عارف رووشدی: به‌ كشانه‌وه‌ی بێ به‌رنامه‌ی ئه‌مریكا له‌ عیراق داعش سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه
  2021-07-21       675       
عارف رووشدی، راوێژكاری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ كشانه‌وه‌ی بێ به‌رنامه‌ی ئه‌مریكا له‌ عیراق داعش سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌. ده‌شڵێت، به‌ بێ به‌شداری ره‌وتی سه‌در له‌ هه‌ڵبژاردن، ناته‌واوییه‌ك درووست ده‌بێت.

ئاوێنه‌: عارف روشدی، بۆ میدیای نزیك له‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی به‌ڕێوه‌چوونی گه‌ڕێكی دیكه‌ی دانووستانی نێوان عیراق و ئه‌مریكا رایگه‌یاند: گفتوگۆ له‌ باره‌ی رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی عیراق و ئه‌مریكا بۆ دوای قۆناغی كشانه‌وه‌ی هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مریكا ده‌كرێت.

وتیشی: "به‌ڵام بڕوام وایه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق ده‌مێننه‌وه‌، به‌ پێی پێویست به‌شێكیان ده‌مێننه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌ركیان ته‌واو نه‌بووه‌ و عیراقیش پێویستی به‌ هاوكاری ئه‌وانه‌".

باسی له‌وه‌شكرد: هه‌وڵده‌درێت په‌یوه‌ندییه‌كانی عيراق و ئه‌مریكا ته‌نیا له‌ بواری سه‌ربازیدا نه‌بێت و فراوان بكرێت و هه‌موو بواره‌كانی دیكه‌ی ژیان بگرێته‌وه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ ده‌رچوونی ئه‌مریكا له‌ عیراق، بڕیارێكی گشتگیر نه‌بووه‌ و كورد و سوننه‌ پێی رازی نه‌بوون و زۆرینه‌یه‌كی شیعه‌ ده‌نگیان پێ داوه‌، بۆیه‌ بڕیارێكی ته‌واو عیراقیانه‌ نییه‌ و مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر داوای حكومه‌ت بووه‌، نه‌ك ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران.

ده‌شڵێ: "بینیشمان كاتێك ئه‌مریكا كشایه‌وه‌، داعش سه‌ری هه‌ڵدا و زۆرێك له‌ شاره‌ عیراقییه‌كانی داگیر كرد، ئه‌گه‌ر بێ به‌رنامه‌ ئه‌و هێزانه‌ بكشێنه‌وه‌، داعش سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: له‌ ده‌وروبه‌ری هه‌رێم و ناوچه‌ سوننه‌ نشینه‌كان و نزیك به‌غدا، داعش جموجووڵی زۆر بووه‌ و به‌رپرسیارێتی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی دوێنێی ناوچه‌ی سه‌دری گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ و حكومه‌تی عیراق له‌ ئاست ئه‌وه‌ نییه‌، بتوانێت به‌ ته‌نیا به‌ره‌نگاری ببێته‌وه‌.

عارف روشدی باسی له‌وه‌شكرد، له‌م ماوه‌یه‌ هه‌ڵمه‌تێكی زۆری تێكدانی تۆڕی كاره‌با هه‌بوو، نه‌خۆشخانه‌ له‌ ناسرییه‌ سووتێنرا، خه‌ڵك له‌ نه‌خۆشخانه‌ی نه‌جه‌ف گیرا، كه‌ ویستبوویان ئاگری تێبه‌ربده‌ن و ئه‌و جۆره‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستیانه‌ روویان له‌ هه‌ڵكشانه‌ و له‌وانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ بێت، هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی خۆیدا نه‌كرێت.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن و كشانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌دریش، وتی: "ره‌وتی سه‌در گه‌وره‌ترین كوتله‌ی نوێنه‌رانه‌ و له‌ كابینه‌ی حكومه‌تیشدا وه‌زیری هه‌یه‌ و خاوه‌ن ملیۆنان ده‌نگده‌ره‌، ئێمه‌ خوازیارین ئه‌و ره‌وته‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌كه‌ی بكات و به‌ بێ به‌شداری ره‌وتی سه‌در، هه‌ڵبژاردن ناته‌واوییه‌كی زۆری بۆ درووست ده‌بێت".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×