عەقید بەختیار محەمەد: لە ئێستادا زیاتر لە 50 ملیار دینار لە ئەژماری نەخۆشخانەی هیوادا هەیە
  2021-06-19       1233       

عەقیدی ھاتوچۆ  بەختیار محەمەد، لە نامەیەكی كراوەدا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات كە تاكو ئێستاش مانگانە لە داهاتی هاتوچۆی سلێمانی زیاتر لە یەك ملیار دینار دەچێتە سەر ئەژماری نەخۆشخانەی هیواو لە ئێستادا زیاتر لە پەنجا ملیار دینار لە ئەژماری نەخۆشخانەكەدا بونی هەیە. ئەو داوا دەكات سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە ئەركی خۆی هەڵسێت بۆ چارەسەركردنی ریشەیی ئەو كێشەیەی كە كراوەتە "هەڵایەكی ئیعلامی."

ئاوێنە: عەقیدی ھاتوچۆ  بەختیار محەمەد لە نامە كراوەكەیدا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان وتویەتی"بەرێزان لاتان ئاشکرایە کە لەئێستادا دۆخی نەخۆشخانەی ھیوا لەوپەڕی خراپیدایە، تا کار گەیشتۆتە ئەوەی پیتاک و خێر سەدەقەو کەمپینی بۆ رێک و کۆبکرێتەوە."

ئاشكراشیكردوە "بەندە وەک نەخۆشێکی شێرپەنجەو قەرزدارباری ئەو نەخۆشخانەیە، لەھەمان کاتدا ئەفسەرێکی ھاتوچۆم و بەئاگام لەوەی کە مانگانە و تاکو ئێستاش لەداھاتی ھاتوچۆی سلێمانی سەروی ملیار دینار دەچێتە سەرئەژماری  نەخۆشخانەی ھیواو ھەر لەئێستاشدا زیاتر لە پەنجا ملیار دینار لە ئەژماریدا بونی ھەیە."

وتوشیەتی"ئەگەر بەرێزتان بە ئەرک و رۆڵی خۆتان ھەستن ھیچ پێویست بەو ھەڵا ئیعلامییە ناکات کە دەکرێت بەناوی ھیوا  و خێر و سەدەقەی کەسی ناوێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بەرێز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2012 برگەی 9 لە  سەدا 5ی داھاتی ھاتوچۆی تەرخان کردوە بۆ ھاوکاری سندوقی شێرپەنجەو لیژنەیەکی دیاری کردوە بۆ خەرجکردنی ئەو پارەیە بۆ نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە لەپارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان. بەڵام نازانم ھۆکار چییە لیژنەی ناوبراو بۆچی بەم کارە هەڵناسن؟"

سەبارەت بە چارەسەر ئەو ئەفسەرەی هاتو وتویەتی"بەرێزتان ئەرکتانە لەئێستاداو بەپەلە ھەستن بە کاراکردنی ئەم کەیسەو لیژنەیەك دەستنیشان و دیاری بکەن بۆ ھەر پارێزگایەک بەجیا و بەمەرجێک دەسەڵاتی خەرجی ئەو ئەژمێرانەیان ھەبێت و باش وایە بەسەرۆکایەتی و ئەندامێتی پارێزگارەکان و بەڕێوەبەرانی گشتی تەندروستی پارێزگاکان و بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەکانی شێرپەنجەکان پێکبھێنرێت."

عەقیدی ھاتوچۆ  بەختیار محەمەد وتوشیەتی"من دڵنیام بەرێزتان وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان دەتوانن و دەسەڵاتتان ھەیە ئەم کێشەیە چارەسەرێکی ریشەیی و کۆتایی پێبھێنن."

لەكۆتایی نامەكەشیدا وتویەتی"ئێوە بەرپرسیارن بەرامەبەر بەخودا و گەل و مێژو، بۆیە دوا تکام لێتانە بێنە سەر خەت و بەشداربن لە کەمکردنی ئازارو کۆژانی نەخۆشانێک کە تەنھا خوا ئاگادارە لەحاڵ و گوزەرانیان."

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×