وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا
بە هەوڵدان بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبینین. دەشڵێت، بونی هێزی
پەكەكە "بیانویەکی گەورە دەداتە لەشکرکێشیی سوپای تورکیا". جەختیشدەكاتەوە كە "ئێمە بە هیچ شێوەیەک نابینە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕی کورد و
کورد."
ئاوێنە: جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، لەمیانی
بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی كەناڵی روداودا لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا حکومەتی
هەرێم بەرچاوی رونە، تورکیا ئامانجی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پەکەکە لە نێو خاکی هەرێمی
کوردستاندا چییە، جوتیار عادل وتی"بونی ئەم هێزە [پەکەکە] بیانویەکی گەورە بە
لەشکرکێشیی سوپای تورکیا دەدات."
سەبارەت بە پێگەی هەرێمی کوردستانیش لەو ململانێیەدا وتی"بە هیچ شێوەیەک
هەرێمی کوردستان نابێت بە لایەنێک لە شەڕو ململانێیەک لەم چوارچێوەیەدا، کە ئامانجی
سەرەکی، لە روانگەی ئێمەوە بۆ لاوازکردنی ئەم قەوارەیەیە [هەرێمی کوردستان] کە بەداخەوە
هێزی پەکەکە ئەم بیانوە دەداتە لایەنەکانی دیکە".
بە قسەی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان "هێزی
پەکەکە نەمێنێت هیچ بیانویەک نامێنێت بۆ سوپای تورکیا بیر لەوە بکاتەوە بنکەی سەربازیی
لەنێو هەرێمی کوردستان دابنێت."
لەبارەی ئەگەری دروستبونی شەڕ لەنێوان نێوان
پێشمەرگەو پەكەكەدا، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی
کوردستان وتی"ئێمە نابینە بەشێک لە هیچ شەڕێک و ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ سیاسەتی
ئەوە نین کە خودانەخواستە ببینە هۆکاری هەڵگیرساندنی شەڕی کوردو کورد."