مەسرور بارزانی: لەگەڵ كازمی قسەم كردو داوام لێكرد پابەندبێت بەوەی لەسەری رێككەوتوین
  2021-03-31       517       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەرچەندە هەرێم ئەوەی دەیویست و داوای دەكرد لە یاسای بودجەدا بەدەستی نەهێنا بەڵام یاساكە لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەكانی دەستوردا یەكدەگرێتەوە كە ئێمە لەسەری پێداگربوین، دەشڵێت، لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق قسەم كردو داوام لێكرد كە پابەندبێت بەوەی لەسەری رێككەوتوین و شایستە داراییەكانی هەرێم بنێرێت.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، كەمێك لەمەوبەر لە پەیامێكدا بەبۆنەی پەسەندكردنی بودجەی عێراقەوە، رایگەیاند"ئەم یاسایە لەیەکگەیشتنێکی باش و پێویست بو لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان. هەرچەندە هەرێم ئەوەی کە دەیویست و داوای دەکرد، بە دەستی نەهێنا، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، ئەم یاسای بودجەیە، لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانی دەستوردا یەکدەگرێتەوە کە ئێمە لە سەری پێداگیربوین. ئێمە خۆشحاڵین بەو پێشکەوتنەی بەدەست هاتوە کە ماف و ئەرکی هەر لایەک دیاریکراوە ."

مەسرور بارزانی هیواشی خواستوە "هەمو ماددەکانی یاسای بودجە جێبەجێ بکرێن و حکومەتی فیدراڵ، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. جێبەجێکردنی تەواوی یاسای بودجە، دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی  کێشەو ناکۆکیەکان لەبارەی شایستە داراییەکانەوە لە 2004ەوە تا ئێستا، هەروەها دەبێتە هۆی پەرەپێدانی میکانیزمی نوێی وردبینی لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا. ئەم هەنگاوانەش، متمانەو هەماهەنگيی زیاتر، لە نێوان هەردولا دروست دەکات."

ئاشكراشیكردوە"لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز مستەفا کازمی قسەم کرد و سوپاسم کرد بۆ پشتیوانییەکەی لە یاسای بودجەو داواشم لێکرد کە پابەند بێت بەوەی لە سەری ڕێککەوتوین و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت، جەختم لەوە کردەوە کە بەرژەوەندی عێراق و خەڵکی عێراق لەوەدایە کە پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت."

دەقی پەیامەكە...

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگی فراکسیۆنەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 پەسەندکرد. هیوادارم ئەم یاسایە ببێتە دەستپێکی تێپەڕاندنی دۆخی سەختی دارایی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.

سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئەرک و کۆششی بەردەوامیان کە بە درێژایی چەندین مانگ، لە هەوڵ و کارکردنیان بەردەوام بون. هەروەها سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم بۆ هەوڵ و کۆششەکانیان.

ئەم یاسایە لەیەکگەیشتنێکی باش و پێویست بو لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان. هەرچەندە هەرێم ئەوەی کە دەیویست و داوای دەکرد، بە دەستی نەهێنا، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، ئەم یاسای بودجەیە، لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانی دەستوردا یەکدەگرێتەوە کە ئێمە لە سەری پێداگیربوین. ئێمە خۆشحاڵین بەو پێشکەوتنەی بەدەست هاتوە کە ماف و ئەرکی هەر لایەک دیاریکراوە .

هیوادارم هەمو ماددەکانی یاسای بودجە جێبەجێ بکرێن و حکومەتی فیدراڵ، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. جێبەجێکردنی تەواوی یاسای بودجە، دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی  کێشەو ناکۆکیەکان لەبارەی شایستە داراییەکانەوە لە 2004ەوە تا ئێستا، هەروەها دەبێتە هۆی پەرەپێدانی میکانیزمی نوێی وردبینی لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا. ئەم هەنگاوانەش، متمانەو هەماهەنگيی زیاتر، لە نێوان هەردولا دروست دەکات.

لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز مستەفا کازمی قسەم کرد و سوپاسم کرد بۆ پشتیوانییەکەی لە یاسای بودجەو داواشم لێکرد کە پابەند بێت بەوەی لە سەری ڕێککەوتوین و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت، جەختم لەوە کردەوە کە بەرژەوەندی عێراق و خەڵکی عێراق لەوەدایە کە پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت.

لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کاک قوبادیش قسەم کرد بۆ ئەوەی سوپاسی ئەو و تیمی حکومەتی هەرێم بکەم بۆ ئەنجامدانی ئەرکە گرنگەکەیان .

تێپەڕاندنی یاسای بودجە، ئومێدێکی بۆ باشتربونی پەیوەنديی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گەڕاندەوە، هەرچەندە هێشتا لیستێکی درێژی کێشەو ناکۆکییە هەڵپەسێردراو و چارەسەرنەکراوەکان ماوە.

هیوادارم پەسەندکردنی یاسای بودجە، یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی دڵنیایی زیاتر بە ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ببەخشێت.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021/3/31

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×