جێنین هێنس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێكری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە
عێراق لەبارەی دەستگیركردنی فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی و نمایشی سەربازیی حەشد لەبەغدا،
رایگەیاند، دەبێت هەر حاڵەتێكی دەستگیركردن بە رێچكەی خۆیدا بڕوات و نابێت هیچ
كەسێك پەنابەرێتە بەر نمایشی هێز بۆ گەیشتن بە خواستەكانی.
ئاوێنە: جێنین هێنس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێكری گشتی نەتەوە
یەكگرتوەكان لە عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە تویتێكدا وتی"هەر حاڵەتێكی
دەستگیركردن دەبێت بەڕێچکەی خۆیدا بڕوات، هەر وەک چۆن بۆ عێراقییەك وایە."
وتیشی"بە دڵنیاییەوە نابێت هیچ کەسێک پەنا بباتە بەر نمایشکردنی هێز بۆ
گەیشتن بە خواستەكانی."
نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لەعێراق جەختیشی
كردەوە"ئەم جۆرە رەفتارانە دەوڵەتی عێراق لاواز دەكەن و لاوازبونی متمانەی
خەڵكس زیاتر دەكەن. پێویستە لە هەمو كاتێكدا رێز لە دامودەزگاکانی دەوڵەت بگیرێت.
کەس لە سەروی یاساوە نییە."
ئەوەش دوای ئەوە دێت كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی
حەشدی شەعبی لە ئەنبار بەپێی ماددەی 4ی تیرۆر لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركرا.
دەستگیركردنی ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی كاردانەوەی بەشێك لە هێزە شیعییەكانی
لێكەوتەوەو ژمارەیەك لە چەكدارانی حەشدی شەعبی لە بەغدا ئەمشەو چونە سەر شەقامەكان
و ناوچەی سەوز.
بەپێی میدیاكانی عێراق ئەمشەو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی
دۆخەكەوە لەگەڵ بەشێك لە سەركردە شیعەكان كۆبۆتەوەو دوابەدوای ئەوە چەكدارو لایەنگرانی
حەشدی شەعبی لە ناوچەی سەوز كشانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی میدیاكانی نزیك لە حەشدی شەعبی
بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی ئازادكراوە.
هەر ئەمشەو، مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا
وتی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێزێكی ئەمنی تایبەت بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان
و فەرمانی یاسایی دەستگیركردنی دژی تۆمەتبارێك بەپێی ماددەی 4ی تیرۆرو لەسەر ئەو
سكاڵایانەی لەدژی هەبون جێبەجێكردوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە كە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە
هاوبەشەكان، هەواڵگری ناوخۆ، هەواڵگری سەربازی و ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی حەشدی
شەعبی پێكهێنرا بۆ لێكۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی و ئەو كەسەش لای فەرماندەی
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دەهێڵرێتەوە تا كۆتاییهاتنی لێكۆڵینەوەكان.
كازمی ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەو دیاردەو نمایشە چەكدارییانەی كە لەلایەن هەندێك
گروپی چەكدارییەوە ئەنجامدراون و پێشێلی مەترسیداری دەستوری عێراق و یاسا بەركارەكانن
و فەرمانكردوە لێكۆڵینەوەی دەستبەجێ لەبارەی ئەو جوڵانەوە بكرێت.
دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستگیركردنی ئەو فەرماندەیە، ئاژانسی فرانس پرێس
لەزاری سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنییەوە، وتبوی، دەستگیركردنی قاسم موسڵیح بە تۆمەتی
كوشتنی چالاكوانانە.
بەڵام دواتر ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری دو سەرچاوەی ئەمنییەوە رایگەیاندبو،
قاسم موسڵیح لە بەغدا بە تۆمەتی تێوەگلانی لە چەند هێرشێك لەوانەش هێرشەكانی ئەم
دواییە بۆ سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، دەستگیركراوە كە ئەو
بنكەیە هێزەكانی ئەمریكاو چەند هێزێكی دیكەی نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت.
لانیكەم لەم مانگەدا دو جار بە موشەك هێرشكراوەتە سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد
لە پارێزگای ئەنبار.