ئایا گۆرباتشۆڤ خائین بو یان رزگارکەر؟ خوێندنەوەیەک بۆ بیرەوەریییەکانی
  2019-05-29       2618       

ئا: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 

لەکۆتایی سەدەی پێشوودا تارمایی پیاوێک بەسەر تەواوی جیهانەوە زاڵبوو، وتار و لێدوان و کارەکانی تەواوی جیهانی بەخۆوە خەریک کردبوو، ئەویش میخایل گۆرباتشۆڤی سەرۆک یەکێتی سۆڤێت لەهەمانکاتیشدا سکرتێری گشتی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤێت بوو.


ئەم پیاوە بەتایبەتی لەپاش راگەیاندنی هەردوو سیاسەتی « گلاسنۆست و بیرۆسترۆیکا» تەواوی میدیاکانی جیهان ، گرنگیان پێدەدا بەتایبەتی لە رۆژئاوادا. دیارە لەوکاتدا جیهان بەسەر دوو زلهێزی جیهانی دابەشبووبو کە ئەویش « یەکێتی سۆڤێت و ئەمریکا « بوو. گۆرباتشۆڤیش رابەری یەکێک لەو زلهێزە گەورەیە بوو.
هەتاوەکو ئەمڕۆش قسەوباسی زۆر و جیاواز لەبارەی کار و سیاسەتەکانی ئەم پیاوەوە لەجیهاندا دەکرێت. هەندێک پێیان وایە ئەم پیاوە خائین بووە، چونکە خیانەتی لە کۆمۆنیزم کرد و یەکێتی سۆڤێتی رووخاند و کۆتایی بە سیستەمی سۆسیالیزمی لە سۆڤێت هێنا و سیستەمی سەرمایەدارییشی لە جیهاندا سەرخست. ئەمەش زیاتر بۆچوونی روسە نەتەوەپەرستەکان و چەپەکانی جیهانە. گەرچی لەبەرامبەردا خەڵکانێک پێیان وایە، ئەم پیاوە کارێکی زۆر گەورەی کردووەو جیهانی لە زوڵم و زۆری رژێمە دیکتاتۆرەکانی بلۆکی سۆسیالیزم رزگارکردوو، رەوتی دیموکراسیی و ئازادی لەجیهاندا پێشخست، ئەمەش زیاتر بۆچوونی کەسە لیبڕال و ئازادیخوازەکانی روسیا و جیهانە. گەرچی هەندێک چەپی دژە سۆڤێتیش بەتایبەتی ترۆتسکییەکان، پێیان وایە هەردەبوایە ئەم سیستەمە برووخایە، چونکە دەمێکە لە پڕەنسیپەکانی سۆسیالیزم وکۆمۆنیزم لایداوە، بەتایبەتی لەپاش هاتنە سەرکاری ستالین.

من ماوەیەکی زۆر رقێکی ئەستوورم لەم پیاوە هەبوو، ئەمەش زیاتر پەیوەندی بە بۆچونی چەپگەراییمەوە هەبوو، بەڵام کە هەندێک کتێبی ترۆتسکیم دەستکەوت بەتایبەتی « شۆڕشی لە خشتەبراو» کەمێک بۆچوونم گۆڕا، پاشان کاتێک کە گەیشتمە ئەڵمانیا، زۆر دۆکۆمێنتاریی و وتاری جیاوازم لەبارەی ئەم پیاوەوە خوێندەوە، دواجاریش کاتێک کتێبی بیرەوەرییەکانم دەستکەوت، لە نزیکەوە ئاگاداری سیاسەتەکانی بووم.

کتێبی بیرەوەرییەکانی کە لەلایەن برای وەرگێرمان کاک مەسعود بابایی کراوەتە کوردیی و لە دوو بەرگ پێک دێت. بەرگی یەکەمیان نزیکەی 700 لاپەڕەیە و زیاتر باسی ناوخۆی یەکێتی سۆڤێت دەکات. بەرگی دووەمیش لە 540 لاپەڕە پێک دێت و باسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی سۆڤێت دەکات، بەتایبەتی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و چین ، پانتاییەکی گەورە پێکدێنن.

لێرەدا هەوڵ دەدەم رانانێکی کورت بۆ ئەم کتێبە گرنگە بکەم، بۆئەوەی خوێنەری کورد بەم کتێبە گرنگە ئاشنا بکەم، چونکە لە رێگەی بیرەوەرییەکانییەوە، دەتوانین راوبۆچوونی یەکێک لە سیاسەتمەدارە ناسراوەکانی جیهان بزانین، لەهەمانکاتیشدا زانیاری زۆری تێدایە لەبارەی کۆمەڵێک رووداوی گرنگ، کە مێژووی مرۆڤایەتییان بەتەواوەتی گۆڕی و لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی نوێ هەنگاوی نا.

