بەشیر حەداد: لەسەر بڕینەوەی دارستانەکان لەلایەن سوپای تورکیاوە لیژنەیەک پێکهێنراوە
  2021-06-03       498       
جێگری سەرۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگەیاند، لیژنەیەک پێکهێنراوە لەسەر بڕینەوەی دارستانەکان لەلایەن سوپای تورکیاوە.

ئاوێنە: بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند: لیژنەیەکی هاوبەشی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و کوردستان سەردانی ناوچە سنوورییەکان دەکات.

جێگری سەرۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ ئێن ئاڕتی دەشڵێت، لیژنەکە بەشێوەیەکی مەیدانی دەچێتە ئەو شوێنانەی، کە باس لە بڕینەوەی دارستانەکانیان دەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێکە لەلایەن سوپای تورکیاوە بەشێک لە دارستانەکانی ناوچە سنوورییەکان لە بادینان سوتاون و دارەکان گوازراونەتەوە بۆ تورکیا، ئەم کارەش ناڕەزایی ناوخۆیی لێکەوتووەتەوە.

لەسەر ئەوەش، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتی، نیگەرانی و ناڕەزایی بەرامبەر داربڕین و زیانگەیاندن بە سروشتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕن و بە فەرمیش حکومەتی تورکیایان ئاگادارکردووەتەوە کە کۆتایی بە داربڕین لە ناوچە سنوورییەکان بهێنن.

وتەبێژی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکردبوو، بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی ناوچە سنوورییەکان، بووەتە هۆی هاتنی هێزەکانی تورکیا و دروستبوونی شەڕ و پێکدادانی نێوان هەردوولا.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×