دوران کاڵکان: پەکەکە ویستی مەسعود بارزانی بکات بەسەرۆکی نەتەوەیی، بەڵام خۆی کشایەوە
  2021-06-22       2078       
دوران کاڵکان

دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پەکەکە ڕایگەیاند، "ئێمە لەگەڵ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ٤٠ ساڵ لەمەوبەر ڕێککەوتنێکمان کرد، واژۆی ڕێبەر ئۆجالان‌و مەسعود بارزانیی لەسەرە، ١٩٩٦ـیش ڕێککەوتنێکمان واژۆکرد، ویستمان مەسعود بارزانی بکەین بەسەرۆکی نەتەوەیی، بەڵام خۆی کشایەوە."

ئاوێنه‌: دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە، بەشداری بەرنامەی تایبەتی تەلەفزیۆنی ‘مەدیا هابەر‌ بوو و لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ قسەیکرد، کە بەشێکی تایبەت بوو بە پەیوەندییە مێژووییەکان و ڕێککەوتنەکانی نێوان پەکەکە و پەدەکە.

کاڵکان سەبارەت بە قسەکانی بەرپرسانی پەدەکە دەربارەی گەریلا وتی: بەشێوەیەک قسە دەکەن وەک ئەوەی گەریلا تازە هاتبێتە هەفتانین، یان پەکەکە تازە دامەزرابێت، یان ئەوەی پارتی‌‌و پەکەکە هیچ پەیوەندییەکیان نەبووبێت، یان هیچ کارێکیان پێکەوە نەکردووە، وەک ئەوەی تازە بەئاگاهاتبێتنەوە و دەڵێن چ کارێکی پەکەکە لێرە هەیە؟ ئێمە لەگەڵ ئەم پەدەکەیە ٤٠ ساڵ لەمەوبەر ڕێککەوتنمان واژۆ کردووە، واژۆی ڕێبەر ئاپۆ و مەسعود بارزانیی لەسەرە، ساڵی ١٩٨٢ـدا، کاتێک واژۆکرا، لەژێری نەنووسرابوو ‘پارتی کرێکارانی باکووری کوردستان‌، ئەم ڕێککەوتنە لەگەڵ پەدەکە بەناوی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە واژۆکرا، ئەمە زۆر ڕوونە.

بۆ شەڕی ئازادیی کوردستان هاتین
کاڵکان ئاماژە بەوەدەکات کە لەگەڵ ئازاد بەرواری هاتووەتە باشووری کوردستان و دەڵێت: لەناو بەڕێوبەریی پەکەکەدا بووم، ئازاد بەروارییش ئەندامی مەکتەب سیاسیی پەدەکە بوو، کاتێک هاتین لە گوندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ هەڤاڵ قەرەسونگوڕ، دووجار لەگەڵ مەسعود و ئیدریس بارزانیی وەک سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەدەکە کۆبووینەوە، ئەو کاتە تەنیا من نەبووم، بە سەدان کەس لە ئێمە هاتنە باشووری کوردستان، ئەمە بڕیاری کۆنگرەی دووەممان بوو، بۆ گەڕان نەهاتبووین، بۆ شەڕی ئازادیی کوردستان هاتین.

گەریلا و پیشمەرگە پێکەوە بارەگای سەدامیان لەناوبرد
کاڵکان بەبیریهێنایەوە کە لە چیاکاندا، لە خواکورک تا هەفتانین شوێنی دەیان هەزار شەهیدیان هەیە و وتی: هاتین ژیانمان کرد، شەڕمان کرد، ٤٠ ساڵە شەڕ دەکەین، بە شێوازێک قسەدەکەن، کە گوایە ئەم ڕێکخستنە ناناسن، با زیاتر باستان بۆ بکەم؛ ساڵی ١٩٨٠ ئەوەی یەکەم کامپی لە هەفتانین دروست کرد، هەڤاڵ عەگید بوو، ئەوەی بووە هۆی لەناوبردنی بارەگاکانی سەدام لە هەفتانین و دەوروبەریدا، شەڕی هاوبەشی  گەریلاکانی پەکەکە و پێشمەرگەکانی پەدەکە بوو، ساڵی ١٩٨٣ فەرماندەی گەریلا هەڤاڵ عەگید بوو، مولازم عەلی‌ـش فەرماندەی پێشمەرگەکانی پەدەکە بوو، ئەگەر لە ژیاندا مابێت با باسی ڕاستییەکان بکات، هەفتانین بەمشێوەیە ڕزگارکرا.

