"تەندروستی توشبوانی كۆرۆنا لە راپەڕین لە دۆخێكی خراپدایە، تەنها ئەمڕۆ شەش توشبو مردون"
  2021-10-17       932       

تەندروستی راپەڕین رایگەیاند، تەنها ئەمڕۆ لە سنوری ئیدارەكە شەش توشبوی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوەو تەندروستی سلێمانیش دەڵیت، دۆخی توشبوانی پەتاكە لە سنورەكە لە حاڵێكی خراپدایەو سەرجەم ئەمبوڵانسەكانی سلێمانی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ گواستنەوەی نەخۆشانی كۆرۆنا لە سنوری راپەڕینەوە بۆ سلێمانی.

ئاوێنە: بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی راپەڕین، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"بەداخەوە تەنها ئەمڕۆ یەكشەممە، شەش هاوڵاتی بەپەتای کۆڕۆنا لەسنوری ڕاپەڕین کۆچی دواییان کردوە: پێنج لە رانیە، 1 لە قەڵادزێ."

كەمێك لەمەوبەریش بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"دوای ئەنجامدانی پەیوندییەکی تەلەفونی لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی تەندروستی ڕاپەڕین،  د.سەباح نەسرەدین بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سەرجەم ئەمبوڵانسەکانی سەنتەری خێرای ۱۲۲ی سلێمانی و نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ پاڵپشت و پشتیوانی و هاوکاری و گواستنەوەی نەخۆشانی کۆرۆناو دۆخی تەندروستی توشبوان و شوێنی مانەوەی نەخۆش لە دەڤەری ڕاپەڕین و نەخۆشخانەکانی لە حاڵەتێکی خراپدایە."

تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستۆتەڕو"لە ئێستادا لە ڕێگای  ئەمبوڵانسەوە نەخۆشانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی ڕاپەین دەگوازرێنەوەو ڕەوانەی شاری سلێمانی دەکرێن."


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×