ئا: ئاوێنە
كەس نییە لەو نەوەیەی خەڵكی شاری سلێمانی كە تەمەنیان لەسەروو پەنجا ساڵەوەیە، نەزانن نەوالی سەیدەلی كێیە؟ ئەو خانمێكی بەڕێزی شاری سلێمانی بوو، كە یەكەم ژنە دكتۆر بوو لەشاری سلێمانیدا دوكانی دەرمانسازی دابنێو خزمەتێكی گەورە بەدانیشتوانەكەی بكات.
دكتۆرە نەوال ئیسحاق، كە كچی خێزانێكی بەڕێزی مەسیحی كلدانی بوو، یەكەم ژنیش بوو كە لەو شارەدا مۆڵەتی شوفێری بەدەستبهێنێتو ئوتومبێل لێبخوڕێتو ببێتە ژنێكی رەچەشكێن.
ئەم ژنە كە خێزانەكەی بەبنەچە خەڵكی گوندی هەرمۆتەی سەر بەشارۆچكەی كۆیەن، سەردەمی منداڵیو گەنجێتی لەشاری سلێمانی بەسەربردووەو ئێستا لەوڵاتی سوید دەژی. نەوال لەو چاوپێكەوتنە دەگمەنانەی كەسایەتییە مەسیحیو ماڵپەڕە كلدانییەكان لەگەڵیاندا ئەنجامیانداوە، هەمیشە خۆشەویستی خۆی بۆ شاری سلێمانیو خەڵكەكەی دەربڕیوە.
دكتۆرە نەوالی دەرمانساز كە خاوەنی دەرمانخانەی سلێمانی بووە لەشەقامی پیرەمیرد، خانمێكی بێ ئەندازە خانەدانو راستگۆو ھێمنو لەسەرخۆو قسەخۆشو رۆح سوک بووە، ئێستاش زۆرێك لەخەڵكی بەتەمەنی شار ستایشی میهەرەبانی ئەم ژنە دەکەنو ئەوەی لێدەگێڕنەوە كە هەركات دەرمانیکی ئەدایتێ زۆر بەجوانیو دڵسۆزانە تێی ئەگەیانیتو بۆی وەسف ئەکردیت چۆن بەکاری بهێنیتو زۆر میهرەبانو بەویژدان بووە. هەروەها ئاماژە بەوەش دەكەن كە زۆر جار پارەی لەخەڵكی دەستكورتو هەژار وەرنەگرتووەو خزمەتێكی زۆری بەشاری سلێمانی كردووە.
ئەم خانمە بەڕێزە هەرچەندە زۆرێك باس لەوە دەكەن كە كچەزای كەریمی عەلەكەیە، بەڵام خۆی بەمیدیایەكی كلدانی راگەیاندووە كە سەر بەخێزانی كەریمی عەلەكە نییە، بەڵكو کەریمی عەلەکە خاڵی باوكی بووە، ئەو وتویەتی "ئەمەوێ راشكاوانە قسە بكەمو راستگۆ بمو نامەوێ خۆم بەو كەسایەتییە گەورەیەوە با بدەم، چونكە كەسی ئازا ناڵێ باوكم ئەمەو ئەوە بوو بەڵكو ئەڵێ خۆم ئەوەم".
نەوال كە زمانەكانی كوردیو كلدانیو عەرەبیو ئینگلیزی بەباشی دەزانێ، هاوسەری بەدر نوئیل یوسفی رۆماننوسی ناودارە، كە بەزمانی عەرەبی دەنوسێو هەمیشە لەنوسینەکانیدا پشتیوانی لەكوردو خەڵكی كوردستان دەكات كە خەڵكێكی لێبوردەن.
ھیوای تەمەن درێژییو تەندروست باشی بۆ دكتۆرە نەوال.