2021-11-02   686     
ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرایدەکات، بەشێک لەو ئەفسەرانەی لە سوپای ئەفغانستاندا بوون و دوای هاتنی حوکمی تاڵیبان لەو وڵاتە نەچوونەدەرەوە، پەیوەندیان بە چەکدارانی داعشەوە کردووە.
ئاوێنە: ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی نوسیویەتی، “لەبەر هۆکاری ئابوری و ترس ئەو ئەفسەرانە، کە بەشێکیان ئەفسەری سەربە دەزگاکانی هەواڵگیری بوون، خۆیان گەیاندووەتە چەکدارانی داعش لقی ئەفغانستان، کە بە لقی (خۆراسان)ـی داعش ناسراوە”.
بە وتەی کەسانێک کە ئەو ئەفسەر و ئەندامانەی دەزگا هەواڵگیرییەکانیان ناسیووە، بەهۆی ئەو دوو هۆکارەی سەرەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی دەچنە ڕیزەکانی داعشەوە لەو وڵاتە “زۆر زۆر نییە، بەڵام لە هەڵکشاندایە”.
زانیارییەکانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ باس لەوەدەکەن، ئەو گروپەی خۆیان گەیاندووەتە لای چەکدارانی داعش، ئەزموونی شەڕکردنیان هەیە و بەوەش کۆی ئەزموونی چەند ساڵەیان خستووەتە بەردەم لقی “خۆراسان”ـی داعش.
لەسەر ئەو پرسە ڕەحمەتوڵا نەبیل، بەڕێوەبەری پێشووی ئیدارەی ئەمنی و میلی ئەفغانستان کە ئێستا لەدەرەوەی وڵاتەکەی دەژی، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، “ئێستا هەڵبژاردەی دیار بۆ ئەفسەر و ئەندامانی هەواڵگیری و ئەمنی، تەنها ئەو پانتاییانەن، کە داعش بەدەستییەوە گرتووە.
بە وتەی ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، ئەم حاڵەتەی ئێستا لە ئەفغانستان ڕوودەدات، لە هەمان حاڵەتی عێراقی دوای 2003 دەجێت، کاتێک بەشێک لە ئەفسەر و ئەندامە باڵاکانی حزبی بەعس، چوونە ناو گروپی چەکداری قاعیدە و هاوکاری گروپەکەیان کرد بۆ شەڕ و تەکنیکی لێدان لە هێزەکانی ئەمریکا.