گەشتەکەی بێل بۆ باکووری کوردستان
  2021-03-26       2508       
گێرترود بێڵ‌و لۆرەنسی عەرەب‌و چەند سەربازێک

وەرگێران و ئامادەکردنی: جوان عومەر ئەحمەد

دیرۆک یان مێژوو دوو وشەی کوردین کە زیاتر بۆ ئەو رووداوانە بەکاردێت کە لەڕابردودا روویانداوە .  وشەی دیرۆک واتا دوور یان دیر یان دویر کە ئەمە زیاتر بە شێوەزاری کرمانجی سەروو لە ی کوردستان بەکاردهێنرێت زۆریکێش بڕوایان وایە وشەی دیرۆک داتاشروای  وشەی چیرۆک بێت، بەرامبەر بە وشەی دێرۆک لە شێوەزاری کرمانجی ناوەندا وشەی مێژوو هەیە  کەئەوەش زیاتر لە (مێژ)ەوە وەرگیراوە بەواتای کاتێکی دوور،  لێ ئەوەی گرنگە لەم بابەتەدا باسی بکەم خودی وشەکان نیە بەڵکو  مێژوو خۆیەتی، بۆ مێژوو گرنگە بەتایبەت بۆ نەتەوەی کورد؟

 

نێلسۆن ماندیلا (Nelson Mandela) لە چەمکی مێژوودا دەڵێت: ئامانجی خوێندنی مێژوو بۆ زیان و ڕەفتارەکانی مرۆڤایەتی و گریان و ڕق لێبوون نیە، بەڵکوو بۆ ئەوەیە لەپاشە رۆژدا لە مێژووەوە فێر بین.
هەروەها یۆهان ڤۆنگوتە (Johann  von Goethe) دەلێت: نەوەی ئێستا  بەبەردەوامی پشکنین دەکەن بۆ ئەوەی بزانن نەوەی ڕابردوو چیان لە بیر کردووە... گرنگی شوینەوار و گەران و سیرج تەنیا ئەو خولیا ئالۆزە تاقەت پروکێنە نیە بەڵکو پەی بردنە بە رابردووی ئێمەوە بە زیدی یەکەمی باپیرانمانەوە،، نەتەوەی کورد کورترین بیرەوەری هەیە سەبارەت بە ڕووداوەکانی کەمترین یاداشتی هەیە سەبارەت بەمێژووی خۆی، ئەمەش پرسیاریکی گەورە لەسەر نەتەوە و کوردبوونمان دروست دەکات لێ هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیە دەمەوێت نامەکانی بێل بخەمە بەردیدی نەبینراوی ئەم نەوە نوێیەی ئێستا، ئەگەر لەرووی رامیار و فەرهەنگیەوە  ئەرزشکێکی ئەو تۆی نەبێت، بەلام لەڕووی مێژووی و ئەرشیفیەوە بایەخێکی گرنگی هەیە بەتایبەت بۆ نەتەوەی کورد،، لەگەڵ ئەوەی لەنامەکاندا کۆدی نەکراوەی تێدایەو کە زیاتر پەیوەندی بە حکومەتی بەریتانی و دەزگا سیخورێکانی خۆیانەوە هەیە کاری ئێمە کردنەوەی کۆدەکان نیە بەڵکو تەنیا وەرگێڕانێتی.

 ساموئیل هانتینگتن  لە پێناسەکردنی نەتەوەدا دەڵێت: ’هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ بێ مێژوویه‌كی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ بیره‌وه‌ری هاوبه‌شی ئازار و شادێکانی، جوامێران و بەدکارانی، دوژمن و جه‌نگه‌كانی ، نسکۆو سه‌ركه‌وتنه‌كانی له‌ هزرو بیری خه‌لكه‌كه‌ی نه‌چه‌سپا بێت هەرچی بێت نەتەوە نیە!!

لێرەدا چوار نامەی گیرترودبیل دەخەمە بەر دیدی ئێوە لەگەڵ چەند وێنەیەکی  سەدەی رابردووی بەشێک لە خاکە داگیرکراوەکەی کورد وێنەکان و نامەکان لەدوو لۆکەیشنی جیاواز نووسرا و چرکاوە لەنێوان ئامەد و ماردین و دەشتاییەکانی ماردین.

 گیرترودبێل زۆرێك لەنووسەرو بیرمەندانی کورد بە دووژمنی  سەرسەختی کوردی بێناسە دەکەن چارەی کوردی نەویستووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەرشیفێکی گەورەی شوێن و شوێنەوارەکانی کوردستانی پاراستووە بۆمان ئەگەر بۆ خولیاو بەرژەوەندی خۆشی بووبێت،  لەئیستادا بۆ ئێمە سودێکی ئیجگار گەورەی هەیە، کنەو پشکنینەکانی خاتوو بێڵ بۆ ناوچەکانی میزۆپۆتامیا، تەنها بەشی باشووری کوردستان نەبووە ،  بەڵکو گرنگی شوینەوارەکانی باکووری وڵات و ونبون و توانەوەیان لە وڵاتێکی وەک تورکیادا زیاتر هانیدام بگەڕێم و هەڵوێستە لەسەر گەشتە پڕ زانیاری و ڕامیاریەکەی خاتوو بێڵ بکەم. کە لەو ساڵانەدا و هەتا ئەمرۆش بە یەکێک لە سەرچاوە دیارەکان هەژمار دەکرێن، هەڵبەت بەربەست و تەنگەژەکان نابنە ڕێگر لە بەردەم مرۆڤ گەر بیەوێت شوێن خولیاکانی بکەوێت… بەشبەحاڵی خۆم چێژێکی ناوازەم لەم گەشتە بینی و چاوم پڕ بوو لە دیمەنە جوانەکانی ئەو سەردەمەی باکووری وڵات هەروەک ئەوەی هاوگەشتی خاتوون بم! خوازیارم خوێنەرانیش هەمان چیژی لیببینن جگە لە پێگە مێژووییەکەی.


