رێواز فایەق: دو رێگا له‌به‌رده‌م د. کازم فاروق-دا هه‌یه‌ بۆ ئەوەی‌ بگەڕێتەوە دانیشتنەکانی‌ په‌رله‌مان
  2021-04-20       2544       
رێواز فایەق، کازم فاروق

ژمارەیەک پەرلەمانتار داوادەکەن سزادانی د. کازم فاروق بخرێتەوە دەنگدانەوەو سەرۆکی‌ پەرلەمانی‌ کوردستان-یش ده‌ڵێت، بۆ ئەوەی‌ سه‌رۆكی‌ فراكسۆنی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ بگەڕێتەوە دانیشتنەکانی‌ په‌رله‌مان دوو رێگا هەیە یان داوای‌ لێبوردن بکات یان بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە.  

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشەممە بۆ جاری‌ سێیەم د. کازم فاروق سەرۆکی‌ فرکسیۆنی‌ نەوەی‌ نوێ رێگری لێکرا بەشداری‌ دانیشتنی‌ پەرلەمان بکات، بەهۆی‌ پێڵاوگرتن لەسەرۆکی‌ پەرلەمان لەدانیشتنی‌ پێشتردا.  

له‌دانیشتنی‌ ئه‌مرۆی‌ په‌رله‌ماندا ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان داوایانكرد كه‌ پەرلەمان بەبڕیاری رێگریکردن لەکازم فاروق بۆدانیشتنەکاندا بچێته‌وه‌.

لای‌ خۆیه‌وه‌ رێواز فایەق، سەرۆکی‌ پەرلەمان لەکۆبونەوەدا وتی‌، "ئامادەنەبونی‌ کازم فاروق لەدانیشتنەکانی‌ پەرلەمان بەبڕیاری‌ پەرلەمانە نەک بەئیرادەی‌ خۆی‌، لەبەرئەوە ئێمە حوکمی‌ غیابی‌ بەسەردا نادەین و بەپێی ئەو ماددەیە مامەڵەی‌ لەگەڵدا ناکرێت".  

بەپێی ماددەی‌ 22 ی‌ پەیڕەوی‌ ناوخۆی‌ پەرلەمان، هەر پەرلەمانتارێک سێ جار لەسەریەک بەبێ هۆکار بەشداری‌ دانیشتنەکان نەکات، رێوشوێن بەرانبەری‌ دەگیرێتەبەر تا ئاستی‌ لێسەندنەوەی‌ متمانە.  

رێواز فایەق وتیشی‌، "ئەو بڕیارە بەدەنگدان کراوە، بۆ ئەوەش کە بگەڕێتەوە دانیشتنەکان دوو رێگا هەیە یان داوای‌ لێبوردن بکات یان بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە".  

 رێواز فایەق رونیکردەوە، هەڵوەشاندنەوەی‌ بڕیار پێویستی‌ بەپێشکەشکردنی‌ داواکاری‌ هەیە، ئەوان لەوە زیاتر ناتوانن هیچ جوڵەیەکی‌ زیاتر بکەن.  

هاوکات سەروان هەرکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەفراکسیۆنی پارتی بەسەرۆکی پەرلەمانی وت، "داوات لێدەکەم لێخۆشبون لەد. کازم بخرێتەوە دەنگدانەوە، چونکە ئه‌و نوێنەری خەڵکە".

ڕۆژی 31ی ئازاری 2021، کازم فاروق پێڵاوی‌ گرتە ڕێواز فایەق، سەرۆکی‌ پەرلەمان دوای‌ ئەوەی‌ سەرۆکی‌ پەرلەمان نەیهێشت قسەکانی‌ تەواو بکات. هەر دوای ئەو ڕوداوە، پەرلەمان بەدەنگی 73 پەرلەمانتار بڕیاریدا بەسزادانی کازم فاروق بەبێبەشکردنی لەبەشداریی دانیشتنەکان تا داوای‌ لێبوردن دەکات.      

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×