ئەیاد عەلاوی دەڵێت: رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان لە 12% تێ نەپەڕێوە
  2021-10-16       1044       

ئەیاد عەلاوی، سەرۆكی بەرەی نیشتمانی مەدەنی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، رێژەی بەشدارییكردن لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق كە رۆژی 10ی ئەم مانگە بەڕێوەچو، لە لەسەدا 12 تێ نەپەڕیوە. داواشی لە دادگای فیدراڵی كرد، ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پەسەندنەكات.

ئاوێنە: ئەیاد عەلاوی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێشوەخت ئێمە هۆشدارییمان دا لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بەبێ رەخساندنی كەشێكی لەبار.

عەلاوی وتیشی، ئەو رێژەی بەشدارییەی لەلایەن كۆمسیۆنەوە بڵاوكراوەتەوە "مەعقول نییە" كە بەقسەی ئەو رێژەی بەشدارییكردن لە لەسەدا 12 تێ نەپەڕیوە.

هەروەك داواشی لە دادگای باڵای فیدراڵی كرد، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە پەسەندنەكات.

داواشی لەو نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق كرد "ئەو بەڵگانە ئاشكرابكەن كە سەبارەت بە ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا، لەلایانە."

وتیشی، بەشدارینەكردنمان لەم هەڵبژاردنەدا بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە لەوانەی گەندەڵی دارایی و كارگێڕی و دەستوەردانی بیانی.

ئەیاد عەلاوی پێشنیاری گرێدانی كۆنگرەیەكی نیشتمانی كرد بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو كێشانە كە رەنگە لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان بكەونەوە.

هەروەها وتیشی"ئەو كەمینەیەی بەشدارییان لە هەڵبژاردندا كردوە، مافی ئەوەیان نییە چارەنوسی ئەو زۆرینەیە دیاری بكەن كە بایكۆتی هەڵبژاردنییان كردوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×