منداڵێکی گوندی

گۆرباتشۆڤ یەکێکە لەو سیاسەتمەدارانەی کە بەوپەڕی راستگۆییەوە باسی ژیانی هەژاریی و کەمدەستی خۆیی و خێزانەکەی کردووە. ئەو لە ساڵی 1931 لە باوکێکی روسیی و دایکێکی ئۆکرانی لەدایک دەبێت، گوندی پیریڤۆلنی کە دەکەوێتە هەرێمی ئیستارۆپۆلی، کە یەکێکە لە هەرێمەکانی روسیا و دەکەوێتە ناوچەی قەوقازەوە.
باپیرە گەورەی یەکێک بووە لە شۆڕشگێرە دێرینەکانی پارتی بەلشەفیی و لە ساڵی 1928 دەبێتە ئەندامی ئەو پارتە، بەڵام پاشان لە ساڵی 1931 دەبێتە سەرۆکی کۆلۆخۆزی گوندەکە» کۆلۆخۆز واتە، کێڵگەی هاوبەشی گوندەکان، کە لە سەردەمی یەکێتی سۆڤێتدا هەبوو.» بەڵام پاشان لە ساڵی 1937 دا، باپیرە گەورەی دەکەوێتە بەرهەڵمەتی دەزگا ئەمنییەکان بە تۆمەتی « ترۆتسکیزم» دەستگیر دەکرێت. دیارە لەوکاتدا ستالین هەڵمەتێکی گەورەی پاکتاوکردنی نەیارانی لەناو پارت و حکومەت دەستپێکرد، کەبە هەڵمەتی راونانی « ترۆستکییەکان « ناسراوە. زۆرجار بە دادگاکانی مۆسکۆش ناویدەبەن، کە لە ساڵانی سییەکاندا دەستپێکرد و ملیۆنان کەس بوونە قووربانی ئەم سیاسەتەی ستالین، کە یەکێک لەوانە باپیری گۆرباتشۆڤ بووە، ئەمەش کاریگەری گەورەی بەسەر گۆرباتشۆڤەوە دەبێت.
لەمبارەیەوە گۆرباتشۆڤ دەڵێت:

/ لەو رۆژەدا یەکەمین گورزی رۆحیم لێکەوت، کاتێک ئەوان باوەگەورەمیان دەستبەسەر کرد و لەنیوەی شەودا لەگەڵ خۆیان بردیان، دایە گەورە ڤاسیلیسا ماڵەکەی بۆ پریۆل نۆڤی گواستەوە،،،

دواتر کاریگەری خراپی ئەم دەستگیرکردنە باسدەکات و دەڵێت:

/ لەیادمە لەپاش دەستبەسەرکردنی باپیرم ، دراوسێکانمان بەرەبەرە لە ماڵمان دوور دەکەوتنەوەو وەک بڵێی تاعوون لێی داویین، تەنیا شەوان هەندێک خزم و ئاشنا بوێرییەکان بەخۆ دەنا و سەرێکیان لێ دەداین، تەنانەت منداڵی گەڕەک لەمنیش دوورکەوتنەوە، ئێستە دەزانم کە هیچ کەس نەیدەواتنی ئەوان بە خەتابار بزانێ ،چونکە هەرکەسی لەگەڵ ماڵباتی دوژمنی گەل تەنیا پێوەندییەکی هەبوایە ، دەلوا دەسبەسەر بکرێت،،،ل 62 بەرگی یەکەم.

لێرەوە لە زاری سەرۆکی یەکێتی سۆڤێتەوە، ئەو رەوشە ترسناکەمان بۆ باس دەکات کەلە سەردەمی ستالیندا، بەسەر ئەم وڵاتەدا زاڵبووە. جێگەی ئاماژەیە منداڵیی و گوند و قەوقاز، کاریگەری گەورەی بەسەر کەسایەتی گۆرباتشۆڤەوە دادەنێت.


جەنگی ناوخۆ

لە پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەر و دەسەڵاتگرتە دەستی بۆلشەفییەکان، جەنگێکی گەورەی ناوخۆیی لە نێوان لایەنگران و نەیارانی بۆلشەفییەکان لە تەواوی روسیا دەستیپێکرد، بەهۆی ئەم جەنگەشەوە ملیۆنان کەس بوونە قووربانی، هەتاوەکو سەردەمانێکی زۆریش قسەکردن لەبارەی ئەو مێژووەوە، لە سۆڤێتدا بفەیەکی گەورە بوو، لێ گۆرباتشۆڤ بۆچوونێکی رەخنەگرانەی لەبارەی ئەم جەنگەوە هەیە، هەرئەمەش وایکرد، کاتێک بووە سەرۆکی وڵات، ئەرشیفی کۆنی سۆڤێت واڵا بکات و رێگە بدرێت کە بە بۆچوونێکی رەخنەگەرانەوە سەیری مێژووی سۆڤێت بکرێت.
لەبارەی ئەم جەنگەوە گۆرباتشۆڤ دەڵێت:

/ بۆ کەسانێک شۆڕش و جەنگی ناوخۆییان لە رێگەی فیلمەکان و راگەیاندنە جەماوەرییەکانەوە دەناسی، وا دەهاتە بەرچاو ئەمە شێوەیەک لە رێ و رەسمێکی وەرزشییە، کرێکاران و جووتیاران لە لایەکەوەو موڵکداران لە لایەکی دیکەوە، بە چەشنێکی تەکووز و لەژێر ئاڵای سوور و سپی نمایشی سەربازییان دەنواند. بەڵام من دەمزانی بەو شێوەیە نەبوو، کۆمەڵگە لە نێوەڕاستەوە کەلێنی تێکەوتبوو، نەک تەنیا لە هێڵی چینەکان، بەڵکو خێزانەکانیش تووشی ئەو کەلێنە ببوون،،،چەند گوندێک بە دەستی سوورەکان و سپییەکان قەڵاچۆ و خاشەبڕ کرابوون.

