حیزبێكی رۆژئاوا: گۆڕینی دیمۆگرافی لە عفرین گەیشتۆتە ئاستی پاكتاوی نەژادیی كورد
  2021-04-30       1144       

ئا: ئاوێنە

حیزبێكی رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، لەماوەی سێ ساڵی رابردو توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی بەشێوەیەكی سیستماتیك كاریان لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین كردوەو ئەو كارەش لە ئێستادا گەیشتۆتە ئاستی پاكتاوی نەژادی بەرامبەر بە كورد كە بەر لە داگیركردنی، كورد زۆرینەی دانیشتوانی ئەو شارەی پێكدەهێنا.

حیزبی یەكێتی دیموكراتی كورد لەسوریا ناسراو بە "یەكێتی"، لە كۆتایی ئەم مانگە راپۆرتێكی سەبارەت بە دۆخی عەفرین لەدوای سێ ساڵ لە داگیركردنی لەلایەن توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانیانەوە، بڵاوكردۆتەوە.

لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی بەوەداوە كە لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا عفرین لە ناوچەیەكی تاڕادەیەكی زۆر ئارامەوە گۆڕاوە بۆ ناوچەیەكی نائارام كە ئامانجی دیاری داگیركردنی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكە بوە بەشێوەیەكی سیستماتیكی لەلایەن داگیركەرەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەكە توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی لە چەند رێگەیەوە كاریان كردوە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین كە یەكەمیان لە: گۆڕینی پێكهاتەی دانیشتوانەوەیەو دوەم لەڕێگەی گۆڕینی ناسنامەی ناوچەكەو تایبەتمەندییەكانییەوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە رێژەی پێكهاتەی كورد لە عفرین لە لەسەدا 95ەوە دابەزیوە بۆ كەمتر لە لەسەدا 25، ئەوەش لەڕێگەی كوشتنی هاوڵاتییانی كوردی شارەكە، راگواستنی بەزۆر كە لەژێر گوشاری داگیركارییدا نزیكەی 200 هەزار كەسی عفرین هێشتا لە ئاوارەییدا دەژین و ئەو كوردانەشی كە لەناوچەكە ماونەتەوە روبەڕوی دەستگیركردنی هەڕەمەكی و رفاندن و كوشتن و چەندین جۆری گوشار دەبنەوە.

هەروەك راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەداوە كە زیاتر لە 450 هەزار عەرەب و توركمانی هاوردە لە ناوچەی عفرین نیشتەجێكراون كە لە دەروبەری دیمەشق و حەماو حمس و ئیدلب و رۆژئاوای حەڵەبەوە هێنراون ئەوەش بەپێی رێككەوتنەكانی ئەستانەی نێوان توركیاو روسیاو ئێران كە لەسەر ماڵ و حاڵ و لەچەند كەمپێك كە لەسەر زەوی خەڵكی رەسەنی ناوچەكە دروستكراون نیشتەجێكراون و هەندێكیشییان لە چەند گوندێكی هەڕەمەكیدا نیشتەجێكراون كە لەلایەن هێزەكانی داگیركەرەوە دروستكراون كە بە ئیدارەدانی توركیا و پارەی قەتەرو كوێت دروستكراون.

هەروەك ئەوەشی خستۆتەڕو كە لە رۆژی یەكەمی داگیركردنی عفرینەوە دەستگیراوە بەسەر خانو و موڵكی چەندین هاوڵاتیدا وێڕای دەستبەسەرداگرتنی چەندین دامەزراوەی گشتی و تایبەتداو هەروەها تۆماری خانوبەرەو زەوییە كشتوكاڵییەكان لەناوچەكە نوێكراوەتەوە بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵكی ئەو كەسانەی عفرینیان جێهێشتوەو بەو شێوەیەك پێشێلی لەسەدا 70ی خانوبەرەو لەسەدا 50 موڵكە كشتوكاڵییەكان كردوە.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكە سەبارەت بە گۆڕینی ناسنامەو تایبەتمەندی ناوچەكە، ئاماژەی بە تێكدانی ناوچە شوێنەواری و مێژوییەكان كراوە لە رۆژی یەكەمی هێرشكردنە سەر عفرین ئەوەش لە رێگەی بۆردومانكردنی شوێنەوارە مێژوییەكان و دواتریش تاڵانكردنی شوێنەوارەكان و هەروەها كردنی چەند ناوچەیەكی شوێنەواری بە بنكەی سەربازی توركیا و گۆڕی چەندین كەسایەتی مێژویی هەڵكەندراون.