گێرترود بێڵ لە تەمەنی 34 سالێدا ساڵی 1902

 

پێناسەیەکی کورتی گێرترود بێڵ (Gertrude Bell)
گیرترود بێل لە 14-07-1868 لە شاری دۆرهام (Durham) لە وڵاتی بەریتانیا لە دایکبووە. ناوبراو لە زانکۆی ئۆکسفۆرد بەشی مێژووی خوێندووە. وەک نووسەر و ئارکیۆلۆژ و گەریدە و فۆتۆگرافەر و چالاکی سیاسی و ئاکادیمی ناسراوە. هەروەها شارەزایی تەواوی هەبووە لە زمانەکانی (فارسی و عەرەبی). لە جەنگی جیهانی یەکەم نوێنەری حوکمەتی بەریتانی بووە لە میسر لە شاری قاهیرە. لە ساڵی 1921 یەکیێک بووە لە دامەزرێنەری دەوڵەتی ئێراقی و مۆزەخانەی نیشتمانی ئێراقی. لە 12-07-1926 لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە.

نامەی یەکەم
25 ی ئەپرێلی ساڵی 1911 لە گیرترود بێڵەوە بۆ ئازیزترین زڕدایک،
شیرینترین دایک ئەمرۆ سێشەممە  25-04-1911  هەمان ئەو رۆژەی گەیشتمە ماردین  ئەم نامەیەم بۆ ناردیت. ئەمەوێت پێت بڵیم  ڕێبەرێکی ئەمریکی هاوگەشتم بووە، منی گەیاندە ئێرە مامەڵەی زۆر هاورێیانە بوو لەتەکم . دوو ڕۆژ لەگەڵیان مامەوە بەڕاستی چێژم بینی لەم سەردانە، یەکێک لە  میوانە دێرین و کارگوزارەکانم  بە ناوی ئاندرۆس (Andrus) ئەو پیاوەی زیاتر لە هەموو کەس شارەزای تور ئابدینە  (Tur Abdin)بوو جگە لەوەش شارەزایەکی باشی ناوچەکە بوو، گفتوگۆیەکی سودبەخشم کرد لەگەڵی.
لەیەکەم رۆژی گەشتەکەمدا هەر زوو بەرێکەوتم  بەئاراستەی ناوچەیەکی بەناوبانگ بەناوی دێر زافران (Deir Zafran) نزیکەی کاژێرونێوێک لە شاری ماردینەوە دوورە، تولەرێ و گردۆڵکە و چیا بەرزەکانی ماردین لە دامێنیدا دەشتێکی جوان و بەرێن بەراستی ناوچەیەکی زۆر رازاوە سەرنجراکێش بوو، یەکەمجارمە شارێکی وەها رازاوە بە سروشتی  جوانی ببینم،  جوانتر لە دەریا کاتێک سەرنجم ئەدا کەچۆن شنەبایەک شەپولی تێدا دروست دەکات، ئەم گەشتەم زۆر ناوازە بوو!

دێر زەعفەران یان سافرۆن مۆنستەری لە ماردین مانگی 4ی ساڵی 1911

کۆشکە بەردینەکان شاری ماردین زۆر باڵکێش  بوون، لە سەدەی هەشتەمدا   کاری  هەڵکۆڵین و نەخش و نیگاری بەشێوازێکی ئەندازیاری زۆرنایاب  دروستکرابوو کە جێگەی تێرامانم بوو، هەر بۆیە لەسەرخۆو بە وردبینیەوە دەستم بە وێنە گرتن کرد.  لەلایەن کەشیش و پیری ناوچەکەوە رێگەپێدارو بووم بۆ کنە و پشکنین . پاش ئەوەی کارەکەم تەواو کرد کاتەکانی پاشنیوەڕۆم بۆ زانیاری لەسەر ماردین تەرخان کرد.
ڕۆژی دواتر بەرەو قەڵایەکی گرنگی ماردین چوم کە بە تاجی ماردین ناودەبرێت و نزیکەی 500پێ  لە سەرو ماردینەوەیە ، لەم کۆشکەدا داهێنانێکی سەرسوڕهێنەر کراوە کە پێشبینم نەدەکرد. یەک لە فەقێکانی کۆشکە بەردینەکەم لەگەل بوو، پاشنیوەڕۆکەی سەردانی تەکێیکەمان (Moslem medresseh) کرد کە لە دەرەوەی شارەکە بوو. هەموو شوێنێک جوانە لە ماردین،  لەبەرئەوەی  شاری ماردین لە بەرزیدایە و بەسەر دەشتاییەکاندا دەڕوانیت ، بەلام پیسی شارەکە جێی هەلوێستەیە!
خانوەکان لە ناو بەردی چیاکاندا هەڵکۆڵراون، سەربانی هەر خانویەک بوە بە بناخە بۆ چەند خانوەیەکی تر، شەقامەکان زۆر بەرتەسکن، ڕیگاکان هەموی پلیکانە و بە خاشاک داپۆشراون. ئەم زستانە لە ماردین بەهۆی سەرماو سۆڵەوە بۆ ماوەی 47 ڕۆژ دابڕا بوون لە جیهانی دەوروبەری، خراپتر لە جەنگ!
بەفر هەتا سەربانی ماڵەکان هەڵدرابوەوە ، شەقامە تەسکەکان داپۆشرابوون و بەفرەکەی بەرەو سەربانی ماڵەکان ماڵرابوون. هیچ شوێنێکی تر نەبوو بەفری تێدا کۆبکەنەوە. هێچ کەسێک لە ئەوروپا ناتوانێت پێشبینی یان هەست بەوە بکات چۆن ڕۆژهەڵاتیەکان لە نەبونی هاریکاری و دەستگیرۆییی میریدا لە چ بارودۆخی ناهەمواردا دەناڵینن.
 گفتوگۆم کرد لەگەڵ هەرکەس کرد ، بە هاریکاری و ڕێنوێنی گەریدە ئەمەریکیەکان کە ڕیگاکانیان بۆ کردونەتەوە دڵخۆشبون، چونکە  حکومەت ئیفلیج بووە لە هاوکاری کردنیان.

