بیره‌وه‌‌رییه‌کانی شیرین عه‌بادی (ئێرانی من)
  2021-11-02       709       

هیوا ناسیح

 

له‌ ماوه‌یه‌ی پێشوودا ژیاننامه‌ و بیره‌وه‌رییه‌کانی ژنه‌ نوسه‌ر و یاساناس و چالاکوان، مامۆستای زانکۆکانی تاران وهه‌ڵگری خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی (شیرین عه‌بادی)م به‌ زمانی ئه‌ڵمانی خوێنده‌وه‌، که‌ به‌ ناوی (ئێرانی من، ژیانێک له‌ نێوان شۆڕش و هیوادا)یه‌، ئه‌م کتێبه‌ که‌ نزیکه‌ی ٣٥٠ لاپه‌ڕه‌یه‌ به‌ ئینگلیزی به‌ هاوکاریی رۆژنامه‌نوسی ئه‌مریکی به‌ڕه‌گه‌ز ئێرانی ئازاده‌ مۆوڤانی نوسراوه‌ و ساڵی ٢٠٠٦ له‌ ئه‌مریکا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌م ژنه‌ بوێر و ئازایه‌، وه‌ک بیرمه‌ند و خه‌باتگێرێکی جیهانی، که بۆته‌ یه‌ک له‌ ژنه‌ ناودار و کاریگه‌ره‌کانی مێژووی ئێران و ناوچه‌که‌، هه‌روه‌ها یه‌که‌م ژنه‌ دادوه‌ر له‌ مێژووی ئێراندا، ساڵی ٢٠٠٣ خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی ، وه‌ک پێزانینێک بۆ ئه‌و خه‌بات و کۆششه‌ی له‌ بواره‌کانی مافی مرۆڤ و دیموکراتییه‌تدا ئه‌‌نجامی داوه‌، پێ ده‌به‌خشرێت، به‌مه‌ش د‌ه‌بێته‌ یه‌که‌م ژنه‌ موسوڵمان له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهاندا  که‌ بووه‌ته‌ خاوه‌ن خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی.
ئه‌م کتێبه‌ بریتییه‌ که‌ چه‌ند به‌شێک، که‌ لێره‌دا به‌ کورتی باسیان ده‌که‌م:
پێشه‌کی، لێره‌دا باس له‌و ڕووداوه‌ سه‌یر و تراژیدییه‌‌ ده‌کات که‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٠ دا ڕوویدا، له‌و ساڵه‌دا که‌ ئه‌م وه‌ک سه‌رۆکی تیمی پارێزه‌رانی داکۆکیکار له‌ تیرۆری ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ی هه‌مان ساڵ له‌ لایه‌ن ده‌زگای ئیتلاعاتی رژێمی ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ ئه‌نجام دراون ده‌کات، که‌ ناسراوه‌ به‌ تیرۆری زنجیره‌یی (قتلهای زنجیره‌یی). ئه‌م کاتێک له‌گه‌ڵ تیمه‌که‌دا زۆر سه‌رقاڵی پشکنین و لێکۆڵینه‌وه‌ن له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی ده‌ستیانکه‌وتوه‌، تا ئاماده‌ی بکه‌ن بۆ دانیشتنی دادگاکه‌. له‌ پڕ له‌ نێو ئه‌و سه‌دان لاپه‌ڕه‌‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستیدان چاوی ده‌که‌وێته‌ سه‌ر گفتوگۆیه‌کی تۆمارکراو، که‌ پێده‌چێت به‌ بێته‌ل یان ته‌له‌فون بێ، له‌ نێوان لێپرسراوێکی به‌رزی ده‌زگای هه‌واڵگری (اتلاعات)ی ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌ ئه‌نجامده‌رانی تیرۆره‌کاندا روویداوه‌ و تۆمارکراوه‌. له‌وێدا لێپرسراوی باڵا به‌ بکه‌ره‌که‌ ده‌ڵێت „که‌سی داهاتوو، که‌ ده‌بێت تیرۆر بکرێت شیرین عه‌بادییه‌!“ ...هتد. شیرین که‌ چه‌ندان جاری تر هه‌ڕه‌شه‌ی لێکراوه‌ و تۆمه‌تبارکراوه‌، لێره‌دا توشی شۆک دێت،  باس ده‌کات، چۆن خۆی و هاوڕێ پارێزه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ چاوه‌ڕواننه‌‌کراوه‌ به‌رخورد ده‌که‌ن.
