دارایی پەرلەمانی عێراق بەدوری دەزانێت لەم هەفتەیەدا بودجە تێپەڕێنرێت
  2021-02-22       410       

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەدوری دەزانێت لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا پڕۆژە یاسای بودجەی2021 بەبێ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوان بەغداو هەولێر لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت و پێشبینیش دەكات یەكلاكردنەوەی ئەو مشتومڕەی لەبارەی بودجەوە هەیە بكەوێتە مانگی داهاتو.

ئاوێنە: مەحاسن حەمدون، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، بە ماڵپەڕی "ناوەندی هەواڵی نیشتمانی"ی عێراقی وتوە، لیژنەكەیان پڕۆژە یاسای بودجەی بەرزكردۆتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و چاوەڕێی دیاریكردنی وادەیەكی تایبەتن بۆ تێپەڕاندنی لە پەرلەمان.

بەڵام ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی جەختی كردۆتەوە كە "زۆر قورسە رۆژی پێنجشەممە دەنگ لەسەر پڕۆژە یاساكە بدرێت، بەبێ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوان بەغداو هەرێم."

ئەوەشی خستۆتەڕو"تا ئێستا لایەنە سیاسییەكان و هەرێمی كوردستان ناكۆكییەكانیان یەكلانەكردۆتەوە، بەڵام رەنگە لەكۆتایی ئەم هەفتەیەدا بگەنە چارەسەر، بەتایبەت كاتێك هەرێم هەمو داتاكانی تایبەت بە هەناردەی نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەكانی بۆ حكومەتی ناوەندی ناردوە بەمەبەستی وردبینیكردنیان."

جەختیشی كردۆتەوە كە تێپەڕاندنی بودجە بەبێ رێككەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان كارێكی سەختەو پێشبینیشی كرد كە ئەو مشتومڕەی لەبارەی بودجەوە هەیە لە مانگی داهاتودا یەكلابكرێتەوەو لەپێناو تێپەڕاندنی بودجەكە لە پەرلەمان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×