لەڕانیە کچێک دوای ئەوەی زێڕەنگرێک هەڵدەخەڵەتێنی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا
  2021-08-04       1361       

پۆلیسی ڕاپەڕین رایگەیاند، کچێک دوای ئەوەی زێڕەنگرێکی هەڵخەڵەتاندوە، دوای تێپەڕبونی زیاتر لە حەوت مانگ لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، ئەمشەو چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد"دوای ئەوەی لەبەرواری ١٣ /١/ ٢٠٢١ هاوڵاتیەک کە کاری نوێنەری فرۆشتنی ئاڵتوون بووە لە سنوری ئیدارەی سۆران و دانیشتوی ئیدارەی سۆرانە، سکاڵای تۆمار کردو بە پۆلیسی ڕایگەیاند کە لەسەر داوای کچێک لە شاری ڕانیە لە ڕێگەی کڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاین پشتێنێکی ئاڵتونی بە بڕی ٢٦ مسقاڵ و عەیار ٢١ی لە سنوری ئیدارەی سۆران بۆ کچەکە هێناوەتە شاری ڕانیە، دوای ئەوەی کچەکە داوای لە نوێنەرەکە کردووە کە پشتێنە ئاڵتونەکە لە نزیک نۆرینگەکانی شاری ڕانیە لە شوێنێکی جیا تاقی بکاتەوە، لەو کاتەدا کچەکە پشتێنێکی ساختەی هاوشێوەی پشتێنە ئاڵتونەکەی لا بووەو هەر ئەوکات نوێنەرەکەی هەڵخەڵەتاندووە و پشتێنە ساختەکەی لەجیاتی پشتێنە ئاڵتونەکە داوە بە نوێنەری زێڕەنگرەکە و پشتێنە ئاڵتونەکەشی لای خۆی گل داوەتەوە و پێی وتووە لەکڕینی پشتێنەکە پەشیمان بۆتەوە.

پۆلیس وتوشیەتی"دوای ئەوەی نوێنەری فرۆشتنی ئاڵتونەکە دەیەوێت بەڕێکەوێتەوە بۆ سنوری ئیدارەی سۆران، دوای ماوەیەکی کەم هەست دەکات کچەکە هەڵی خەڵەتاندوە بەوەی کە پشتێنێكی ساختەی پێداوە و پشتێنە ئاڵتونەکەی لای خۆی گل داوەتەوە، دەستبەجێ پۆلیسی لێ ئاگادار کردۆتەوە و سکاڵای تۆمار کرد. نوێنەرەکە ئەوەشی ڕایگەیاند کە کچەکە ناناسێت و هیچ زانیاریەکی لەسەر نیە تەنها لەسەر داوای کچەکە لەڕێگەی کڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاین پشتێنە ئاڵتونەکەی بۆ هێناوەتە شاری ڕانیە بۆئەوەی پێی بفرۆشێت."

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕو"لەدوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و بەدواداچون، دوای زیاتر لە ٧ مانگ بەسەر کێشەکەدا، لەلایەن هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی ڕزگاری و بە هاوکاری بنکەی پۆلیسی ڕانیە بەسوود وەرگرتن لە زانیاری ورد و بەدواداچوون لەسەر دۆزینەوەی ناسنامەی کچەکە، لە بەرواری ٢ /٨ / ٢٠٢١ کچەکە دەستگیرکرا."

پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەداوە كە "کچەکەش بەناوی (م،ف،ع) تەمەنی ٣٤ ساڵەو دانیشتوی شاری ڕانیەیە، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، لە پۆلیس و دادگا دانی ناوە بە تاوانەکەی کە نوێنەری زێڕنگرەکەی هەڵخەڵتاندوەو بەمەبەست داوای پشتێنێکی ئاڵتونی کردوەو پێشوەخت دانەیەکی ساختەی لەسەر هەمان شێوە لای خۆی ئامادە کردبو. کچەکە هەر بەوتەی خۆی دوای پازدە ڕۆژ بەسەر تاوانی هەڵخەڵەتاندنەکە پشتێنە ئاڵتونەکەی بە کەمتر لە بەهای خۆی فرۆشتوە بە زێڕەنگرێکی شاری ڕانیە."

بەپێی قسەی پۆلیس ئێستا کچەکە بەپێی ماددەی ٤٥٦ لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×