یەک لە پاشماوەی منارەکانی شاری ماردین کە لەسەدەی 3ی لەلایەن گریکەکانەوە دروستکراوە

لە 21ی مانگدا ماردینم،  بەرەو تور ئابدین(Tur Abdin)  جێهێشت ، جیی سەرسوڕمان نیە گەر پارسەکان(Persian) ) و بیزینتیەکان( Byzantine)) بەسەلامەتی ئەو ناوچەییان جێهێشتبێت.
چیاکان هەتا ئەوکاتەش وەک پلیکانە بوون بە درێژایی کاتەکە ئێمە سەرکەوتین و دابەزین بە سەختی چیاکاندا هیچ رێگایەک نەبوو ، دۆڵ و ڕێجکەی ئاوەڕۆ وشک هەڵهاتووەکان بە درێژایی چیاکان دەبینران هەتا دەگەشتیتە میدیات (Midyat) هیچ زەویەکی ئاوەدانی تێدا نەبوو.
شوێنی حەوانەوەمان لە گوندێکی بچوکی کوردیدا دەستنیشان کرد و بە خێرایی دەوارمان هەڵدا، و بەڵام بارانێکی بە لێزمە دەباری بەسەرماندا، کەش و هەوا بە جارێک شیدارو سارد بوو. ئەمە کۆتایی کەشە زستانیە ساردەکەیە ئیتر لێرەوە وەرزی ژیانەوەو جوانی دەست پێدەکات.
گەڕان بە ناو میدیات(Midyat) بۆ من زۆر گرنگ بوو، لە شوێنی کامپەکەم گوێبیستی شوێنەوارێک بووم کە پێموایە پێشتر هیچ ئەوروبیەک نەیبینیوە. ڕیڕەوەکان ناوازە بوون هەوڵمدا بگەم بە بیناسازی پێش هاتنی مەسیح،  گەر ئەم شوێنە ببینیت بیرت بۆ سەدەکانی ٣ میلادی دەچێت بە تایبەت سەردەمی پاگان .(Pagan)  هەندێک لە هەڵکۆڵراو و نەخش و نیگاری کۆنی شوێنەوارەکە  لەڕادەبەدەر باڵکێش بوو .
دووەم ، دوو هەرەمی یاخود پایەی بەردینی زۆر گەورە و کۆن، هەروەک دوو بەردی گەورەی لەت کراو لە کیوێکی بەردین، ناتوانم میژوەکەی بزانم، بەلام ئەتوانم بڵێم هیچ لەوانە ناچیت کە پێشتر بینیومن .
هێجگار چێژبەخش بوو، هەستام بە هێڵکاری و دروستکردنی نەخشە و وێنەگرتنی بە هێواشی و بەو پەڕی ئارامیەوە.
لەدەورەبەری هەمو گوندێکی تور عابدین کێڵگەیەکی پێرۆز یاخود گۆڕەپانیک هەیە(مەزارگا)، کە پەرژین کراون بە داری بەڕوو و درەختە بەردارەکان. مردویەکی ناسراو یاخود کەسایەتیەکی ئاینی لە سەدەکانی ڕابردوودا لەوێدا نێژراوە (مرقەد)، چواردەوری بە بەرد هەڵچنراوە، ئەم جێگایانە پیرۆزیەکی تایبەتی هەیە لای دانیشتوانی ناوچەکە چونکە دەڵین ئەوە گۆڕی کەسایەتیەکی لە خواترس و پیرۆزە!