پاشتر دژی بەڵگەهێنانەوە بۆ بەکارهێنانی دەوەستێتەوەو دەڵێت:

/ لە ڕابردوو و ئێستاش زۆرجار وا رێک دەکەوێ ئەم بەڵگە هێنانەوە « بونیادییە» دەخوێنمەوە کە توندتییژی لە قۆناغی گواستنەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی نوێ نەک تەنیا دەشێ پاساو بدرێت بەڵکو هەرە پێویستە، ئەم بەڵگە هێنانەوە ناڵێت لە رەوتی شۆڕشدا زۆرجاران بە راستی خوێنڕشتن پێشی پێ ناگیرێت، بەڵام سەیرکردنی توندتیژی وەکو دەوا و دەرمان ، بە ناوی هەندێک ئامانجی باڵا، ئایا بە مانای کوشتاری هەموو خێزانێک و بنەماڵەیەک و گوندنشینان و خەڵک نییە؟ نا، ئەمە بۆ قبووڵکردن ناشێت. ل59. بەرگی یەکەم

جەنگی دووەمی جیهانی

روسیا بە دەستی جەنگی دووەمی جیهانییەوە ماڵوێرانیی و کارەساتی گەورە بەخۆوەبینی، ئەمەش لەهەرێمەکانی باشووردا بەتایبەتی ئەو هەرێمەی گۆرباتشۆڤ تێدا دەژیا، زۆر رەوشی ژیانی خەڵكی خراپ بووە، ئەمەش هەتاوەکو کۆتایی ژیانی کاریگەری بەسەر هزر و تێڕوانینی سیاسی ئەم پیاوەوە هەبووە، چونکە لەمانای ناخۆشی جەنگ باش تێگەیشتووە. هەر لەرێگەی ئەم بیرەوەرییانەشەوە، گۆرباتشۆڤ کەمێک باسی ژیانی گەلانی سۆڤێتمان بۆ دەکات لەو کاتەدا. لەمبارەیەوە گۆرباتشۆڤ دەڵێت:

/ بیرەوەریی و ئەزموونەکانی جەنگ بۆ هەتاهەتایە لە مێشكمدا بە نەخشکراو دەمێنێتەوە ، لەیادمە چۆن گوندەکەمان لەماوەی چەند هەفتەیەکدا چۆڵکرا، هەموو پیاوەکان ڕۆیشتبوون ل 68. بەرگی یەکەم.

دواتر دەڵێت:

/ نەوەی ئێمە منداڵانی رۆژگاری جەنگە، جەنگ ئێمەی سووتاندوەو هێما و زناکی خۆی هەم لەسەر کەسێتیی و هەم لەسەر روانگەمان بۆ جیهان بەجێهێشتووە .ل 79

لەلایەکی ترەوە نووسەر بەوپەری راستگۆییەوە باسی رەوشی خراپی ژیانی گەلانی سۆڤێت دەکات، کەلەپاش جەنگی دووەمی جیهانی، روبەروی برسێتی و قاتوقڕی گەورەبوونەتەوە. وەکو خۆشی دەڵێت:

– ژیان بۆ وڵاتەکەم دژاور بوو، لە راستیدا ژیان نەبوو،بەڵکو ململانێ بوو لە پێناو مانەوەدا،،ل 88

مێژووی پارتی بۆلشەفیی

هەرچەندە گۆرباتشۆف لە ساڵانی یەکەمی شۆرشی روسی و حوکمرانی پارتی بۆلشەفی نەژیاوە، بەڵام لەرێگەی پشت بەستن بە سەرچاوە مێژووییەکانی، چەند لاپەڕەیەکی لە بیرەوەرییەکانی بۆ مێژووی پارتی بۆلشەفی داناوە، رەخنەی توند لە ستالین و ئەو کەسانەشی کە پشتگیریان لێگرتووە دەگرێت، بۆ نموونە کامینۆف کەیەکێک بووە لە سەرکردەکانی شۆڕشی روسی، بە ترسنۆک وەسفی دەکات .ل 205


خرۆتشۆف و قۆناغی رەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی ستالین

لەپاش مردنی ستالین و هاتنە سەرکاری نیکیتا خرۆتشۆف، قۆناغێكی سیاسی نوێ لە یەکێتی سۆڤێت دەستیپێکرد، لەوکاتەوە رێگەدرا لاپەڕە خوێناوییەکانی قۆناغی ستالینیزم باسبکرێت. گۆرباتشۆفیش زۆر ئەم کارەی خرۆتشۆفی بەدڵ بووە، لەمبارەیەوە دەڵێت:

/ خرۆتشۆف لە بیستەمین کۆنگرەی حزب لە پشت دەرگا داخراوەکاندا بومەلەرەزەیەکی سیاسیی و دەروونی لەسەرتاسەری وڵاتدا نایەوە.

پاشان دەڵێت:

/من بە گیان و بە دڵ پشتیوانیم لە بڕیاری دلێرانەی خرۆتشۆف کرد و بە ئاشكرا داکۆکیم لێکرد. ل123

گۆرباتشۆف زۆر بەباشی و راستگۆیانە باسی ئەو بڕیارەی خرۆتشۆف لەناوکۆمەڵگەی رووسیدا دەکات، بەجۆرێک هێشتا خەڵكی باوەڕیان بەو قسانە نەکردووە ترسیان هەبووە رەخنە لە ستالین بگرن، هەندێکیش دەروێش ئاسا هەر لەزیکری ستالین بەدرەوام بوون و دژی ئەم بڕیارەی خرۆتشۆف وەستاونەتەوە.

