"لایەنە عێراقییەكان لە لیژنەی دارایی دەربارەی نەوتی هەرێم بەسەر سێ بوچۆندا دابەشبون"
  2021-01-27       1402       

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، كێشەی هەرە گەورەی بەردەم پشكی هەرێم لە گفتوگۆكانیاندا دەربارەی پڕۆژە یاسای بودجە، نەوتی هەرێمە، لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەسەر سێ بۆچوندا دابەشبون كە بڕیارە هەفتەی داهاتو لەسەر یەكێكیان یەكلاببنەوە.

ئاوێنە: هۆشیار عەبدوڵا، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك، نوسیویەتی"کێشەی هەرە گەورەی بەردەم پشکی هەرێم لە گفتوگۆکانماندا دەربارەی یاسای موازەنەی ۲٠۲۱، نەوتی هەرێمە."

ئاماژەی بەوەداوە كە لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەوبارەیەوە بەسەر سێ بۆچون یاخود داواکاریدا دابەشبون، بەمشیوەیە: ۲٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە، کۆی مەلەفی نەوتی هەرێم، کۆی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم.

وتوشیەتی"بریارە هەفتەی داهاتو لەسەر رایەک یەکلاببنەوە."

هۆشیار عەبدوڵا ئەوەشی خستۆتەڕو"هەرێم تا ئێستا یەک رای هەیە ئەویش ئەوەیە کە ئامادەیە ۲٥٠ هەزار بەرمیل رادەست بکا، جا داهات بێ یان نەوتەکە."

وتوشیەتی"ئەوەی لە رابردودا دەیانگوت گوایە ئامادەن هەمو نەوت یان مەلەفەکە رادەست بکەن، راست دەرنەچو بەڵکو دیعایە و قسەیەکی ناراست بو کە لەسەر زاری بەرپرسانی باڵای هەرێمەوە گوترا."

بەبڕوای ئەو ئەندامە كوردەی لیژنەی دارایی "چارەسەرنەکردنی کێشەی نەوت لە چوارچێوەی مافە دەستورییەکانی هەرێمدا، باجەکەی لە ئایندەدا قورس دەبێت، حوکمڕانەکانی ئێستای هەرێم ئەوانەی بریاری کۆتایی مەلەفی نەوتیان بەدەستە هێندە کورتبینن کە سەری لوتی خۆیان نابینن."

لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا، هۆشیار عەبدوڵا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە "ئەمڕۆ وەک هاوپەیمانی هیوا سەرنجێکی ناو راپۆرتیی دیوانی رقابەی مالیی عێراقمان رەتکردەوە کە بەراوردی کردبو لە نێوان ئەو برە پارەیەی کە نەوتی هەرێم دەیخاتە سەبەتەی فیدراڵییەوە بەرامبەر ئەو پشکەی وەریدەگرێ، گوتمان قیاسی بەشداری هەرێم و پارێزگاکان بەو نەفەسە ناکرێ کە چەند ئەبەخشن و چەند وەردەگرن چونکە پارێزگا هەیە شا دەماری بودجەیەو هەیە هیچ داهاتێکی نیە، بە رونی گوتمان ئەوە ئیشی دیوان نیە تدخل بکا بەم نەفەسە سیاسییە."


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×