دیووی ناوەوەی باڵەخانەی دێر زەعفەران مانگی 4ی ساڵی 1911

دوای خۆرئاوابوو کە گەشتینە میدیات(Midyat)، پاش ١٣ کاتژمێر کارکردن و گەڕان ( وابزانم کاتێکی زۆرە)بینیم کامپەکەمان خوانی ئێوارەشیان ئامادە کردووە.
ڕۆژی دواتر  هەر زۆر زوو بەڕێکەوتم، زوتر لە ڕۆژی پێشووتر، کارم لەسەر دو کڵێسا کرد ، پێشتر پلانم بۆ دانابوو. سوپاس بۆ یەزدان  ئەم کارەشم تەواو کرد.  کەدەبوو لە کاتێکی دیاری کراوی کورتدا کۆتایی بێت، هەڵەی زۆرم دۆزیەوە، دوێنێ، کاتێ بە ڕێگاوەبووم بۆ دیر عەمرۆ (Deir el 'Amr) پەیوەندیم بە چەلەبی (Chelabi) ەوە کرد و سوپاسم کرد بۆ پاراستن و پارێزگاری  لە تاڵانکردنی ناوچەکە  کە دوو ساڵ بەر لەئیستا هەندێکی دزرابوون دزەکانیش نەدۆزرانەوە و نەگیران .
بەڵام حکومەت بۆ پرۆژە گەشتیاریەکان  دەستیگرد بەسەر مەڕوماڵاتی گوندەکاندا و سەرجەمیانی فرۆشت چونکە شوێنەوارەکەیان کردبووە جێگەی بەخیوکردنی ماڵاتەکانین ،  ئەوکارەش لەلای من جێگەی داخ نەبوو.

کۆمەلێک پیاو لەسەر دیوارەکانی ناچەی میدیات( Midyat) مانگی 4ی ساڵی 1911

کامپەکەمان لە دێرعەمر( Deir el 'Amr))، لەسەر لوتکەی گردەکە بوو هەروەک کۆیلەیەک پاشنیوەڕوان کارم دەکرد، پلانەکەم خراپ نەبوو ها! شوێنێکی باش بوو. بەو جۆرە هاتینە کەفرزە(Kefrzeh) دیسان سەربازیانە گەیشتینە سەر لوتکەی گردەکە، کلێسایەکی ناوازەی سەدەی پێنج لە دامێنیادا بوو، خۆزگەم دەخواست بیبینی. وەک هەموو جارێک پلانەکەم ڕیک و پێک و تێرو پر بوو، کۆمەڵێک وێنەی ناوازەم گرت، دانیشتوانی ئەم ناوچەیە زۆریەیان کریستیانن، پێشوازیان لێکردم هەروەک ئەوەی هاورێی دێرینیان بم. ڕاهیبەیەکم دووساڵ بەر لە ئیستا لێرە ناسی  لەسەر بنەمای ئەو ناسینە، بە هێلکەو نان بەسەری کردینەوە و ئێمەش وەک نەریتێکی باو بە پارچەیەک شیرینی (شەکر) وەڵامی دیاریەکەمان دایەوە، پیری (شێخ) ی گوندەکە پیاوێکی زۆر بەڕێزو باشە، لەپێناوی سەلامەتیماندا بەو پەڕی بەرپرسیاریەتیەوە کەسانێکی بۆ چاودێریمان لە نزیکی کامپەکە داناوە.


نامەی دووەم ئامەد مانگی 5ی ساڵی 1911
یەکشەمە ٦ مایۆ ئامەد(دیاربەکر)
دوێنی پاشنێوەرۆ گەیشتمە ئێرە کۆمەڵێک نامە چاوەڕوانیان دەکردم. بێ دواکەوتن تێلەگرافێکم بۆ لەندەن کرد، دوای ئەوەی وەڵامەکەی تۆم وەرگرتەوە، دووبارە تەلەگرافم کردەوە بۆ ئەوەی ئاگادارت بکەمەوە کە دەبێت 28ی مانگ بگەمە حەلەب (Aleppo) دواتریش لە 15هەمین رۆژی مانگی یونی بگەمە لەندەن. جارێ نازانم دەبێت بە چ رێگایەک بگەڕێمەوە ماڵەوە؛ لەوێ لە حەلەب دەبێت بە دواداچوون بکەم تا بزانم کامە رێگا خێراترینیانە و سات و کاتی دەرچوونی کەشتێکە کەیە
. دەزانم لە ئەستەنبووڵەوە (Istanbul) یاخود مارسیلۆ (Marseille) هەیە. هەر بۆیە پەلەمە دەبێت پێش مەراسیمی کۆرۆنەیشن ( Coronation)!! لەوێبم

