جۆرج حەبەش دەربارەی جەلال تاڵەبانی‌و یاسر عەرەفات چی دەڵێت؟
  2019-05-01       4255       

ئا: ئاوێنە


"شۆڕشگێڕان هەرگیز نامرن"، ناونیشانی کتێبێکە کە جۆرج حەبەشی سەركردەی ناوداری فەلەستینی تیایدا بیرەوەرییەکانی بۆ رۆژنامەنوسی فەرەنسی "جۆرج مالبرینۆ" دەگێڕێتەوە، حەبەش دەڵێت "جەلال تاڵەبانی لەشەستەكانی سەدەی رابردوەوە یەكێك بو لەهاوڕێكانم".


جۆرج حەبەش سەركردەی بەرەی گەلی ئازادیخوازی فەلەستینی (جبهە الشعبیە)، بەیەكێك لەناودارترین سەركردە چەپەكانی نیوەی دوەمی سەدەی بیستەمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، كە شێلگیرانە لەپێناو بەدیهێنانی مافی فەلەستینیەكاندا كۆششی كردوە، لەو رێگەیەشدا زیندان‌و راوەدونان‌و ئاوارەیی ئەزمون كردوە.

حەبەش لەگێڕانەوەی بیرەوەرییەكانیدا بۆ "جۆرج مالبرینۆ" كە لەدوتوێی كتێبێكی 233 لاپەڕەیی قەوارە گەورەدا چاپكراوە، باس لەوە دەكات ساڵی 1925 لەباوەشی خێزانێكی مەسیحی رۆمی ئەرسۆزكس لەشاری لەد چاوی بەدنیا هەڵهێناوە، ئەو دەڵێت "لەمنداڵیدا بەشداری لەكۆرسیی كەنیسەدا كردوە بۆ وتنی سرودی ئایینی، دواتریش هەمیشە هەستم کردوە کە لەیەککاتدا دەتوانم مارکسییەکی شۆڕشگێڕو مەسیحییەکی ئیماندار بم، بێ ئەوەی هیچ ناکۆکییەک لەنێواندا ببینم".

لەهەڕەتی هەرزەكاریشیەوە كاتێك قەلەستینیەكان لەدژی هێزەكانی بەریتانیا‌و زایۆنییەكان خەباتیان كردوە، حەبەش دڵی بۆ سیاسەت لێیداوە، ئەو دەمەی لە1944دا بۆ خوێندن لەکۆلیژی پزیشكیی رودەكاتە زانكۆی ئەمەریكی لەبەیروت تێكەڵ بەكاری سیاسی دەبێ‌‌و راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل‌و ئاوارەبونی خێزانەكەی لەساڵی 1948دا كە بەزۆرەمڵێ‌و لەژێر هەڕەشەی چەكدا لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لەسەر ماڵ‌و حاڵی خۆیان دەردەكرێن، رقی حەبەش بەرامبەر بەئیسرائیل ئەستورتر دەكات.

ساڵانی 1951 و 1952 چالاكانە بەشداری لەدامەزراندنی بزاڤی نەتەوەییەكانی عەرەب "حەرەكەی قەومی عەرەب" دەكات. ساڵی 1967 پاش شەڕی شەش رۆژەی نێوان وڵاتانی عەرەبی‌و ئیسرائیل، بزاڤی نەتەوەییەكانی عەرەب هەڵدەوەشێتەوەو جۆرج حەبەش‌و هاوڕێكانی كە دیارترینیان وەدیع حەداد‌و نایف حەواتمە دەبن بەرەی گەلی ئازادیخوازی فەلەستینی دادەمەزرێنن‌و خەباتی چەكداری لەدژی ئیسرائیل دەستپێدەكەن.

حەبەش دەڵێت "نەبوم بەبەعسی یان شیوعی، لەبەرئەوەی ناكۆكیم لەگەڵ بەعسیەكانی عەرەب ئەوەبو كە رزگاركردنی فەلەستین ئەولەویەت نەبو لەلایان، ناكۆكیشم لەگەڵ شیوعییەكان ئەوە بو پشتگیرییان لەدو دەوڵەتیی ئیسرائیل‌و فەلەستینی دەكرد".

پاش ئەیلولی رەشی 1970، كە سوپای ئەردەن گەریلا فەلەستینیەكان ناچار بە بەجێهێشتنی ئەردەن دەكەن، حەبەش وەك هەمو سەركردەكانی دیكەی فەلەستینی رودەكاتە لوبنان‌و بەشێك لەچالاكییەكان دەبێتە رفاندنی فڕۆكە مەدەنیەكانی بەریتانیا‌و ئەمەریكاو فەرەنسا‌و ئیسرائیل، لەڕێگەی كەسانی وەك "كارلوس"ەوە.

حەبەش لەبەشێكی ئەم كتێبەدا کە ساڵێک پاش کۆچی دوایی لە٢٠٠٩دا چاپکراوە، باس لەبەشداری فەلەستینیەكان لەجەنگی ناوخۆی لوبناندا دەكات كە ساڵی 1975 هەڵگیرسا، دواتریش باس لەشۆكی داگیركردنی بەیروت لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەكات لەساڵی 1982دا، كە ئەم هێرشەی ئیسرائیل هێزە فەلەستینیەكانی ناچار بە بەجێهێشتنی لوبنان كرد، ئەوكات حەبەش رودەكاتە سوریا‌و یاسر عەرەفاتیش لەتونس دەگیرسێتەوە.

