حكومەتی هەرێم: ئەوەی لە پەرلەمان كرا بۆ خۆدەرخستن و نانەوەی پشێوییە
  2021-03-31       521       

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی روداوەكانی نێو دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند "کەسانێک هەن خۆیان بە نوێنەری گەل دەزانن، کەچى دەستەواژەی نەشیاو و دور لە کاری پەرلەمانی و سیاسى بە کاردەهێنن و ڕەفتاری نابەجێ ئەنجام دەدەن."

ئاوێنە: لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا، هاوڕی مەلا ستار، پەرلەمانتاری یەكێتی، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە "مێینە" ناوبردو هەروەها كازم فاروق، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ، پێڵاوەكانی گرتە سەرۆكایەتی پەرلەمان.

لەدانیشتنەكەدا، پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا رێگەنەدرێت بە سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ بەشداری كۆبونەوەكان بكات تاوەكو داوای لێبوردن نەكات.

بەڵام هاوڕێ مەلا ستار، دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوای لێبوردنی کرد و وتی"مەبەستم سوکایەتیکردن نەبووە، بەڵکو مەبەستم مۆدێلەکانە کەوا لە سایەی ئەم حوکمڕانیە دەوڵەمەند بون."

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو روداوانەوە لە راگەیەندراوێكدا وتی"کەسانێک هەن خۆیان بە نوێنەری گەل دەزانن، کەچى دەستەواژەی نەشیاو و دور لە کاری پەرلەمانی و سیاسى بە کاردەهێنن و ڕەفتاری نابەجێ ئەنجام دەدەن وەک ئەوەی بەداخەوە ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بینیمان کە ئامانج لێی تەنیا خۆدەرخستن و دروستکردنى ڕق و نانەوەی پشێوییە."

دەقی راگەیەندراوەكە...

ڕاگەیەندراوێک لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵ و کۆششی تەواو دەدات لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان و زامنکردنی بژێویان  و دەستەبەرکردنی ئارامی و خزمەتکردنی سەرجەم چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان. بەڵام بەداخەوە کەسانێک هەن خۆیان بە نوێنەری گەل دەزانن، کەچى دەستەواژەی نەشیاو و دور لە کاری پەرلەمانی و سیاسى بە کاردەهێنن و ڕەفتاری نابەجێ ئەنجام دەدەن وەک ئەوەی بەداخەوە ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بینیمان کە ئامانج لێی تەنیا خۆدەرخستن و دروستکردنى ڕق و نانەوەی پشێوییە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێزەوە دەڕوانێتە کاری پەرلەمانی و باشترین پەیوەندیشی لە گەڵ دامەزراوە دەستورییەکان و پەرلەمانی کوردستان هەیە. چاوەڕوانى ئەوەشى هەیە پەرلەمانتاران لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکاندا، هەڵسوکەوت بکەن و بەرگری لە مافی هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بکەن.

د.جوتیار عادل
گوتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان
٢٠٢١/٣/٣١

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×