پردی  ئامەد لەسەر رووباری دیجلە مانگی 5ی ساڵی 1911

تێبینی:(کۆرۆنەیشن Coronation : مەراسیمێکە یان سیرەمۆنی(ceremony) بۆ بەخشینی کڵاوی شاهانە کەلەلایەن پاشا یان شاژنی وڵاتەوە ڕێکدەخرێت،  رێورەسمێکی کەمێک ئاینی ئامێزە کۆمەلێک یاسایی تایبەت بە خۆی هەیە.)
گەربانگهێشت کرام بۆ (Coronation) تکایە! پیی ڕلە بری من. هەروەها بەڕێز بیڵ گودئینەف ( Bill Goodenough)بیری بکەوێتەوە کە داوای لێکردم بە کەشتی ( naval review) ئەوان گەشت بکەم .
ئێستا بۆ هەواڵەکەی تۆ، سەبارەت بەیەکەم و ناخۆشترین ، کۆچیدوایی بەرێز (Alfred) ئالفرێد. دووساڵ لەمەوبەر دەمزانی نەخۆشی دڵی هەیەو پێشبینی هەواڵێکی ئاوام دەکرد. ئەمەش هیچ لە خەمی لەدەستدانی کەم ناکاتەوە. بەدڵنیاییەوە جێگای دیار دەبێت.هاوڕێیەکی وەک ئەو مەحاڵە جێگای پڕبێتەوە. کۆمەڵێک نامەی کاریگەری ئەوم لایە، وەڵامی نامەکانی خۆمن کاتێک لە بەغدا بووم. بەوە خۆشحال بووم نامەکانی منی بەدەست گەشتبوو، لەوانیش گرنگتر زۆری لێوە فێربووم.
نامە ئەنوسم بۆ خاتوو لیاڵ (Lady Lyall)، ئەو بەدبەختە، بۆی باسکردبووم خاتوون ناساغە، لە ناخی دڵمەوە خەمبارم بە لەدەستدانی. لۆرد ئەلفرید زاناو لێهاتوو بوو، گومانم نیە باوکم ئیجگار دڵتەنگە بەو کۆستە هاوڕیی باش لەدەستدانی ئاسان نیە، بە بونی ئەو هەستم بە پشتیوانی و دڵنیاییەکی تایبەت دەکرد، بەداخم بۆ ئەمیش هەروەک چۆن بۆ بەرێز ئەلفرێد ، دەڵیم لەدەستدانی خەمێکی گەورەیە.

مزگەوتی ئول کە هاوکات قوتابخانە و دادگای ئەو سەردەمە بووە مانگی 5ی ساڵی 1911 ئامەد

بەدڵنیاییەوە نامە بۆ ئیمێلی (Emily) ئەنوسم، بەڕیز فیلیپیس (Phipps)ی هەژار، نەک لەبەر ئەوەی بەتەمەنە ، بەلکو ئێستا دڵتەنگ و خەمبارە ، خەمێکی گەورەیە بۆ فیلئپ و راشڵ، بەتایبەتەیش بۆ بەریز فیلیپ، ئەم پیاوە تەنگەژەو کۆسپی زۆر هاتۆتە ڕێگای، هەمیشە ئازایانە بەرەنگاری کۆسپەکان بۆتەوە. کاپتن هاوڵ (Howell) پێی وتم کە جۆرج لۆیدس (George Lloyd) توشی ڕیخۆلە کوێرە بوە! بەهیوام ئێستا باشتر بێت. هەفتەی داهاتو هیچ نامەیەک لێرەوە ناڕوات بۆیە بەردەوام ئیستا دەنووسم.
نوێنەر لە ئێستادا لێرە نیە، گوایە بەرەو ماردین چووە بۆیە ناتوانم داوای لێبکەم تێلەگراف بنێرێت، داوام لە بەڕیز تۆماس کردوە تۆماس ئەفەننی (Thomas Effendi) ماتۆڕسوارێکە کە ماوەی دوو ساڵە هاورێمەو کەسێکی زۆر باشە، ئەو منی گەیاندە نوێنەرایەتی کاتی خۆی، پیاوێکی هیندە بەرێزو باشە لە مالیاندا هەست بە خاوەنماڵی دەکەیت! تۆماس ئەفەنی ئەرمەنیە،
تۆماسە بچوک هەموو کارئاسانیەکم بۆ ئەکات، لەگەل هەموو ئەمانەدا بگرە زیاتریش.  هێشتا کار کردن لێرە زۆر قورسە. پەیامێک بۆ والی ئەنێرم بە هیوای ڕیگەپیدان بۆ دروست کردنی مزگەوتێکی گەورەو کۆشکێکی تر کە تا ئیستا ڕیگای بە کەس نەداوە دروستی بکات! بە هیوای ڕیگاپێدانم  نامەی پشتیوانیم هاوپێچ لە لایەن مۆزەخانەی کاپلەوە (C'ple) تێهەلکێشی داواکەم کردوە. هەروەها ڕیکەوتنێکی باشم بۆ وێنەکان کردوە لەگەل ڤان بێرکم (Berchem). بار و دۆخی کارکردن گونجاوە، هەست بە هێمنی و جێگیربوون دەکەم، نامەکانت زۆر کاریگەرو دلخۆشکەرن، بەڕاستی ناتوانم هەرگیز سوپاس و پێزانینەکانم بۆ باوکم لە ئاست تێروانین و پاڵپشتیەکنیدا بێت. جا سەبارەت بە شارەزایی و تێروانینی باوکم لە ئاست گەورەیی و داهێنانی رۆمانیەکاندا. ئای خوایە لەو هەمو پێشکەوتن و توانایە،باوکە  ئەبێت زیاترم پێ بلێیت مانگی داهاتوو، مانگی داهاتوو کە یەکمان بینی!
هەر کە یەکی مانگی ٥ دێت، هەست ئەکەم تێکەڵەیەکم لە نێرگزی دەشت و چرۆی گەڵای داری سەر ڕۆخی دەریاکان و ڕێڕەوی کۆشکی شاهانە! هاوشێوەی گوندی ڕاوتنی باکوری خۆمان، ( Rounton) وەک دەڵێن هەمو خلۆکەیەک ناخولێتەوە، بەڕاستی داهێنانێکی گرنگ بوو لای فارکین سەلوانەوە(Frkin Silwan) 
تێبینی: Rounton) راونتۆن گوندێکی ڕازاوەیە لە ناوچەی هامبلتۆن لە باشوری یۆرکشێری وڵاتی بەریتانیا.


