كۆنفرانسێك لەهەولێر داوای ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی عێراق و ئیسرائیل دەكا
  2021-09-25       860       

دوێنێ هەینی بەبەشداریی زیاتر لە 300 كەسایەتی عێراقی لەنێویشیاندا ژمارەیەك سەرۆك عەشیرەت، لە كۆنفرانسێكدا كە لەلایەن سەنتەرێكی ئەمریكییەوە رێكخرابو، داوای ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و عێراق كرا. سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبونەوەكە بە "نایاسایی" ناودەبات و حكومەتی هەرێمیش دەڵێت: ڕێکاری پێویست بەرامبەر چۆنیەتی ڕێکخستنی کۆبونەوەکە دەگرینەبەر.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، كۆنفراسەكە لەژێر ناوی "السلام والاسترداد" بەسەرپەرشتی "سەنتەری گەیاندنی ئاشتی" بەڕێوەچوە كە بارەگاكەی لە نیویۆركە.

جۆزیف برود، شارەزای ئەمریكی و یەكێك لە دامەزرێنەرانی سەنتەرە ئەمریكییەكە، كە بە ڕەچەڵەك جولەكەیەكی خەڵكی عێراقە، بە فرانس پرێس-ی وتوە، زیاتر لە 300 كەسایەتی سوننەو شیعە لە پارێزگاكانی بەغدا، موسڵ، سەڵاحەدین، ئەنبار، دیالەو بابل-ەوە بەشداریی كۆنفرانسەكەیان كردوە كە لە هەولێر بەڕێوەچوە.

بەپێی قسەی برود، لەنێو كەسایەتییەكاندا ژمارەیەك لە سەرۆك عەشیرەت و رۆشنبیرو نوسەرانی ئەو پارێزگایانەی عێراق هەبون.

لە بەیاننامەی كۆتایی كۆنفرانسەكەدا، كە لەلایەن سەحەر تائی، بەڕێوەبەری توێژینەوەكان لە وەزارەتی رۆشنبیری عێراق خوێندرایەوە، هاتوە: داوا دەكەین بچینە نێو رێككەوتنەكانی ئەبراهام...ئێمەش داوای بونی پەیوەندیی ئاسایی لەگەڵ ئیسرائیل دەكەین بە سیاسەتێكی نوێوە كە لەسەر بنەمای پەیوەندیی مەدەنی بێت.

رێككەوتنەكانی ئەبراهام بە سەرپەرشتی واشنتۆن، بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لە ئەیلولی 2020 بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان، لەنێوان ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرەین و دواتریش لەنێوان ئیسرائیل و مەغریب و سودان ئیمزاكران.

بەپێی فرانس پرێس لە كۆنفرانسەكەدا لەڕێگەی ڤیدیۆوە چیمی پێرێز، كوڕی سەرۆكی پێشو و كۆچكردوی ئیسرائیل شیمۆن پێرێز قسەی كردوە.

شێخ رەیسان حەلبوسی، سەرۆك عەشیرەتی بومەتر لە ئەنبار، بە فرانس پرێسی وتوە"بەسە دوژمنایەتی و فیتنەو كوشتن. پێویستە پەڕەیەكی نوێ بۆ هاوكاری و ئاشتی و ئاسایش هەڵبدەینەوە...ناكرێت لە شەو و رۆژێكدا هاوڵاتی(عێراقی) قایل بكرێت بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل...بەڵام لەگەڵ تێپەڕبونی كات، بیركردنەوەكان دەگۆڕێن."

كاردانەوەی حكومەتی هەرێم و عێراق و ئیسرائیل

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە، لە رونكردنەوەیەكدا لەوبارەیەوە وتویەتی"کۆبونەوەکە بەبێ ئاگاداری و بەشداری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخراوە و بەڕێوەچوە، ئەم کۆبوونەوەیە بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات، ڕێکاری پێویستیش  بەرامبەر چۆنیەتی ڕێکخستنی کۆبوونەوەکە دەگرینە بەر."

هەر ئەمڕۆ نوسینگەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، حكومەتی عێراق بەتەواوەتی ئەو كۆبونە نایاساییانە رەتدەكاتەوە كە لەلایەن هەندێك لە كەسایەتییە عەشیرەتییەكانی نیشتەجێی هەولێرەوە گرێدراون و دروشمی ئاساییكردنەوەیان لەگەڵ ئیسرائیل بەرزكردۆتەوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەو جۆرە كۆبونەوانە نوێنەرایەتی خەڵك و هاوڵاتیانی شارەكانی عێراق ناكەن و تەنها نوێنەرایەتی هەڵوێستی ئەوانە دەكەن كە بەشدارییان تێداكردوە.

هەروەك بەیاننامەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كۆبونەوەكەی بە هەوڵێك بۆ "شێواندنی دۆخی گشتی و زیندوكردنەوەی دەنگی تائیفی" ناوبردوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە خستەڕوی پرسی ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل، لەڕوی دەستوری و یاسایی و سیاسییەوە لە عێراق رەتكرایەوە.

لە یەكەم كاردانەوەی ئیسرائیلیدا بەرامبەر بە كۆنفرانسەكە، هەر ئەمڕۆ شەممە، یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو كۆنفرانسەكە "ژیاندنەوەی هیوایە لەو شوێنانەی كە پێشتر بیرمان لێ نەكردونەتەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێمەو عێراق خاوەنی مێژو و ریشەی هاوبەشین لە تائیقەی جولەكەبوندا، هەر كەسێك بیەوێت لە پەیوەندیدا بێت لەگەڵمان، هەمو شتێك دەكەین بۆ ئەوەی لە پەیوەندیدا بین لەگەڵی."

وێڕای ئەوانە كۆنفڕانسەكە كاردانەوەی توندی سەركردە عێراقییەكانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×