گه‌نجێتی له‌ تاراندا، ئه‌م که‌ له‌ساڵی ١٩٤٧ له‌ هه‌مه‌دان له‌ دایکبووه‌، مناڵی و قۆناغه‌کانی خوێندنی له‌ تاراندا به‌سه‌ر بردوه‌، باس له‌ ژیانی مناڵی و گه‌نجێتی و ئینجا خوێندکاریی له‌ زانکۆی تاران و به‌شداریی کاریگه‌رانه‌ی له‌ خۆپیشاندانه‌کانی ئه‌وکاتی زانکۆی تاران دژ به‌ رژێمی شا ده‌کات.
دۆزینه‌وه‌ی داد (عه‌داله‌ت) ساڵی ١٩٦٩ به‌شی یاسا و دادوه‌ریی ته‌واو ده‌کات. هه‌مان ساڵ له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کی پیاوی به‌ناوی (جه‌واد ته‌ڤاس) که‌ که‌سێکی روناکبیره‌ هاوسه‌رگیریی ده‌کات. له‌ ساڵی ١٩٧٥ ده‌بێته‌ یه‌که‌م ژنه‌ دادوه‌ر له‌ مێژووی ئێراندا. دواتریش ده‌بێته‌ سه‌رۆکی دادگای باڵای تاران.
تامی تاڵی شۆڕش، که‌ مه‌به‌ست لێی شۆرشی گه‌لانی ئێرانه‌ ١٩٧٩ دژ به‌ رژێمی شاهه‌نشاهی که‌ دوو هه‌زار ساڵ بوو حوکمی ئێرانی ده‌کرد. به‌ درێژی باس له‌ دیوی ناوه‌وه‌ی شۆرشی گه‌لانی ئێران دژ به‌ رژێمی شا، وه‌ ڕۆڵی خومه‌ینی وه‌ک ڕابه‌رێکی کاریزمی له‌ته‌مه‌نی ٧٨ ساڵیدا له‌ پاریسه‌وه‌ بۆ تاران وه‌ هاتنه‌وه‌ی ناوبراو و هه‌ڵاتنی شا. ئه‌و‌ه‌ی جێگای سه‌رنجه‌ لێره‌دا، کاتێک شا بۆ دامرکاندنه‌وه‌‌ی خۆپیشاندانه‌کان و ڕازیکردنی خه‌ڵکی ناڕازی هه‌ندێک چاکسازی له‌ ئاستی باڵادا جێبه‌جێ ده‌کات، خومه‌ینی لێدوانێک ده‌دات، که ئه‌وکات هێشتا هیچ پله‌یه‌‌کی باڵای نه‌بووه‌ و شۆڕش له‌ گه‌رمه‌یدا بووه‌، ده‌ڵێت „ شا خۆی هه‌ر ده‌بێت بڕوات! “، ئیتر ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ دروشمێکی سه‌ره‌کی خۆپیشانده‌ران و ....