نهۆمی دووەمی هەمان باڵەخانە لە مانگی5 ی ساڵی 1911 ئامەد

ئارەزویەکی بێ ئەندازەم هەیە بۆ بینینی خێزانەکەم لە هەمان کاتیشدا کارەکانی ئێرە ناکرێت تەواو نەکەم، کارەکان لە پێشترن، نابێت تێپەرێت بەسەرماندا ئەم کۆشک و تەلارە کۆن و هونەریانە. لە هەمو کات زیاتر هەست بە تەنهایی ئەکەم، بەلام ئەم بەردو کۆشک و نیگارانە هۆکار و هێزکارن بۆ مانەوەم! پێمخۆشبوو دایانێک بم بۆ منالەکەی مۆرایل و ئێرنست (Muriel and Ernest)، لە ڕابردودا نامەیەکم بۆ ناردی و ئاگادارم کردی کە هییچ نازانم سەبارەت بە شوێنی مۆرایل و پێم وابوو تۆ دەزانیت لە ڕێگای ئیلساوە؟
ناتوانم بنەماکانی ئاینی فێر بکەم بەلام ئەتوانم بەژداریەکی بچوک بکەم لە پەروەردەکردنی. ئەو یەکەمین منالی خواوەندە ، گەر چاوەڕوانی مناڵیکی ئۆرسۆدۆسکی یۆنانی حەیفا بکەیت،. کە لە پێناویاندا چۆک بە شەیتان دادراوە لە ڕابردودا! ، بە هیوام بێ هیوا نەبن لەو بارەیەوە .
بۆچونەکەت سەبارەت بە تەنورەی ژنان دڵخۆشی کردم! ئێمە بەرەو کوێ ئەچین! بەهیوام نەگەینە باڵاپۆشی. هەرچەندە بە بۆچونی من گونچاو بۆ هەندێکمان، نمونە خاتوو سەلبۆرن(Lady Selborne) خوایە ئەم خاتوونە چەن ناحەز و نارەسەنە، گەمژە و نەزانە، ڕەنگە نەزان هێشتا پراو پری نەبێ! ناتوانم پەشیمان بم دەربارەی مۆبێرلی بێڵی(Moberley Bell) پیر و تەنانەت ناتوانم بیر لە پورە سارا (Sarah) نەکەمەوە ، ئەو شتە کۆنە بەسەزمانانە، دەستکێشە ڕەشەکەیم لا نیە، ( هەمو کات نامەکانت بە جۆرێک دلخۆشم ئەکەن کاتی خوێندنەوەیان ناتوانم بوەستم لە پێکەنین بۆیە ناتوانم لە شوێنی قەرەباڵخا بیانخوێنمەوە) مۆریسی (Maurice) بەدبەخت! ئێسکەکانی وەک ملیوانی کراس نەرم بۆتەوە ، یاخود ئەنتۆنی (Anthony) هەژار !.


بەشی باشووری مزگەوتەکە لە وێنەکەدا دووپیاو دەبێنرێت  مانگی 5ی ساڵی 1911 ئامەد


لەلایەن پاولین ئەنجیلەوە (Pauline - engel) بە جوانترین پۆستکارتم بەدەست گەیشتوە، بە هیوام باشتر بووبێت. پێویستە بگەڕێم وێنەیەک یان پۆستکارتێکی جوانی لێرەوە بۆ بنێرمەوە.
هەروەها ڕۆمیکە(Romeike) بابەتەکەی لیزا ( Liza)ی بۆ ناردم، پێویستە سوپاسنامەیەکی بۆ بنوسمەوە دووبارە، بەڵام دایکی ئازیزم خۆزگە دەتتوانی ببینیت، چۆن جێیان هێشتووە پێش ئەوەی شوێن پێی منی پێ بگات ، ئەوەش پەیوەندی بە سەلیقەی نێوان و من و هاوڕێکانمەوە هەیە. ئەوەی من بزانم  کە زیاتر توشی تێرامانت دەکات. لە هەموان زیاتر سەرسامی هەڵسوکەوتی بەڕیز لورین و ویندهامم(Loraine en de Wyndhams)، بەراستی ناتوانم وشەیەک بدۆزمەوە بۆ پیاهەلدانیان!

 

