سەركردەیەكی رەوتی حیكمە: ماڵی شیعە درزی تێكەوتەوە
  2021-04-25       575       

سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی لە پێكهاتەی شیعە، ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردو، لەم هەڵبژاردنەدا ماڵی شیعە درزی تێکەوتوە، گەر ساختەكاری و دەستوەردان ڕێگەبدات، هەڵبژاردنی ئەمجارە گۆڕانکاری لە عێراقدا دروست دەکات.

ئاوێنە: نەجات حسێن، سەركردە لە رەوتی حیكمەی نیشتمانی، لەمیانی گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند"لە هەڵبژاردنەکانی پێشوتردا، هێندە تەزویرات زۆر بو، 6 مانگ پێش هەڵبژاردن، کاندیدەکان دەیانزانی دەچنە پەرلەمان یاخود ناچن، بەڵام دۆخی ئێستا جیاوازە، سەرۆک وەزیران تازەیەو حیزبەکان لێی ڕازی نین، بەتایبەت حیزبەکان لەهەڵبژاردن دەترسن، لەوە دەترسن پێگە و دەسەڵات لەدەست بدەن، لەکاتێکدا سەرۆک وەزیران دەیەوێ هەڵبژاردن بکرێت."

سەرکردەکەی ڕەوتی حیکمە، ڕەخنەی توندی لە لایەنە دەسەڵاتدارە شیعەکان گرت، ڕونیکردەوە ئەم حیزبانە شکستیان هێناوە و گەنجان لێیان ناڕازین، بەتایبەت ئەوانەی خۆپیشاندان دەکەن تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 20 ساڵدایە، دەسەڵاتی بەعسیان نەبینیوە، چاویان کردوەتەوە بە دیداری تەقینەوەو داعش و قەیرانی دارایی شادبون، چوار ملیۆن خوێندکار لە زانکۆدان و بیریان لای داهاتویانە کە دانامەزرێن، وتیشی"ئەم فشارانە کاریگەری گەورەیان دەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتو، بۆیە حیزبەکان لەهەڵبژاردن دەترسن، دەیانەوێ دوابخرێت تا کەمێک خۆیان دەگرنەوە."

دەربارەی ململانێی نێوان بەرەی سەدرییەکان و بەرەی حەشدی شەعبی و ئەگەری ئاڵۆزکردنی دۆخەکە، نەجات حسێن ئەوەی خستەڕو: لەهەڵبژاردنەکانی پێشودا، لایەنە شیعەکان هاوپەیمان بون، دەیانویست زۆرینە بن و دواتر کێشە ناوخۆییەکان چارەسەر بکەن، تا بواری دەستوەردان بە کوردو سوننە نەدەن، بەڵام ئێستا درزی گەورە لە نێوان لایەنە شیعەکان دروستبوە، هەر لایەنەو خۆی بەگەورەترین کوتلە دەزانێت، دەیەوێت لەگەڵ کوردو سوننە هاوپەیمانی بکات و پۆستی سەرۆک وەزیران ببات.

وتیشی"باشەی درزی نێوماڵی شیعە نەمانی تائیفیەتە، خراپییەکەشی ئەوەیە حکومەت بەئاسانی پێکنایەت، ئینجا هەندێک لایەن بانگەشەی هاتنەوە نێو گۆڕەپانەکە دەکەن، کە 17 ساڵە شکستیان هێناوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×