مه‌سرور بارزانى: حکومەتی فیدراڵی 10 مانگە هیچ بەشە مووچەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە
  2021-04-20       749       

مه‌سرور بارزانى ئاشكرایكرد، "حکومەتی فیدراڵی 10 مانگە هیچ بەشە مووچەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە"، ده‌شڵێت:"وه‌ك هه‌رێم پابەندین بەجێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵیه‌وه‌"، داواشیكرد، حکومەتی فیدراڵی پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێم بۆ ناردنی شایستە داراییەکان جێبەجێبکات.

ئاوێنه‌: مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكرایكرد، هەرێمی کوردستان بەجێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵیه‌وه‌ پابه‌نده‌، "داواش لەحکومەتی فیدراڵی ده‌كه‌ین پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بۆ ناردنی شایستە داراییەکان جێبەجێبکات".

به‌وته‌ى بارزانى، ماوه‌ى 10 مانگ دەبێت حکومەتی فیدراڵی هیچ بەشە بودجه‌و مووچەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.

بارزانى هیوای خواست پەسەندکردنی یاسای بودجە، ببێتە دەستپێکێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی تر بەشێوەیەکی بنەڕەتی‌و لەسەر بنەمای دەستوور، بەتایبەتی جێبەجێکردنی ماددەی 140و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە وه‌كو ئه‌و وتویه‌تى:"کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر سەقامگیریی‌و ئاسایش‌و ئارامیی عێراق دەبێت".

ئه‌م قسانه‌ى بارزانى له‌میانى كۆبونه‌وه‌یه‌كیدا هات لەگەڵ کونسوڵ‌و نوێنەری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لەهەرێمی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×