نامەی سێهەم: 7ی مایۆ 1911 گێرترودبیل بۆ باوکی بەرێز هوگ بیل.
ئامەد 07-05-1911 باوکی ئازیزم
نامە درێژ و چڕوپڕەکەی 16ی ئەپرێڵم بەدەستگەیشت، ئەبێت وەڵامت بۆ بنووسمەوە. سەبارەت بە کۆچی دوایی مامە جۆرج (Uncle George) زۆر زۆر بەداخم ،لەدەستدانی ئەو زۆر سەختە بەتایبەت لە نێوان هاورێکانماندا، ئەمێستا بەترسەوە دەست بۆکردنەوەی نامەکانت دەبەم لەخەمی بیستنی هەواڵ و کارەساتێکی دی.
بەناونیشانی ژمارە 95 نامەیەکم نووسی بۆ چارلی (Charlie)، لەبەر ئەوەی نازانم لە کوێی بیدۆزمەوە. ڕەنگە تۆ بتوانیت ئەوە بگەینیت؟ تەلەگرامەکەی تۆ ئەوەی (Rounton) ئەمڕۆ بەدەستم گەیشت، بەوە زۆر کامەران و دڵخۆش بووم. هەرهەمان رۆژ بە تەلەگرام وەڵامم دایتەوە، تا ئاگاداری پلانەکانم بیت. نامەی هۆزانەوانە یۆنانیەکەت خوێندەوە، ئەوەی دایکم بۆی ناردم؟
لەڕاستیدا ناتوانین بە هیچ شتێک بینرخێنین بێ وێنەو نایابە. بەهەمان نامە بۆت دەگەڕێنمەوە  تکایە لەلای خۆت بۆم بپارێزە.بە بۆچونی من پێویست نیە بە نامە وەڵامی بدەمەوە، زۆر چێژبەخش و دڵخۆشکەر بوو، بە جۆرێک بۆ هەر ڕستەیەکی خەندەیەکە، بڕواناکەم هیچ کات هێندە پێکەنبێتم. تەنها بەدواداچونێک بۆ کۆشکەکانی ناو هۆنراوەکە بکە، گەر لە تواناتا هەبوو، سەبارەت بە کۆشکی (وادیارە هەر ئەوە مەبەستی بووە). دڵخۆش ئەبم بە گەشتێک لەگەڵ  تۆ و دیوک( Duke) بۆ ڕۆما ، ئەگەر دایکم نەیویست بێت. بە بروای من گەشتێکی خۆش دەبێت گەر تۆ پێشەنگ بیت.

نزام بۆ بکە، بۆ ئێستا پێویستمە. بۆچوونەکانی  سپراگلی (Springy's) گرنگ بوون سەبارەت بە کتێبەکەم. پێویستە سوپاسنامەی بۆ بنێرم، مرۆڤ هەست دەکات هەوایەکی جیاواز و لە شوێنێکی جیاواز هەلدەمژێت پاش خوێندنەوەی بۆچونەکانی ڕۆمایکە (Romeike) کەناردبووی بۆم. بە دڵنیاییەوە هاچیتا (Hachette shall) وێنەکانی هەیە. زۆر دڵخۆشم بە چاودێری و دەسەڵاتی میزۆپۆتامیا لە ژێر ڕکێفی میر و شازادە و  بەگەکانیدا  ، بەداخەوەم دڵگرانم سەبارەت بە بێڵ سانسەێل (Bill Lascelles). بەڕاستی دیمەنێکی ناخ هەژێنە، ئای لەو بەدبەختە! لە هەمان کاتیشدا بێزارە لە مۆریس (Maurice) کە دیارە ئاسودە نیە، ئەوانەش کاریگەرن بۆ خاتوو شاتفیڵد(Chatfield!)، بە دڵنیاییەوە گوێبیستی هەمو وردەکاریەکان دەبم لە دایکمەوە، بەلام ئەبێت چاوەرێ بم تا ئەو کاتەی دەگەڕێمەوە. بەو هیوایەی دایکم کەسێکی بەتوانای دەستکەوێت بۆ کارەکەی لە (WG) بێ شک دەیەوێت کارەکانی بە ڕێکی بەرەوپیش بڕوات.
من لە ئێستادا لە دانوستانێکی دژواردام لەگەل ( capel) دەسەڵاتدارانی ئەستەنبوڵ لە پێناو ڕەزامەندی و رووخسەت وەرگرتن بۆ پلانی کردنەوەی کڵێسایەکی کۆن کە لە ئێستادا بە روی بێگانەدا داخراوە. ئێوە شێرەکانتان لە یادە؟  سەرۆک و ڕیبەری سەربازی لە بەغدا، ئێستا تێدەگەن لەو تەنگەژانەی دێنە ڕێگام؟
نامەی پیاوە سەرنجراکێشەکە (شارمەند) خەلیل بەگ (Khalil Beg)م  تێکهەڵکێشی داواکاریەکەم کردووە بەڕیوەبەری مۆزەخانە رێگەی پێدام بۆ نامەکە زیاد بکەم. لە نامەکەدا تکای لە والی کردوە کە رێگا بە پلانەکەم بدات، والی لە وەڵامدا دەڵیت لاریم نیە لەو پلانە  بەڵام ناتوانم بێ ڕەزامەندی شالیاری سەربازی ( Mahmud Shevket Pasha)هیچ گفتێک بدەم . نەک سەبارەت بە من بەڵکو سەبارەت بە کۆشکەکەو هەموو کەسە پەیوەندیدارەکان.  هەربۆیە تەلەگرافێکم بۆ خەلیل  بەگ نارد و داوام لێکرد لە نزیکەوە لەگەل مەحمود شەوکەت پاشا گفتوگۆ بکات و شیبکاتەوە و داوای لیبکات ڕێگام بدات. بەڵکو راستەوخۆ ڕەزامەندی وەرگرم.  هەروەها لەگەڵ ڕەزامەندی والیش.
هەمان داواکاریم بە تەلەگرافێک بۆ هاوڕێی ئازیزم سامی پاشا (Sami Pasha) ناردووە کە لە ئێستادا دەسەڵاتدارە لە ئەستەنبوڵ ئەو ئامۆزای مەحمود شەوکەت پاشایە، بە بڕوای والی بەم شێوەیە ڕەزامەندی ئەدەن ( سەردانێکی کردم  ئەم پاشنیوەرۆیە و زمانی فەرەنسی باش دەزانێت پێم وایە باشترین گفتوگۆبوو)  ئەیبینن، من پلانێکی باشم بۆ مزگەوتە گەورەکە هەیە، هەر ئەمرۆ لە ٥ بەیانی هەتا ١٢ نیوەڕۆ من کارم تێدا کردوە، بە دڵنیاییەوە بەیانیش کاری بۆ ئەکەم.  هەموو لایەک یاریدەدەرن، والی ئەفسەری بۆ پارێزگاریم ناردووە.  هەروەها هەموو مەلاکان هاوکارمن بە تایبەتی لە خوێندنەوەی هەلکۆڵراوی سەردیوارەکان و پێوەری کردنی ژورەکاندا.
بۆ هەرکوییەک ئەچم جگە لە هاریکاریەکی هاوڕییانە هیچی تر نابینم، تاکە ئەوروپی لێرە بالوێزی فەرەنسایە بەرێز تالوسیەر (M. Talausier) کەسێکی بەرێزە هاتە لام کەمێک لەسەر دیوارەکان پیاسەمان کرد، بەیانی بۆ نانی ئێوارە دێتەوە لام. بەگشتی زۆر ئاسودەم بە کارمەندانی باڵوێزخانەکە، لەسەرو هەموویەوە هیچ کات لە ئێستا دڵخۆشتر نەبوم بەو هەمو هاوکاری و ئاسانکاریەی بۆم کراوە، ئاسودەم هەرچەندە دوورم لە ماڵەوە.  باوکی لە هەموکات زیاتر خۆشەویستم، ئازیزت گیرترود بێڵ
زۆر دڵخۆشم بە چاکبونەوەی گیرترود وایت ( Gertrude White)