تێڕوانینی بۆ سیاسەتەکانی خرۆتشۆف

گۆرباتشۆف لەپەنا هۆگری زۆری بۆ کارە سیاسییەکانی خرۆتشۆف بەتایبەتی لە هەڵدانەوەی لاپەڕە ناشیرینەکانی ساڵانی ستالین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵسەنگاندێکی عەقڵانەشی بۆ کارو سیاسەتەکانی ئەم رێبەرە مەزنەی سۆڤێت دەکات.
گۆرباتشۆف دەڵێت :

/ من باوەڕی پتەوم هەیە مێژوو هەرگیز کاری خرۆتشۆف لە ریسواکردنی رێ و رەچەی کەسێتی پەرستی ستالین فەرامۆش ناکات،،،

لێ پاشان رەخنەش لەسیاسەتە ناوخۆ و دەرەکییەکانی دەگرێت و دەڵێت:

/ خرۆتشۆف بەهیچ شێوەیەک مەبەستی نەبوو شیکارییەکی ئۆرگانیزەکراو بۆ ریشەکانی سەرەرۆیی بکات، ئەو وێدەچوو تەنانەت توانای دەستپێشخەریشی نییە.ل141
لەبارەی سیاسەتی دەرەکیشەوە، ستایشی سیاسەتی کرانەوەی بەرامبەر بە جیهان بەتایبەتی بلۆکی رۆژئاوا و دەوڵەتانی ئاسیا و ئەفریقا دەکات بەتایبەتی هیندو میسر. بەڵام لەهەمانکاتیشدا رەخنە لە سیاسەتی سەرکوتکردنی راپەرینی هەنگاریای ساڵی 1956 و قەیرانی کوبای ساڵی 1962 و دژایەتیکردنی چین ، هەموو ئەم سیاسەتانەی بەدڵی گۆرباتشۆف نەبووە.

بەگشتی گۆرباتشۆف بۆچوونی زۆر باشی هەبووە بەرامبەر بە نیکیتا خرۆتشۆف، بگرە دەتوانم بڵێم هاندەرێکی باشیشی بووە کە کاتێک دەبێتە سەرۆکی سۆڤێت، هەمان رێچکەی چاکسازی خرۆتشۆف دەگرێتە بەر. بەڵام نەیارێکی سەرسەختی ئەوەی پاش ئەو بووە، واتە برژنێف


نەیارێکی سەرسەختی  برژنێف

بە پێچەوانەی خرۆتشۆفەوە، گۆرباتشۆف لە زۆر شوێندا رەخنەی توند لە ساڵانی حوکمڕانی برژنێف دەگرێت، ئەمەش لەکاتێدا ئەوە برژنێف بوە کە رێگای خۆشکردووە بۆ ئەوەی بگاتە مەکتەبی سیاسی و پاشان دەسەڵات.
لەمبارەیەوە دەڵێت:

/ هونەری برژنێف تواناییەکەی بوو لە کەلێن خستنە نێو رکەبەرەکانی و تەشەنەدانی بەدگوومانیی دووسەرەو پاشان رەفتارکردن وەکو دادوەر و بژیوانێک ، ئەو کەسێکی قین لەدڵ بوو.ل 210

پاشان دەڵێت:

/ لەکورتیدا بیبڕمەوە ئەو زیاتر مردبوو تا زیندوو،،، لە دواساڵانی حکومەتی برژنێفدا مەکتەبی سیاسی لە پەشێواوییەکی تەواودا بوو، بڕێک کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی زیاتر لە پانزە خولەکی نەدەخایاند، نەبادا لینۆنێد برژنێف ماندوو بکات ،،ل 247

/ پلنیۆمی پێوەندیدار بە پێشکەوتنی زانستی و تەکنیکی لە بەرنامە رێژی کرابوو، هیچ کات پێکنەهات، ئابووری رۆژ بە رۆژ زیاتر خەرجیی تێچوو و زیاتر بە رێچکەی هەڵە خەرجیدا رێی کرد،، پێشبرکێی چەکەمەنی تەنانەت پاش دەستڕاگەیشتن بەهاوسانیی سەربازیی و ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا گوڕی دەسەند ، بەهاری پراگی بێ بەزەییانەی سەرکوت کرد، بۆیەکەمینجار پاش جەنگی دووەمی جیهانی، هێزە چەکدارەکانی ئێمە لەسەربەگێچەڵییەکی سەربازیی بێهوودە لە ئەفغانستان تووشی شەڕ بوون. ل254

بەگشتی گۆرباتشۆف ، بۆچوونێکی خراپی بەرامبەر بە ساڵانی حوکمڕانی برژنێف هەبووەو بە ساڵانی پاسیفبوون و پیربوونی یەکێتی سۆڤێتی دادەنێت.

دانپێدانی راستییەکی تاڵ

لەسەرەتای کتێبەکەیدا کە بە وتاری ماڵئاوایی گۆرباشۆف دەستپێدەکات، رستەیەکی زۆر بەهێز دەڵێت، کە بۆتە مایە‌ی پرسیار لای زۆربەی چاودێرانی سۆڤێت و جیهان.

گۆرباشۆف دەڵێت:

/ کاتێک کە بوومە سەرۆک تەواو بۆم روون بوو کە ئەم وڵاتە کێشەیەکی هەیە. ئێمە زۆر شتمان هەبوو. زەوی . نەوت، گاز و سەرچاوەی سروشتی دیکە. خواش ئاوەز و توانا و بەهرەی پێ بەخشیبووین ، بەو حاڵەش ئێمە لەچاو خەڵکی وڵاتانی دیکەی پیشەشازی ژیانمان زۆر خراپ بوو. ل 20 . بەرگی یەکەم.

