نرخی فرۆشتنی هەر کاندیدێک بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، 50 دەفتەر دۆلاره‌
  2021-05-24       587       

٥٠ گورزە بە زمانی عێراقییەکان کە یەکسانە بە ٥٠٠ هەزار دۆلار (نیو ملیۆن دۆلار) نرخی فرۆشتنی هەر کاندیدێکە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، کە بڕیارە لە ١٠ تشرینی یەکەمی داهاتودا بەڕێوەبچێت.

ئاوێنه‌: ئاژانسی هەواڵی سپۆتنکی ڕوسیا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری عێراقەوە بڵاویکردەوە، ٨ کاندید تا ئیستا لە قەزای هیت لە خۆرئاوای ئەنبار ، کشانەوەی خۆیان ڕاگەیاندووە لە خۆ کاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، لە بەرامبەر ٥٠٠ هەزار دۆلار بۆ هەریەکەیان.

بە گوتەی سەرچاوەکە، هەندێکیش کشاونەتەوە لە بەرامبەر بەڵێن پێدان بە وەرگرتنی پۆستی باڵا لە لایەن کاندیدە جێگرەوەکان، کە خاوەنی جەماوەرێکی زۆرن لەو ناوچانە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، یەکێک لەوانە کە گفتوگۆی لەگەڵ کراوە بۆ کڕینی و دانانی کەسێکی دیکە لە جێگەکەی، پێشتر ئەندامی ئەنجومەنێکی ناوخۆیی بووە و تۆمەتبارە بە گەندەڵی، لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکەش لە لایەن داعشەوە هەڵاتووە و ناوچەکەی جێهێشتووە.

لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨دا رێژەیەکی نزم بەشداریان تیا کرد، هاوکات کۆگای هەڵگرتنی سندوقەکانی دەنگدانیش لەبەغدا ڕووبەڕووی سوتان بۆوە، بۆیە لەئیستادا خەڵێکی زۆر دوودڵن لەوەی بەشداری هەڵبژاردنی ئەمساڵ بکەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×