نامەی چوارەم: 9ی مایۆ ساڵی ١٩١١ ئامەد
لە بێڵەوە بۆ نەزانراو،
سێشەمە ٩ مایۆ، پلانی دروست کردنی مزگەوتەکەم کۆتای هات، کارێکی گەورەو گرنگ بوو بە سەرکەوتوی بەئاکام گەیشت، نزیکەی دوو رۆژی پێچوو، من پێشتر هەرگیز دوو رۆژ لە مەزگەوتا نەژیاوم . یان باشترە بڵیم بەسەر نەبردووە، لەهۆڵەکەم دەڕوانی چۆن لەو چۆڵەوانیەوە کاتێک بانگ دەدات پڕ دەبێت لە نوێژخوێن. شێخ بە بەردەوامی لە خەڵوەتایە و سەیدەکانیش لە ژێر سێبەری دیوارەکەیدان. هەموویان زۆر بەرێز و هاوکارم بوون، بە جۆرێک هیچ وشەیەک نایتوانێ ستایشتی هەلسوکەوتیان بکات، هەستم کرد ئێستا لە هەمو کات زیاتر لە ڕۆژهەلاتێکانەوە نزیکم.

دیوی ناوەوەی مزگەوتەکە پیش نوێژەنکردنەوە مانگی 5ی ساڵی 1911 ئامەد

 

چاوەڕوانی رەزامەندیم بۆ کلێساکە کە لە ئێستادا بۆتە ئەمبار (عەمبار)


بەئەمبار (عەمبار) کردنی کلێساکە لەلایەن کاربەدەستانی ئەو سەردەمەوە  مانگی 5ی ساڵی 1911 ئامەد

دوێنێ سامی پاشا تەلەگرافێکی بۆ ناردم لە ئەستەنبوڵەوە پێڕاگەیاندم  کە گوایە ئاگاداری یاخود فارمانی بە سەرکردە کردووە دیدراێک لەگەڵ من رێکبخات، پێموابێت لەم ڕۆژانەدا بانگهێشتەکەمم  پێدەگات. باڵوێزی فەرەنسا بەریز (M. Talausierدوێنی ئێوارە پێکەوە نانمانخوارد. پیاوێکی سەرنجراکیش و گەریدەیەکی باشە، ئەم ئێوارەیەش من لەگەڵ ئەو نان دەخۆم، بیرم نەچێت، تۆ بڕوابەوە دەکەیت مارمۆن (Marmun) هەمان ئەو کەسەیە کە ڕێکەوتنەکەی نێوان روس و ئەلمانیای (Russo German) کە لە (Evening Times)  بڵاوکردەوە  لەسەر بناغەی دیکۆمێنتەکانی (French F.O)  ئەوە هەر هەمان ئەو پیاوەیە کە پێشنیاری بۆ ماکلۆر (McClure) کرد  نامە لە نێوان (post) و باڵوێزەکاندا بگۆڕنەوە؟ من ئەپرسم دەبێت چی بەسەر ئەو بەڵگانەدا بێت ؟ بێگومان ئەوانە سەرجەمیان بەڵگەی راستینە بوون کە ماکلۆر دەربارەی بەبەڵگەکان بە ئێمەی وت و بەڵینی پێداین، هەرچەندە ماکلۆر پێشمان بڵێت بەڵام جێی مەترسین، ئەمرۆ نامەکانت بۆ پۆست دەکەم . کچی هەمیشە بەسۆزت گێرترود بێڵ.

ئەو کڵێساییەی کە گێرترود بێل ئاماژەی پێدەکات دروستکراوی سەدەی 12 کە دواتر کراوە بە مزگەوت یان لە ئێتسادا مزگەوتە مانگی 5ی 1911 ئامەد

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×