هاوپەیمانی كوردسان: سوتاندنی كەرەستەكانمان لە توركیا كارێكی شۆڤێنیانەیە
  2021-09-16       1137       

ئەندامێکى لیژنەى باڵاى هەڵبژاردنى هاوپەیمانى کوردستان ئیدانەى سوتاندنى کەرەستەکانى بانگەشەى هەڵبژاردنى هاوپەیمانییەکە لە توركیا دەکات و بە كارێكی "شۆڤێنیانە" ناوى دەبات.

ئاوێنە: یاسین حەمە عەلى، ئەندامى لیژنەى باڵاى هەڵبژاردنى هاوپەیمانى کوردستان لەبارەى سوتاندنى کەرەستەکانى بانگەشەى هاوپەیمانى کوردستان لە تورکیا، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای رەسمی گۆڕان، رایگەیاند، لەماوەى رابردودا بڕیارماندا بەشێک لە کەرەستەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان ئامادە بکەین.

راشیگەیاند، بەشێک لەو کەرەستانە لە تورکیا روبەڕوى سوتاندن بونەتەوە، ئێمە ئیدانەى ئەو کارە دەکەین و پێمانوایە کردەویەکى شۆڤێنیانەو شەڕەنگێزانەیە نەک بەرامبەر هاوپەیمانى کوردستان، بەڵکو بەرامبەر بە هەمو گەلى کورد.

ئەندامەکەى لیژنەى باڵاى هاوپەیمانى کوردستان راشیگەیاند، یەکەمجار نییە کارى لەوشێوەیە لە تورکیا ئەنجام بدرێت، بەڵکو لە رابردودا چەندین ئەزمونى لەو شێوەیەمان بینیوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ، میدیاكانی توركیا بڵاویان كردەوە كە شارەوانی ناوچەی "شالپازاڕ"ی سەربە پارێزگای ترابزون-ی تورکیا لەسەر دروستکردنی کڵاو بۆ "هاوپەیمانی کوردستان" چونەتە سەر کارگەیەک و کڵاوەکانیشی سوتاند، خاوەنی کارگەکەش لە راگەیەندراوێكدا وتی: لەسەر دروستکردنی کڵاوەکان دەستیان بەسەر کارگەکەمدا گرتوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×