كۆچی پێچەوانە لە شنگال؛ 237 خێزان لە دو هەفتەدا ئاوارە دەبنەوە
  2021-07-29       1413       
دهۆك، 2019، كه‌مپی مام ره‌شان كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانەكەی ئێزیدین فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئا: ئاوێنە، كەركوك ناو

237  خێزان دوبارە لە شنگالەوە ئاوارەی پارێزگای دهۆك دەبن، ئەوەش تەنیا لە ماوەی دو هەفتەدا، بەهۆی مەترسی بارودۆخی ئەمنی، خراپی خزمەتگوزاری و كەمی هەلیكار.

كۆچی پێچەوانەوە لە شنگال كە دو هەفتەیە چڕتر بۆتەوە، هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوە لەساڵیادی هێرشەكانی ئابی 2014ی داعش بۆ قەزاكە، كە بەهۆیەوە هەزاران خێزان ئاوارەبون و بەشێكیان هێشتا لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن.

قاسم خودێدا، خەڵكی ناوەندی قەزای شنگال بۆ كەركوك ناو وتی"هەفتەیەك لەمەوبەر بە ناچاری و بەهۆی ناسەقامگیری بارودۆخی ئەمنی، كەمی خزمەتگوزاری و بێكاری، جارێكیتر لە زێدی خۆمانەوە گەڕاینەوە بۆ دهۆك."

قاسم باوكی شەش منداڵە، دوای شەش ساڵ لە ئاوارەیی، لە كانونی یەكەمی 2020دا ژیانی ژێر خێوەت بەجێدەهڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ خانوەكەی خۆی لە شنگال، بەڵام گەڕانەوەكەی لە تەمموزی ئەمساڵدا كۆتاییدێت و دوبارە دەچێتەوە كەمپ.

ئەو وتی"لە گەڕانەوەدا بۆ شنگال زۆر دڵخۆش بوین، چونكە بێزاربوین لە ژیانی كەمپ... هەمو كەس حەزدەكات لە زێدی خۆی بژیت، بەڵام ژیان لەوێ بۆ ئێمە قورس بو، بێ ئیش و بێ بژێوی بوین، بۆیە ئاوارەبوینەوە".

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 665 هەزار ئاوارە هەن، كە سەدا 30یان ئێزیدین و زیاتر لە نیوەیان خەڵكی ناوچە جیاوازەكانی پارێزگای نەینەوان، بەپێی ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم.

كاروان زەكی، لێپرسراوی راگەیاندنی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان -سەرپەرشتی دۆسیەی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن- بە (كەركوك ناو)ی وت "لە 13ی تەمموزەوە تائێستا ئێستا 237 خێزان لە شنگالەوە دوبارە گەڕاونەتەوە پارێزگای دهۆك."

بەپێی ئامارەكانی ئەو ناوەندە لە مانگی ئایاری ئەمساڵیشدا دو هەزارو 230 هاوڵاتی لە ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە دوبارە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بونەتەوە، لەبەرانبەردا دو هەزارو 553 كەس لەو مانگەدا بۆ زێدی خۆیان گەڕاونەتەوە.

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری دوبارە ئاوارەبونەوەی خێزانەكانی شنگال دەكەن، "ئەوان دەڵێن بەهۆی نائارامی بارودۆخی ناوچەكە، نەبونی خزمەتگوزاری و هەلیكارەوەیە" بەوتەی زەكی.

له‌ قه‌زای شنگال زیاتر له‌ هه‌شت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن له‌ نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی ئێزیدخان، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، پۆلیسی ناوخۆیی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عێراق، پێشمه‌رگه‌ی ئێزیدخان و پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێم.

ناتق عەلو ئەحمەد، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی شنگال رەتیكردەوە ئاوارەبونەوەی دەیان خێزانی قەزاكە بەهۆی باری ئەمنییەوە بێت و بە ( كەركوك ناو )ی وت "بارودۆخی ئەمنی شنگال باشەو كێشەی نییە، بارودۆخەكە لەژێر كۆنتڕۆڵی دەزگا ئەمنییەكاندایە، هیچ خێزانێكیش سكاڵای نەبوە هەڕەشەی ئەمنی یان فشاری لەسەربوبێت."

هێرشەكانی حەوت ساڵ لەمەوبەری داعش بۆ سەر شنگال، جگە لەلایەنی ئەمنی، زیانی به‌ كه‌رتی گشتی گه‌یاند له‌ نێویاندا وێرانبونی تۆڕه‌كانی ئاو و كاره‌با، روخانی خانوی هاوڵاتیان، خوێندنگەو شوێنە ئایینییەكان.

وتەبێژی پۆلیس وتی"هۆكاری ئاوارەبونەوەی خەڵك زیاتر لەبەر كەمی خزمەتگوزارییە... بەڵام ئێمە دڵنیایی دەدەین كەس فشار لەسەر هاوڵاتیان دروستنەكات و نەبێتە هەڕەشە تا ئاوارەببنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵك خۆی ئازادە دەمێنێتەوە یان دەگەڕێتەوە بۆ كەمپ."

هەردو حكومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی كوردستان لە تشرینی یەكەمی 2020دا رێككەوتنی شنگال-یان بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئیداری، ئه‌منی و ئاوه‌دانی قه‌زاكه‌ ئیمزاكرد؛ به‌ڵام هێشتا هیچ خاڵێكی وه‌ك خۆی جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌و له‌ڕوی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ربە پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت ‌و لە 13ی تشرینی دوەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×