هتد. دواتر دێته‌ سه‌ر به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی ئازادییه‌ تاکییه‌کان و فه‌رزکردنی حیجاب و چه‌‌سپاندنی بنه‌ماکانی رژێمی ئیسلامی و (ویلایه‌‌تی فه‌قیه). که‌ ئه‌م دژی ئه‌مانه‌ بووه‌. هاوکات باس له‌وه‌ ده‌کات له‌ ئه‌نجامی ئه‌و رێکار و یاسایانه‌دا ئه‌م وه‌ک مێینه‌یه‌‌ک له‌ کاره‌که‌ی وه‌‌ک دادوه‌ر لاده‌برێت، چونکه‌ به‌ پێی پره‌نسیپه‌کانی ئه‌و رژێمه‌ نابێت ژن دادوه‌ر بێت، تا ده‌گات به‌وه‌ی ده‌یکه‌ن به‌ سکرتێره‌ له‌ هه‌مان فه‌رمانگه‌ی دادوه‌ریی باڵا، که‌ خۆی دادوه‌ر و سه‌رۆکی فه‌رمانگه‌ بووه‌ تێیدا، ئه‌مه‌ش وه‌ک سوکایه‌تی و بێرێزییه‌‌ک ده‌بینێت و له‌ ئه‌نجامدا واز له‌ کاره‌که‌ی ده‌هێنێت. له‌و کاتانه‌دا باری دارایی خێزانه‌که‌یان ئه‌وه‌نده‌ خراپ ده‌بێت، ده‌ڵێت وه‌ک شکاندنی ڕۆتین، جارو بار خواردنی خێزانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ، که پێی راهاتبوون، کاتێک دوو کچه‌که‌ی (نیگار و نێرگس) وه‌ک دوو مناڵی نازدار داوا ده‌که‌ن بچنه‌ ریستورانتێکی ده‌ره‌وه‌ وه‌ک جاران نان بخۆن، ده‌ڵێت، خواردنێکی تۆزێک تایبه‌تم دروست کرد و له‌ گۆشه‌یه‌کی ماڵه‌که‌ماندا مێزم ڕازانده‌وه‌ و له سه‌ر دیواره‌که‌ ده‌منوسی (ریستورانتی شیرین)، ده‌مگوت، فه‌رموو وه‌رن بخۆن، ئێوه‌ لێره‌ داوه‌تی منن. تا هه‌ندێک فه‌رامۆشیان بێت. تا ده‌گات به‌وه‌‌ی نوسینگه‌ی پارێزه‌ری داده‌نێت وه‌ک سه‌رچاوه‌ی بژێوی. زۆربه‌ی ئه‌و که‌یسانه‌ی تایبه‌تن به‌ ژنان و مناڵان وه‌رده‌گرێت و له‌ هه‌ندێکیاندا بێ هیچ به‌رامبه‌رێک و به‌ خۆڕایی داکۆکییان لێ ده‌کات. به‌ تایبه‌ت قوربانییانی خوار ١٨ ساڵ و هه‌روه‌ها بێوه‌ژنانی جه‌نگ. له‌ ئه‌م که‌یس و تاوانانه‌دا‌ زۆرجار له‌گه‌ڵ قوربانییه‌کاندا گریاوه‌ و خۆبه‌خشانه‌ کاری بۆ کردون.