کێشە سیاسییەکانی یەکێتی سۆڤێت

گەر بتەوێت کێشە سیاسیی وکارگێڕییەکانی یەکێتی سۆڤێت ئاشنابیت، ئەوا ئەم کتێبە یارمەتی باشت دەدات. گۆرباتشۆف زۆر بەڕاشکاوانە باسی کەموکورتی و کێشەکانی وڵاتەکەی دەکات، گەورەترین و یەکەمین کێشەی کارگێریش، جەنگی نێوان حزب و حکومەت بووە.

جەنگی حزب و حکومەت

بابەتێکی گرنگی تر کە لە بیرەوەرییەکانیدا پانتایی باشی بۆ داناوە، کێشەی ململانێ یان جەنگی حزب و حوکمەتە. ئەمەش یەکێک بووە لەکێشە گەورەکانی یەکێتی سۆڤێت، گۆرباتشۆفیش زۆری ناڵاندووە بەدەست ئەم کێشەیەوە. هەرچەندە ئەم کێشەیەش رەگوریشەیەکی دێرینی لەم دەوڵەتەدا هەیە.

لەمبارەیەوە دەڵێت:

/ دامودەزگاکانی حزب و دەوڵەت هیچ کات وازیان لە رکەبەرایەتی یەکدی نەهێنا. پاشقول لێگرتنەکان و هەڵخڕاندنەکان برەوی پەیداکرد. لەبەرئەنجامدا سیستمێکی کارگێڕی پڕنهێنی و دژواری دیوانسالاری لەئاستی حیزب و حکومەتدا رەخساند. ل 208. بەرگی یەکەم

نەبوونی دەستاودەستکردنی دەسەڵات

کێشەیەکی گرنگی تر مەسەلەی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە بەشێوەیەکی ئاشتیانە، لەمبارەیەوە دەڵێت:

/ لە وڵاتەکەی ئێمەدا هیچ کەس بە حەز و ئارەزووی خۆی خانەنشین نەکرا، ئاریشەی سەرەکی ئەوەبوو کە بەهۆیەوە دەسەڵات بە باشی دەستاودەست بکرێت، کابرایەکی ئێجگار نەخۆش و تەنانەت بەساڵاچوو، دەیتوانی لە لووتکەی قووچەکی دەسەڵات بمێنێتەوە. ل 295. بەرگی یەکەم.

هەر ئەم کێشەیەش وڵاتەکەی بەرەو کێشەیەکی گەورەتر بردووە، کە ئەویش پیربونی دەسەڵات و حوکمڕانییە.

پیربوونی حکومەت و دەسەڵات

نەبوونی دەستاودەستکردن و سەپاندنی حوکمی حزبی، دەسەڵاتی رووبەروی کێشەیەکەی گەورە کردەوە، کەئەویش پیربوونی دەسەڵات بووە.
لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:

/ هەستێک دایگرتبووین کە چاخێک خەریکە لە کۆتایی خۆی نزیک دەبوویەوە، لە کەمتر لە سێ ساڵ، سێ سکرتێری گشتی، سێ رێبەری وڵات کۆچی دواییان کرد، هەموو ئەمانە واتایەکی سیمبۆڵیکی لە هەگبەدا بوو، کە سیستەم خۆی خەریک بوو دەمرد ، خوێنی تەمبەڵی پیروکەنەفتی و چیدی شیلەی ژیانی تێدا نەبوو،،، ل 303. بەرگی یەکەم.

کەڵەکەبوونی کێشەکان

بەهۆی فەرامۆشكردن و پشتگوێخستنی کێشەکان، ئەوا کەڵەکە دەبن و پاشان چارەسەرکردنیان کارێکی دژوار دەبێت، هەرچەندە گۆرباتشۆف خۆی بە رزگارکەری سۆڤێت دادەنێت، بەڵام نەیارانی پێچەوانەکەی دەبینن و پێیان وایە ئەو لەجیاتی کێشەکان چارەسەر بکات ئاڵۆزتری کردن.
لەمبارەیەوە دەڵێت:

/ لە ساڵی 1985 وەک سکرتێری گشتی دەستم بە کارەکانم کرد، دەستبەجێ لەگەڵ کێوێک لە دژواریی بەرەوروو بووم. گۆڕانی پێوەندیمان لەگەڵ رۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمریکا و کۆتایهێنان بە پێشبڕکێی چەکەمەنی و پڕخەرج و ترسناک، کارێکی هەرە پێویست بوو، ئێمە دەبوو خۆمان لە جەنگی مالوێرانکەر و پر خەرج لە ئەفغانستان کێشابایەوە، یەکێتی سۆڤێت لەگەڵ گرێ و گێچەڵی نێوخۆیی بێ ئەژمار بەرەو روو بوو. .ل307، بەرگی یەکەم

پاشکەوتنی یەکێتی سۆڤێت لەچاو رۆژئاوا

ئەوەی روون و ئاشكرایە لە ساڵانی حەفتاوە، هەست بەوە دەکرا کە یەکێتی سۆڤێت لە گەشەکردن وەستاوەو هیچ جموجۆڵێکی سیاسی و ئابووری گەورەی بەخۆنەبینی. بەپێچەوانەوە ئەمریکا و بلۆکی رۆژئاوا لەگەشەکردنی بەردەوامدان. لەمباریەوە نووسەر یارمەتیمان دەدات و ئەم قسەیەمان بۆ راست دەکاتەوە و دەڵێت :

/ لەسەرەتاکانی ساڵانی 1970 ئێمە لە وڵاتانی پێشکەوتوی جیهان بەجێماوین.ل 309 بەرگی یەکەم

هەموو ئەم کێشە کەڵەکەبوویانەی سۆڤێت دەبوو لە ئانو ساتێکدا بتەقێتەوە، بەڵام کاتێک تەقییەوە کارەساتێکی مرۆیی گەورەی لەگەڵ خۆی هێنا کە ئەویش کارەساتی جێنرۆبیل بوو.

