لە عێراق زیاتر لە نۆ هەزار توشبوی نوێی كۆرۆنا تۆماركران
  2021-07-25       357       
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا نۆ هەزارو 147 توشبوی نوێی كۆرۆنا تۆماركراون و هاوكات 55 توشبوی دیكەی ڤایرۆسەكەش گیانیان لەدەستداوە كە 14یان لە پارێزگاكانی هەرێم بون.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 38 هەزارو 197 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان نۆ هەزارو 147 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتر بون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە هەشت هەزارو 492 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 55 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە 14یان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە یەك ملیۆن و 552 هەزارو 648 كەس و لەوانە 18 هەزارو 287 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو یەك ملیۆن و 411 هەزارو 29 كەسیان چاكبونەتەوەو 123 هەزارو 332 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 772 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×