ئێران له‌ جه‌نگدا، له‌م به‌شه‌دا باس له‌ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی نێوان عێراق و ئێران له‌ ٢٢ی ئه‌یلولی ١٩٨٠ ده‌کات، که‌ به‌ هێرشێکی سوپایی فراوانی عێراق بۆ ناو سنوری ئێران ده‌ست پێ ده‌کات. تا دێته‌ سه‌ر  بردنی به‌ کۆمه‌ڵی گه‌نج و لاوانی ئێرانی به‌ره‌و به‌ره‌کانی جه‌نگ، هه‌روه‌ها داگیرکردنی شاری ستراتیژیی خوڕه‌مشه‌هر له‌لایه‌ن عێراق و دواتر هێرشی خوێناوی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنه‌وه‌ی که‌ نزیکه‌ی ١٠٠ هه‌زار که‌سی تێدا کوژرا، به‌ جۆرێک له لایه‌ن خومه‌ینییه‌وه‌ شاره‌که‌ ناو ده‌نرێت شاری خوێن (خونشه‌هر). هه‌روه‌ها باس له‌ هێرشی کوێرانه‌ و رۆژانه‌ی فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی عێراق بۆ شار و ناوچه‌ مه‌ده‌نییه‌کانی ئێران ده‌کات. هه‌ر له‌و کاتانه‌دا سه‌رکوتی سیاسی و ته‌سکبوونه‌وه‌ی په‌راوێزی ئازادی کاری سیاسی زۆر که‌م ده‌بێته‌وه‌، لێره‌شدا چیرۆکی تراژیدی (فوئاد)ی لاو، که‌ شوبرای بووه‌ و خوێندکار بووه‌ له‌ تاران باس ده‌کات، که‌ گرتن و حوکمدان و دواتر له سێداره‌دانی به‌ بڕیاری که‌سیی خومه‌ینی له‌گه‌‌ڵ ٤ بۆ ٥ هه‌زار زیندانی سیاسی تردا، له‌ کۆتایی جه‌نگه‌که‌دا، که‌ گه‌وره‌ترین کۆمه‌‌ڵکوژیی بووه‌ له‌ مێژووی خوێناوی رژێمی ئیسلامیدا، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م که‌یسه‌‌شه‌ که‌ سه‌رۆککۆماری ئێستای ئێران ئیبراهیم ڕه‌ئیسی تۆمه‌تبارکراوه،‌ وه‌ک ده‌وترێت یه‌ککێکه‌ له ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌.
هه‌ر له‌م به‌شه‌دا باس له‌ کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ش ده‌کات. دواتر دێته‌ سه‌ر ئه‌نجامگیری جه‌نگ، ده‌نوسێت: هه‌ردوو وڵات باسیان له ‌بردنه‌وه‌ی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ ده‌کرد، به‌ڵام له ڕاستیدا ته‌نها بازرگانه‌‌کانی جه‌نگ و کۆمپانیا ئه‌مریکی و ئه‌وروپییه‌‌کان بوون به‌ فرۆشتنی چه‌ک و جبه‌خانه‌ی جه‌نگی بردیانه‌وه‌. له‌ باسی زیانه‌کانی جه‌نگه‌که‌دا ده‌ڵێت: ئه‌نجامه‌که‌ی، کوشتنی نزیکه‌ی میلیۆنێک مرۆڤ، ١٠٠ هه‌زار دیلی جه‌نگی، ٢ میلیۆن و نیو په‌ناهه‌‌نده‌، هه‌روه‌ها ته‌نها له‌ بواری نه‌وتدا ئه‌و دوو وڵاته‌ زیانی ٥٠٠ ملیار دۆلاریان به‌رکه‌وت!
ناوبراو ساڵی ١٩٩٤ له‌ پاڵ کاره‌کانی خۆیدا وه‌ک پارێزه‌ر و مامۆستای یاسا ده‌زگایه‌ک بۆ پاراستنی مافه‌کانی مناڵان داده‌مه‌زرێنێت (مناڵپارێز). دواتر و ساڵی ١٩٩٦ له‌لایه‌ن رێکخراوی نێوده‌وڵه‌تی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ (هیومه‌ن رایتس ۆچ)ه‌وه‌ خه‌ڵات ده‌کرێت.
دواتر دێته‌ سه‌ر مردنی خومه‌ینی که‌ رژێمی ئێران ناوی ناوه‌ (ڕابه‌ری بێبه‌شه‌‌کانی جیهان) و ئه‌و پێشوازییه‌ بێوێنه‌یه‌ی مه‌راسیمی ناشتنی ته‌رمه‌که‌‌ی ناوبراو، و ته‌نانه‌ت په‌لاماری تابوته‌که‌‌ی و دڕاندنی کفنه‌که‌‌ی (له‌ خۆشه‌ویستیدا) که‌ زۆرترین ده‌نگدانه‌وه‌ی له‌ میدیا جیهانییه‌کاندا به‌دوای خۆیدا هێناوه‌.