کارەساتی جێرنۆبیل

کارەساتی بنکەی ئەتۆمیی جێرنۆبیل، یەکێکە لە کارەساتە گەورەکانی سەدەی رابردوو، لە هەمانکاتیشدا یەکێکە لە کارەساتە ژینگەیی و سیاسییە گەورەکان کە رووبەری یەکێتی سۆڤێت لە دوا ساتەکانی تەمەنیدا بوویەوە.
نووسەر بە درێژی باسی ئەم کارەساتە دەکات و زۆر راتسگۆیانەش پەنچە دەخاتە سەر کەموکوڕییەکان. لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:

/کارەساتی بنکەی ئەتۆمی جیرنۆبیل بەڵگەیەکی روون بوو، نەک تەنیا لەسەرکۆنی و سواویی تەکنەلۆژیای ئێمە، بەڵکو بەڵگەیەکیش بوو لەسەر کۆنی سیستەم . ل341 . بەرگی یەکەم

لەهەمووشی سەیرتر چۆنێتی مامەڵەکردن بوو لەگەڵ ئەم کێشەیە بەتایبەتی لەبارەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی و هەواڵەکان. لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت :

/ دوو روانگە لەمەکتەبی سیاسی هەبوون، یەکەمیان ئەوەبوو کە زانیاری دەبێ بەرەبەرە بڵاوبکرێتەوە تانەبادا ترس و تۆقاندن بنێتەوەو زیانێکی زیاتری لێبکەوێتەوە. روانگەیەکەی دیکەش ئەوەبوو دەبوایە زانیارییەکان هەرکە وەدەست کەوت بە بێ سنوردارکردن بڵاوبکرێنەوە، ئەمەش رای من بوو. ل 342. بەرگی یەکەم.
لەکۆتاییدا نووسەر قسەی خۆی لەبارەی ئەم کارەساتەوە دەکات و دەڵێت:
/جیرنۆبیل زۆرێک لە نەخۆشییەکانی رژێمەکەی ئێمەی رۆشنکردەوە ، هەموو ئەو شتانەی کەبە درێژایی ساڵان لەسەریەک کەڵەکەبوون، لەم بەسەرهاتە خەمناکەدا بەیەک گەیشتن ، نابەرپرسیاریەتی، هەڵەشەیی، بەربەرەڵڵایی، ئارەقخۆری،،، ل 345. بەرگی یەکەم.

سەرخۆشیی و بەدمەستی بەڵا گەورەکەی روسیا

نووسەر تەنها تیشك ناخاتە سەر کێشە ئابووریی و سیاسییەکان، بەڵکە باسی هەموو کێشەکانی ئەم وڵاتەی کردووە. بۆ نموونە تیشك دەخاتە سەرکێشەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی تر کەئەویش بەدمەستی و سەرخۆشییە. دیارە وەکو نووسەر دەڵێت:
 بەدمەستی لەسەدەکانی نێوەڕاستەوە بەڵای روسیا بووە.

پاشان باسی هەوڵی سەرۆکەکانی پێشو و دەکات و دەڵێت:

/ لە ساڵی 1958 خرۆشۆف هەوڵی دا بە زیادکردنی نرخی مەی و بەرتەسککردنەوەی فرۆشتنی، ریشەی ئەم بەڵایە لەبنەوە دەربێنی، بەڵام ئەم سیاسەتە زوو وەلا نرا. ل 389.

دواتر دەڵێت:

/ ئەلکولیزم بوو بە کێشەیەکی قووڵی کۆمەڵایەتی، سەرخۆشەکان بە « شێرپەنچەی کۆمەڵ « ناونران، لەحاڵەتێکدا پروپاگەندەی سۆڤێت بە ڕاشکاوی باسی لە کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی دەکرد،، ل ل389

پاشان زەرەرەکانی لەرووی ئابوورییەوە باس دەکات و دەڵێت:

/بەگوێرەی راپۆرتێکی دامەزراوەی کۆمەڵناسی ئەکادیمی زانستەکانی یەکێتی سۆڤێت بێت، زیانی ساڵانەی ئەلکۆلیزم لەسەر ئابووری وڵات 80 بۆ 100 ملیۆن رۆبڵ بوو، هەرروەها لەشساخی نەوەکانی ئێستا و داهاتوو کەوتبووە بەر مەترسیی.

نووسەر هۆکارەکانی ئەم کێشەیە باسدەکات و دەڵێت:

/ باری خراپی گوزەران و گیروگرفتەکانی رۆژانە، دواکەوتوویی کولتووری و نەبوونی دەرفەت بۆ نیشاندانی تواناکان و بیربۆچوونەکان،،، فەزای داپڵۆسین ، کەسانی لاوازی بەرهەمهێنا و خۆبەکەمزانیی و تۆقین لە بەرەو رووبوونەوە لەگەڵ راستییە تاڵەکان ، راپێچی مەی دەکردن . ل 389. بەرگی یەکەم.

