توندوتیژی و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی دەدات، یان گوتاری رق و كینە بەرامبەر پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە، توشی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت"
دەرباری رەوشی سیاسی هەرێمی كوردستانیش باسیلەوەكرد، پاراستنی ئەزمونی حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان و قەوارە سیاسییەكەی پێویستی بە هاوهەڵوێستی هەیە "با جیاواز بین لەوەی چۆن دەیپارێزین، بەڵام سەنگەر لە یەكتر نەگرین، جیاوازی سروشتی ژیانە با كار بكەین جیاوازییەكانمان بۆ بەرژەوەندی كوردستان و هاوڵاتیانی بشكێتەوە".
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×