پەدەکە لەسایەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە لە لەناوچوون ڕزگاری بوو
دووران کاڵکان بە ئاماژەدان بەوەی، کە پەدەکە لە سایەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە لە ئەنجامەکانی تێکچوونی خۆی لە ١٩٧٥ ڕزگاری بوو، وتی: لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییانەدا دووبارە بوو بە بزوتنەوەیەک کە تێبکۆشێت، ئەم پەیوەندییانە قازانجێکی زۆری بۆ پەدەکە هەبوو، دەبێت ئەمە بزانرێت و ببینرێت، چونکە ئێستا وەک ئەوەی هیچ پەیوەندییەکمان نەبووبێت نیشاندەدرێت، لە کاتێکدا لە ساڵی ١٩٨٠ـدا سوودیان لە پەیوەندییەکاندا بینی، بەڵام لە ٩٠ـەکاندا شەڕ ڕوویدا و سەرکەوتوو نەبوون.

پەکەکە ویستی تۆ بکات بەسەرۆکی نەتەوەیی
دوران کاڵکان لە بەردەوامیی قسەکانیدا دەڵیت: دوای ساڵی ٢٠٠٠ پەیوەندییەکان باش بوو و پێشکەوتن دروست بوو، خەباتی کۆنگرەی نەتەوەیی پێکدەهات، ڕێبەر ئاپۆ و بزوتنەوەی ئێمە پێشنیاری کرد کە مەسعود بارزانی و لەیلا زانا پێکەوە ببنە هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەیی، دەڵێن پەکەکە دانمان پێنانێت، دەی پەکەکە ویستی تۆ بکات بە سەرۆکی نەتەوەیی، بەڵام خۆتان پاشەکشەتان کرد، نەک ئەوەی ئەمە نەزانن، ئەمە لەپێش چاوی هەمووان دایە، ئەگەر میدیاکار بوومایە ئەمانەم پیشاندەدا، لە پاڵ مەسعود و نچیرڤان بارزانی، هەڤاڵ ڕۆناهی دانیشتووە، چۆن لەگەڵ پەکەکەییەکان دانیشتوون، ناتوانن بڵێن ئەمە ڕووینەداوە، ئێستا چۆن بوو؟ دەمەوێت ئەمە بڵێم، بێگومان لەدژی ئەمە وەستانەوە، ئابی ١٩٨٥ ڕێککەوتنەکەیان تێکدا و لەگەڵ دەوڵەتی تورک ڕێککەوتنیان کرد و دژی پەکەکە شەڕیان کرد.

کاڵکان بەو پرسیارە درێژە بە قسەکانی دەدات: بە چ شیوازێک دژی پەکەکە وەستانەوە؟ ساڵی ١٩٨٥ ڕێککەوتنەکەیان تێکدا و ساڵی ١٩٨٨ تا ١٩٩٠ بەردەوامییان پێدا و ساڵەکانی ١٩٩٠ لەدژی پەکەکە شەڕیان کرد، چۆن بوو؟ هەمیشە شەڕ بوو، ساڵی ١٩٩٠ شەڕی پەدەکە و یەنەکە، شەڕی پەدەکە و پەکەکە، هەمیشە شەڕ هەبوو، دوای ساڵی ٢٠٠٠ پەیوەندیی دانرا، هەم پەکەکە پێشکەوت هەمیش پەدەکە، جێگیربوونی پەکەکە لەم شوێنانەی ئێستا دەڵێن داگیری کردووە، بۆ گەلی کورد، ئازادی کورد و پەدەکەش قازانجی هەبوو و گەیشتە ئەم ئاستە، ئێستا پیشنیارمان ئەمەیە، باسی پێوانەکانی قازانج بکە و سوود وەرگرە، واتا بە پەیوەندیی، یەکڕیزی و یەکێتی سەردەکەوین، ئێستا وەستانەوە بەرامبەر ئەمە لەم ئاستەدا و ڕێککەوتن لەگەڵ دووژمنی کورد و ئەو هێزانەی دەیانەوێت کورد قڕبکەن، مەترسیدارە، بەمشێوەیە نابێت، پێویستە دەست لەم هەڵویستە هەڵگرن.

نەکەونە داوەوە
دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لە کۆتایی ئەم بەشەی قسەکانیدا وتی: ئایا هەندێک کەس ئەم بابەتە گەرم دەکەنەوە دەکەنەوە؟ پێویستە نەکەونە ئەم داوەوە، لەوانەیە واش بووبێت، دەتوانم هەندێک شتی دیکەش باس بکەم، دوای شەڕی ١٩٩٥، لە مانگی ١ی ١٩٩٦ـدا شاندێکی پەکەکە و پەدەکە کۆبوونەوە و لەوێ ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد، مانگی یەک یان دووی ١٩٩٦ـیش دیسان واژۆمان کرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×