پارادۆکس لەوەدایە گۆرباتشۆفیش خۆی نەیتوانیوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.

کێشەی ناگۆرنی قەرەباخ و کەمە نەتەوەکانی سۆڤێت

هەمیشە روسیا لەلایەن رۆژئاواییەکانەوە بە زیندانی گەلان دەناسرا، ئەمەش بەهۆی خراپی رەوشی ژیانی کەمە نەتەوەکانی ئەم وڵاتەوە بوو. لەکاتێکدا یەکێتی سۆڤێت لە کۆمەڵێک کۆما رو نەتەوەی جیاواز پێکدەهات، بەڕواڵەت باسیان لە پێکەوەژیانی نەتەوەکان دەکرد، بەڵام لە ژێرەوە ئاگری رق وکینەی نەتەوایەتی هەتا دەهات توندتر دەبوو، ئەمەش لە کێشەی ناگۆرنی قەرباغ بەباشی دەرکەوت.
گۆرباتشۆف زۆر بەدرێژی باسی لەم کێشەیە کردووەو پێی وایە رەگوریشەی ئەم کێشەیە زۆر کۆنە و گەڕاندوویەتییەوە بۆسەردەمی ستالین.

/ لەسەردەمی ستالیندا کەسانێک کە بەرپرسی کاروباری نەتەوەکان بوون، هۆش و زیرەکی پێویستیان لە جارەدا نەبوو، گیروگرفتەکان بە درێژایی چەندین دەیە بەسەر یەکدا کەڵەکەبوون..ل 587

باسی هۆکارێکی تری ئەم کێشەیە دەکات و دەڵێت :

/ رێبەرانی ئازەرباینجان لەگەڵ خەڵكی قەرەباغ بە رۆحی نەریتەکانی لینین هەڵسووکەتیان نەدەکرد و جاروبار تەنیا وتەنیا بەشێوەگەلی نامرۆڤانە رەفتارییان دەکرد، ل 587. بەرگی یەکەم،

هەموو ئەم کێشانەش وایکردووە کە گۆرباتشۆف بیر لە چارەسەری کێشەکان بدۆزێتەوە، کە ئەویش خۆی لە هەردوو سیاسەتی بیرۆسترۆیکا و گلاسنۆست بینووە.

گلاسنۆست و بیرۆسترۆیکا

ئەوەی کە زیاتر گۆرباتشۆفی لە جیهاندا پێناسراوە، پێڕەوکردنی هەردوو سیاسەتی « بیرۆسترۆیکا و گلاسنۆست» لە ئەپریلی سالی 1985 دا لەبەردەم لیژنەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیت.
سیاسەتی گلاسنۆست « واتە شەفافیەت و کرانەوە» بیرۆسترۆتیکاش مانای « دووبارە داڕشتنەوە» گلاسنۆست لایەنی کولتووری ریفۆرمەکانی دەگرتەوە، رێگای بە ئازادی بیرورادەربڕین و میدیای ئازاد و هەڵبژاردن و ئازادی بۆ نووسەران و رۆشنبیران فەراهەم کرد، لەهەمانکاتیشدا رێگایدا کە هاوڵاتییان، دەستیان بە زانیاری بگات و لاپەڕەکانی مێژووی ترسناکی ستالین هەڵدرایەوە، گەرچی بیرۆسترۆیکا کە پاش ساڵێک لە گلاسنۆست راگەیانرا، ئامانج لێی ریفۆرمی ئیداریی و ئابووری بوو لە دەزگا و کارگە و تەواوی سیستەمی ئابووری یەکێتی سۆڤێت.
گۆرباتشۆف پانتاییەکی ئێجگار زۆری لە بیرەوەرییەکانیدا بۆ ئەم دوو سیاسەتە تەرخانکردووەو بەدرێژی باسی هەنگاوەکانی خۆیی و رێگرییەکانی بەردەمی دەکات.


بۆچی گلاسنۆست و بیرۆسترۆیکا شکستی هێنا­؟


ئامانجی سەرەکی سیاسەتی گلاسنۆست و بیرۆسترۆیکا ، باشكردنی رەوشی ژیانی ئابووریی و سیاسیی و فەرهەنگی گەلانی یەکێتی سۆڤێت بوو، بەڵام بەداخەوە ئەم دوو سیاسەتە سەری نەگرت، هەرئەمەش وایکرد کە یەکێتی سۆڤێت هەڵبوەشێتەوە.
نووسەر زۆر داکۆکی لەم سیاسەتەی دەکات و لەزۆرشوینێشدا باسی هۆکاری شکستی ئەم سیاسەتە دەکات. گۆرباتشۆڤ باسی کۆمەڵێک هۆکاری سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی کردووە، بۆ نموونە خەڵکی سۆڤێت لەوکاتەدا رەوشی ژیانیان خراپ بووە، ئەو چاکسازیانەش بۆ ئەوەی بێتە بەرهەم، پێیویستی بە چەندین ساڵ هەبووە، هەروەها گەلانی سۆڤێت بەوە راهاتبوون کە یەکسەر بەرهەمیان دەوێت و دەبێت شۆڕش بکرێت و کەمتر بەرگەی ریفۆرم دەگرن ، هەروەها چ لە رووی تەکنەلۆژیا و چ لە رووی سیستەمی کارگێڕییەوە، ئابووری سۆڤێت بۆ ماوەی چەندین ساڵ پاشکەوتبوو.

