٧٧ ڕۆژە ڕۆژنامەنووس’قارەمان شوکری’، لە ماڵەکەی خۆی لە بادینان، لەلایەن هێزێکی پارتیهوه ڕفێندراوە و بێسەروشوێنە.
ئاوێنه: بەرەبەیانی ٢٧-١-٢٠٢١، هێزێکی دەمامکداری ئاسایشی پارتیهوه لە کۆمەڵگەی سیرێ-ی دەڤەری بادینان، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووس’قارەمان شوکری زەینەدین’ و دوای تێکدانی ماڵ و دووکانەکەی، لەگەڵ خۆیان بردیان.
ئەمڕۆ ٧٧ ڕۆژە قارەمان بێسەروشوێنە و خانەوادەکەی چەندین جار سەردانی ئاسایشی شیلادزێیان کردوە، بەڵام هیچ زانیارییەکیان نە لە دۆخی قارەمان و نە لە شوێنی دەستگیرکردنەکەی پێدراوە، ناشزانن هۆکاری دەستگیرکردنەکەی چییە.
قارەمان شکوری زەینەدین، کوڕی ڕۆژنامەنووسی شەهید شوکری زەینەدینـە، تەمەنی ٢٣ ساڵە و دانیشتووی کۆمەڵگەی سیرێ-یە لە سنووری شیلادزێی پارێزگای دهۆکە، پیشەی وێنەگر و ڕۆژنامەنووسی فرییە و خاوەنی خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٠ی ‘وەدات بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەریی”ە.
قارەمان، سەرەرای ئەوەی باوکی تیرۆر کراوە، خۆیشی کە منداڵی گەورەی خانەوادەکەیەتی، بەردەوام لەلایەن هێزەکانی پارتی ڕووبەڕووی هەڕەشە و دەستگیرکردن دەبێتەوە و ئەمە چوارەمین جارە دەستگیر دەکرێت.
ساڵی ڕابردوو، قارەمان ٩٨ ڕۆژ لە زینداندا بوو، دواتر بە کەفالەتی ١٠ ملیۆن دینار ئازاد کرا.