ناوبراو به‌شێکی تایبه‌تی ته‌رخانکردوه‌ بۆ باسی تیرۆری رژێمی ئیسلامی  به‌ ناوی (تیرۆر و کۆماره‌که‌)، له‌وێدا باس له‌ سه‌رده‌مێک ده‌کات ساڵی ١٩٩٧ کاتێک عه‌لی فه‌لاحییان وه‌زیری ئیتلاعات بووه‌، که‌ چۆن ناوبراو به‌ فه‌رمی له ‌دادگای باڵای به‌رلین له‌ سه‌ر که‌یسی ریستورانتی میکونوس، که‌ دکتۆر سه‌‌عیدی شه‌ره‌فکه‌ندی تێدا تیرۆرکرا به‌ تاوانکار دانرا.
دواتر باس له‌ تیرۆره‌ زنجیره‌ییه‌کانی که‌سایه‌تییه‌ سیاسی و رۆشه‌نفکره‌کانی تاران ده‌کات ساڵی ١٩٩٨، که‌ له سه‌رده‌می خاته‌می، که‌ خه‌ڵکی ئێران هیوایه‌کی زۆریان له‌سه‌ری هه‌ڵچنی بوو، که ریفۆرم بکات و وڵات به‌ره‌و دیموکراتییه‌ت و کرانه‌وه‌ به‌رێت، ئه‌نجام دران، تا ده‌گات به‌وه‌ی له‌ ژێر فشاری زۆری ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌‌وه‌دا وه‌زیری ئیتلاعات ده‌ست له‌ کار بکێشێته‌وه‌.
له‌ به‌شێکی تردا به‌ ناوی (چه‌که‌ره‌کردنی هیوا) باس له‌ به‌شداری ٢٢ میلیۆن ئێرانی له‌ هه‌ڵبژاردن و پشتیوانی بێسنوری خه‌‌ڵک ده‌کات بۆ خاته‌می. به‌ڵام دواتر هیواکان کاڵ ده‌بنه‌وه‌. له‌ به‌شێکی تردا به‌ ناوی (له‌ زینداندا به‌ هۆی بیروڕای جیاوازه‌وه‌) له‌سه‌ر داکۆکی یاسایی له که‌یسه‌ سیاسییه‌کان و هه‌روه‌ها جیاوازی بیروڕای له‌گه‌ڵ رژێمی ئێراندا ده‌گیرێت و ده‌خرێته زیندانه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت زیندانی تاکه‌که‌سی و دواتر له‌‌گه‌ڵ ده‌رمانخۆر و ئالوده‌بوو و تاوانکارانی تردا له‌ زیندانی ناسراوی (ئه‌ڤین)دا ده‌خرێته‌ ژووره‌وه‌، نزیکی مانگێک ده‌مێنێته‌وه‌.

هه‌ر له‌م کتێبه‌دا باس له ‌دوو رۆژنامه‌نوس ده‌کات، که‌ یه‌‌که‌میان به‌ ته‌ندروستی خۆی و دووه‌میان به ژیانی نرخی ئازادی و بیروبڕوای خۆیان دا. یه‌که‌میان ئه‌کبه‌رگه‌نجییه‌، که‌ له‌سه‌ر وتارێک ساڵی ٢٠٠٠ یه‌که‌م جار ده‌ ساڵ و دواتر که‌مده‌کرێته‌‌وه‌ به‌ شه‌ش ساڵ حوکم ده‌درێت، ئه‌ویش له‌ زیندانی به‌دناوی (ئه‌ڤین)دا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌‌ نوسین و سورتر ده‌بێت له‌سه‌ر بیروڕاکانی تا ده‌گات به‌وه‌ی ماوه‌یه‌‌کی زۆر مان له‌ خواردن ده‌گرێت و له مه‌رگ نزیک ده‌بێته‌وه‌، ئه‌و که‌ پوخته‌ی بیروڕای خۆی بریتی ده‌بن له داواکاریی‌ جیاکردنه‌وه‌ی ئاین له‌ ده‌وڵه‌ت. داواکاریی ده‌ستکێشانه‌وه‌ی ڕابه‌ری باڵا و هه‌روه‌ها بنیاندنانی سیسته‌مێکی دیموکراتی، له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌ و زینداندا پاشه‌کشه‌ ناکات و تا که‌یسه‌که‌ی له‌ سه‌ر ئاستی جیهان ده‌نگ ده‌داته‌وه‌.