جۆرج حەبەش لەم بیرەوەرییانەدا ئاماژە بەوە دەكات كە لەساڵی 1977ەوە پەیوەندی لەگەڵ رژێمی عێراق لاواز بوە بەهۆی نەچونە ناو بەرەی "رەفز"ی عەرەبیەوە پاش ئەوەی ئەنوەر سادات سەردانی ئیسرائیلی كرد لەساڵی 1977دا. بەڵام لەساڵی لە1991ەوە پاش داگیركردنی كوەیت لەلایەن عێراق‌و گەلەكۆمەكی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بەرامبەر بەعێراق، پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەدام گەرم‌و گوڕیی بەخۆیەوە بینیوە، كە هەر هەمان ساڵ سەردانی عێراق دەكا‌و چاوی بەسەدام حسێن دەكەوێ‌‌و پشتگیری خۆی‌و بەرەی گەلی فەلەستینی لەدژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێرادەگەیەنێت.

حەبەش دەڵێت "سەدام خسێن لەو پیاوانە بو مەحاڵ بو بزانی بیر لەچی دەكاتەوە".

دەشڵێت "تاریق عەزیز هاوڕێیەكی نزیكم بو، لەڕێگەی ئەمەوە پەیوەندیم لەگەڵ سەدام پتەو كردبو".

جۆرج حەبەش دەربارەی عێراقی پاش روخانی سەدام حسێن دەڵێت "پێویستە عێراق لەلایەن حكومەتێكی دیموكراتییەوە بەڕێوەببرێت بۆ ئەوەی سنورێك بۆ ئەو ناكۆكیانە دابنرێت لەنێوان پێكهاتەكانی هاتوەتە ئاراوە".

سەبارەت بەمافی كوردیش دەڵێت "لەگەڵ پێدانی جۆرێك لەئۆتۆنۆمیم بەكورد، بەڵام ناكرێ‌ داخوازیەكانی كورد بگاتە ئاستی سەربەخۆیی‌و پێویستە عێراق بەیەكگرتوی بمێنێتەوە".

هەر لەم چوارچێوەیەشدا حەبەش باس لەپەیوەندی نێوان خۆی‌و تاڵەبانی دەكات‌و دەڵێت "بەمدواییە رەخنەم لەیەكێك لەهاوڕێ‌ دێرینەكانم گرت كە جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراقە، بەهۆی پەیوەندی توندوتۆڵییەوە لەگەڵ ئەمەریكییەكان. ئەو هەر كات باسی كێشەی كورد دەكات بەجۆرێك لەجۆرەكان باس‌و خواسی دەوڵەتی كوردی دەهێنێتە ئاراوە لەبری ئەوەی دەربارەی ئۆتۆنۆمی قسە بكات، كە ئەمە دابەشبونی عێراقی لێدەكەوێتەوە. جەلال تاڵەبانی لەشەستەكانی سەدەی رابردوەوە یەكێك بوە لەهاوڕێكانم، ئەو كاتەی شان بەشانی قەومییەكانی عەرەب تێدەكۆشا. ساڵی 1968ش نامەیەكی دڵنەوایی ئاڕاستەی هاوسەرەكەم كرد كاتێك من لەزینداندا بوم لەسوریا. تاڵەبانی‌و هاوسەرەكەی زۆرجار سەردانی لیبیایان دەكرد لەیادەوەری حەژنی نیشتمانی ئەو وڵاتەدا‌و زۆربەی كاتیش یەكترمان دەبینی، ئەوكاتە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ لیبیەكان هەبو. بەڵام ئەمڕۆ چیتر جەلال تاڵەبانی هاوڕێم نییە، بەڵكو هاوڕێی ئەمەریكیەكانە".

حەبەش كە لەگێڕانەوەی ئەم بیروەرییانەدا خۆشەویستی بێ‌ ئەندازەی خۆی بەرامبەر بەهیلدای هاوسەرو دو كچەكەی مەیساو لما دەردەبڕێت، دەربارەی حەماس، ئیخوان‌و دیموكراسی، وەدیع حەداد‌و نایف حەواتمە، كارلوس، مەحمود عەباس، ئەبو جیهاد‌و ئەبو ئەیاد، كەمال جانبولاد‌و ئەحمەد بن بلەو حافز ئەسەدو كاسترۆ‌و چەندین سەركردەی دیكە دەدوێ‌، بەڵام سەرنجڕاكێشترین خاڵی ئەم بیرەوەریانە تێبینی‌و سەرنجەكانیەتی سەبارەت بەسەركردەی ناوداری فەلەستینی یاسر عەرەفات.

حەبەش دەڵێت "عەرەفات زۆربەی كات خەریكی كڕینی سەركردەكانی دەوروبەری‌و خەڵكی بو بەپارە، بەپارەو رەخساندنی هەلی کارو پۆست بۆ دۆزینەوەو پەیداكردنی ناوو ناوبانگ بۆیان فریوی ئەدان، عەرەفات رێگەی بەكەس نەئەدا لەناو رێكخراوی ئازادیبەخشی فەلەستینیدا ركەبەریی بكات".

دەشڵێت "عەرەفات پابەند نەبو بەهیچ بیر‌و باوەڕ‌و پرەنسیپێكەوە، لەیەككاتدا بەتەنگ دروستكردنی پەیوەندییەوە بوە لەگەڵ چەندین لایەنی دژ بەیەك‌و ناكۆكدا، تەنانەت لەناو فەلەستینەیەكاندا نوكتەیەكی لەسەر هەیە كە دەڵێ‌: ئەبو عەمار لەكاتی بەرد گرتنە شەیتاندا لەحەج، بەگوێی هاوڕێیەكیدا چرباندوە پێویستە بەرد نەگرینە شەیتان نەوەكو رۆژێك پێویستمان پێبێ‌‌و ئیشمان تێی كەوێت".

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×