هەر بەپێی راپۆرتەكە ناوی چەندین گۆڕەپان و گوندەكانی عفرین گۆڕاون بۆ ناوی عەرەبی و توركی و هەورەها توركیاو میلیشیاكانی كاردەكەن بۆ ئەوەی ناوی عفرین بگۆڕن بۆ "غصن الزيتون" كە ناوێكی عەرەبییە ئەوەش لەڕیگەی ناونانی هەندێك لە فەرمانگەو دامەزراوەكان بەو ناوەوە لەوانە (مديرية التربية والتعليم في منطقة غصن الزيتون، غرفة زراعة منطقة غصن الزيتون...)

هەروەها هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پڕۆگرامەكانی خوێندن بە عەرەبین و لە پاڵ ئەوەشدا زمانی توركی سەپێنراوەو بابەتەكانی پەروەردەی ئایین زیاتر كراون، بەبێ ئەوەی زمانی كوردی بخوێنرێت تەنیا لەچەند قوتابخانەیەكی كەمدا نەبێت.

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەدا ئاماژە بە رێگریی لە یادكردنەوەی بۆنە نەتەوەییەكانی كورد كراوە. 

هەروەك ئاماژە بەوەشدراوە كە كوردە ئێزیدییەكان روبەڕوی دو جۆر پاكتاو بونەتەوە ئەوەش سەیركردنیان وەك "كافر" و چۆڵكردنی گوندەكانیان و رێگریكردن لە ئەنجامدانی رێوڕەسمە ئایینییەكانیان و تێكدانی پەرستگاو گۆڕستانەكانیان و وتوشیەتی، كوردانی ئێزیدی لە عەفرین لە 20 گونددا دەژیان بەڵام لە ئێستادا تەنیا نزیكەی پێنج هەزار ئێزیدی لە كۆی 25 هەزاریان لە ناوچەكە ماون ئەوەش بەهۆی راگواستن و ئاوارەبونیان.

هەروەك بەشێكی دیكەی راپۆرتەكە ئاماژەی داوە بە زیانگەیاندنی داگیركەران لە درەختی زەیتون كە ناوچەكەی پێ دەناسرێتەوەو كە هەزار درەختی زەیتون بڕاونەتەوەو سوتێنراون.

راپۆرتەكە ئەوەشی خستۆتەڕو كە ژنانی عفرین لەدوای داگیركردنییەوە ئازادییان كەمتربۆتەوەو روبەڕوی چەندین گوشارو دەستدرێژی بونەتەوەو عەرەب و توركمانە هاوردەكراوەكان داوایان كردوە قوتابخانە تێكەڵاوەكان نەهێڵرین و قوتابخانەی هەردو رەگەز جیابكرێنەوە.

راپۆرتەكە هەمو ئەوەی لە عفرین رویداوەو رودەدات خستۆتە ئەستۆی داگیركەری توركیا كە پێشێلی پەیماننامەو یاسا نێودەوڵەتییەكانی كردوە لە داگیركردنی ناوچەكەو مامەڵەی لەگەڵ خەڵكی رەسەنی عفریندا كە بەشێوەیەكی سیاسەتەكانی گۆڕینی دیمۆگرافی لەو ناوچەیە بەرزبۆتەوە بۆ ئاستی پاكتاوی نەژادیی كورد.

لەكۆتایی راپۆرتەكەدا داوا لە لیژنەی لێكۆڵینەی نێودەوڵەتی تایبەت بە سوریاو رێكخراوەكانی دیكەی نەتەوە یەكگرتوەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كراوە كە بەپەلە بجوڵێن بۆ گوشار خستنە سەر توركیا لە پێناو دانانی سنورێك بۆ پێشێلكاری و تاوانەكانی ئەو وڵاتە لە ناوچەكەو كۆتاییهێنان بە داگیركاری و بونی میلیشیا توندڕەوەكانی هاوپەیمانی توركیا لە عفرین.


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×