دووه‌م کچه‌ رۆژنامه‌نوسی ئازا زوهرا کازمییه‌، ناوبراو‌ ره‌گه‌زنامه‌ی که‌نه‌دی هه‌بووه‌ و خۆشی ئێرانی بووه‌، کاتێک له‌ گه‌رمه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی زانکۆکانی ئێران ساڵی ٢٠٠٣ خه‌ریکی وێنه‌گرتنی خۆپیشانده‌ران و گه‌یاندنی ده‌نگیان بووه‌ به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌. له‌وێ دوو مه‌ئموری ئاسایشی ئێران داوای کامێراکه‌ی لێ ده‌که‌ن، که‌ پێ ده‌چێت ژماره‌یه‌کی زۆر وێنه‌ی تێدا بووبێت. زۆری بۆ ده‌هێنن، ئه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌‌کانی گرتونی وه‌ک سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵگری بۆ ناسینه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران و رێکخه‌ران به‌کارنه‌هێنن، دێت فیلمه‌که‌ له‌به‌رچاویان ده‌رده‌کات و ده‌یخاته‌ به‌ر خۆره‌که‌ تا بسوتێت، ئینجا کامێراکه‌یان ده‌داتێ، لێی ده‌‌پرسن بۆ واتکردن، ده‌ڵێت: ئاخر ئێوه‌ ده‌توانن کامێراکه‌تان هه‌بێت، به‌ڵام فیلمه‌که‌ هی منه‌! ئه‌مه‌ پیاوه‌کانی ئیتلاعات زۆر بێزار و توڕه‌ده‌کات، پاش گرتنی ناوبراو ،ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی زۆر و بێبه‌زه‌ییانه‌ ده‌درێت، تا له‌ژێر لێداندا گیانی ده‌به‌خشێت. که‌ ئه‌م خۆبه‌ختکردنه‌ به‌ڕای من لوتکه‌ی مۆراڵ و پیشه‌یی بوون و بوێرییه له‌ بواری رۆژنامه‌گه‌رییدا.
شیرین عه‌بادی هه‌ردوو که‌یسه‌که‌ وه‌رده‌گرێت و به‌وپه‌ڕی ئازایه‌تییه‌وه‌ داکۆکیی لێ ده‌کات، لێره‌دا ده‌ڵێت (زوهرا یه‌که‌م که‌س نه‌بوو له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا گیان بدات، به‌ڵام له‌ نێوده‌وڵه‌تیدا زۆر ده‌نگی دایه‌وه‌، منیش ویستم به‌ جیهان بڵێم چی له‌ ئێران ڕووده‌دات و تا بۆم بکرێت رێگری له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی کاره‌سات بگرم). ئه‌و که‌یسه‌ وا ده‌کات ماوه‌یه‌ک گرژییه‌کی زۆر ده‌که‌وێته‌ نێوان که‌نه‌دا و ئێرانه‌وه‌، تا ده‌گات به‌وه‌ی له‌ ژێر فشاردا جێگری سه‌رۆکی ئێرانی ئه‌وکات (عه‌لی ته‌باته‌بایی) ناچار به‌ لێدوان ده‌کات و دانی پێدا ده‌نێت، که زوهرا له ژێر لێداندا کوژراوه‌!