گۆرباتشۆف دەڵێت:

/ ئێمە قۆناغێکی تازەمان لە شۆڕشی زانستی و تەکنۆکراسی لەدەستدابوو، لەکاتێکدا وڵاتانی رۆژئاوا لەهەردوو بوارەکەدا زیاتر چووبونە پێشێ. ل 383

هەروەها زەحمەتیش بووە خەڵکی لەگەڵ سیستەمی نوێ خۆی رابهێنێت و باوەش بۆ ریفۆرمە نوێکان بکاتەوە. جگە لەوەش نەیارانی ریفۆرمە ئابووریی و سیاسییەکان لەناو حزبدا زۆر بەهێزبوون، ئەمە جگە لە نەیارانی دەرەکی.

لەلایەکی تریشەوە ئەو سیاسەتە چاکسازیانەش بە باشی نەبراون بەرێوەو لەمبارەیەوە رەخنەش لە خۆیان دەگرێت و دەڵێت:

/ ئێمە ستراتیژییەکی گرنگمان بە شێوەیەکی پارچەپارچە بەرهەڤکردبوو کە هەندێک مەسەلەی بچووکی چارەسەر دەکرد، بەبێ ئەوەی رێگە چارەیەکەی هەمەلایەن بخاتە ڕوو . ل 395. بەرگی یەکەم.

لەلایەکی تریشەوە رەخنە لە کرێکاران دەگرێت کە پاش ئەوەی ئازادیان پێدرا مانبگرن، ئەوانیش لەجیاتی پشتگیری ریفۆرمەکان بکەن، بوونە رێگری بەردەمی.

تارمایی یەڵسن

من بیرەوەری زۆر سیاسەتمەداری کورد و عیراقی و جیهانیم خوێندۆتەوە، ئەوەی جێگەی سەرنجەم، هەر سیاستەمدارێک و نەیارێکی شەخسی هەبووە، گۆرباتشۆفیش نەیارێکی سەرسەختی هەبووە کە ئەویش بۆریس یەلسنە، هیچ کەسایەتییەک هێندەی یەلسن لەم کتێبەدا ناوی ناهێنرێت، «دیارە بە خراپە» هەتا کۆتایی کتێبەکەی، تارمایی یەلسن بەسەر بیرەوەرییەکاندا زاڵەوە، بەبەردەوامیش گۆرباتشۆف رەخنە لە یەلسن دەگرێت، پارادۆکس لەوەدایە، گۆرباشۆف رۆڵی سەرەکی هەبووە لەیارمەتیدانی یەڵسن و هێنانە پێشەوەی بۆ ناو مەیدانی سیاسی.

یەکێتی سۆڤێت و جیهان

نووسەر بەرگی دووەمی کتێبەکەی تەرخانکردووە بۆ پەیوەندی دەرەکی یەکێتی سۆڤێت و بە وڵاتانی جیهانەوە، بەشێکی زۆریشی بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و سەرۆکەکانی تەرخانکردووە. هەروەها باسی سەردانەکانی خۆی بۆ بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و چین و دەکات، زۆر بەگرنگییشەوە باسی پەیوەندی لەگەڵ ئەم وڵاتانە دەکات.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە زۆر بەتوندی هێرش دەکاتە سەر نیکۆڵا شاوشیسکۆی سەرۆکی پێشووی رۆمانیا، رەخنەی زۆر لە سیاسەت و هەڵسووکەوتەکانی ئەم رابەرەی رۆمانیا دەگرێت. هەرچەندە شاوشیسکۆ هاوکاری زۆری یەکێتی سۆڤێتی کردووە، بەتایبەتی لە بواری باشكردنی پەیوەندی لەگەڵ چین، ئەو هەوڵی زۆری داوە تاوەکو یەکێتی سۆڤێت و چین پەیوەندییان باش بێتەوە.

کورد
ئەوەی جێگەی سەرنجە بەهیچ شێوەیەک کورد لەسیاسەت و بیری ئەم سەرکردەیەی سۆڤێت نەبوە، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت، کە ئەوکاتە یەکێتی سۆڤێت کە رابەری جەمسەرێکی گەورەی جیهانی کردوە، هیچ حسابێکی بۆ گەلی کورد نەکردووە، لەکاتێکدا لەناو کوردستاندا، تارمایی یەکێتی سۆڤێت هەتاوەکو رووخانی، زۆر بەسەر دیمەنی سیاسی و فکری کوردا زاڵبووە.

پێش کۆتایی

بەدڵنیاییەوە قسەکردن لەبارەی ئەم کتێبەوە زۆری دەوێت، گۆرباتشۆف زۆر شتی باسکردووە، بەڵام ئەم کتێبە، زانیاری زۆر باشـمان دەداتێ، لەبارەی یەکێتی سۆڤێت و چۆنێتی رووخاندنی. لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لەکاک مەسعود بابایی بکەین، بۆ وەرگێرانی ئەم کتێبە گرنگە.

 

سەرچاوە:
بیرەوەرییەکانی میخائیل گۆرباتشۆڤ. وەرگێرانی: مەسعود بابایی. بەرێوبەرایەتی خانەی وەرگێران. چاپی یەکەم سلێمانی . 2013 . بەرگی یەکەم و بەرگی دووەم


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×