له کۆتایی کتێبه‌که‌یدا دێته‌ سه‌ر باسی هه‌ڵبژاردن و پێدانی خه‌ڵاتی نۆبڵ پێی، کاتێک ئه‌م له‌ گه‌ڵ یه‌ک له‌ کچه‌کانیدا له‌ پاریس ده‌بێت بۆ به‌شداری کۆنفرانسێکی نێوده‌وڵه‌تی، هه‌واڵه‌که‌‌ی پێ ده‌گه‌یه‌نن. دیاره‌ ده‌سته‌ڵاتدارانی ئێران زۆر پێی قه‌ڵس ده‌بن. که‌چی سه‌یر ئه‌‌وه‌یه‌ که‌ هه‌واڵه‌که‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌، باڵوێزی ئێران له‌ فه‌ره‌نسا په‌یوه‌ندی پێوه‌ ده‌کات و پیرۆزبایی لێ ده‌کات! هۆڵێکیشی بۆ ده‌گرن بۆ کۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی، باڵوێزیش دوو کارمه‌ندی بۆ لا ده‌نێرێت و قورئانێکی به‌دیاری بۆ دێنن! دیاره‌ ئه‌م ره‌فتارانه‌ی پێ سه‌یر ده‌بێت، چونکه‌ چی خراپه‌ پێیان کردوه‌، له‌ هه‌ڕه‌‌شه‌، زیندانیکردن، ده‌رکردن له‌کار و سوکایه‌تی و ..هتد. له‌ لایه‌کی تره‌وه‌ خاته‌می سه‌رۆکی ئه‌و کاتی ئێران بۆ که‌مکردنه‌وه‌ له‌ بایه‌خی ئه‌و ڕووداوه‌ له‌ وڵامی رۆژنامه‌نوسێکدا ده‌ڵێت: نۆبڵی ئاشتی هیچ گرنگی نییه‌، نۆبڵی ئه‌ده‌ب به‌ ڕاستی گرنگه‌!
ئینجا دێته‌ سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئێران و ئه‌و پێشوازییه‌ بێوێنه‌یه‌ی له‌لایه‌ خه‌‌ڵکی تارانه‌وه‌ لێی کراوه‌، ناوبراو ڕازی نابێ به‌ به‌شی که‌سایه‌تیه‌ گرنگه‌کاندا (VIP)دا بێته‌ ژووره‌وه‌! له‌ فڕگه‌ جێگری سه‌رۆک یئێران و وته‌بێژی فه‌رمی حکومه‌ت له پێشوازیدا ده‌بن، جگه‌له‌مه‌ نه‌وه‌‌یه‌‌کی ئیمام خومه‌ینی ئه‌ڵقه‌یه‌کی گوڵی ئۆرکیدیا ده‌خاته‌ ملی. که‌ ده‌ڵێت به‌ سه‌دان هه‌زار که‌س شه‌پۆلی ده‌دا، بڕوام به‌ چاوه‌کانم نه‌ده‌کرد، نه‌ک ناو فڕگه‌‌ به‌ڵکو رێگای تارانیش به‌ره‌و ئه‌وێ به‌هۆی پێشوازیکه‌رانه‌وه‌ داده‌خرێت و ناچار فڕگه‌‌ی تاران سه‌رجه‌م گه‌شت و فڕینه‌کانی ئه‌و شه‌وه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌.

له دوا به‌شی کتێبه‌که‌‌یدا پوخته‌ی بیروبۆچون و فه‌لسه‌فه‌ی خۆی له‌سه‌ر کێشه‌‌کانی ئێران به‌تایبه‌تی و ململانێی ئه‌مریکا و ئێران به‌ گشتی ده‌خاته‌ ڕوو، لێره‌دا ر‌ه‌خنه له‌ سیاسه‌تی هه‌ردوو ئه‌مریکا و ئێران ده‌گرێت و پێی وایه‌، تا ئه‌مریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بیانه‌وێت به‌ هێزی سه‌ربازیی گۆڕانکاری له ئێراندا بکه‌ن، ئه‌وا رژێمی ئێران سودی لێ ده‌بینێت و وه‌ک پاساو بۆ سه‌رکوتکردنی هه‌ر خه‌ڵکێکی نه‌یاری خۆی له‌ ناوخۆ به‌کاری ده‌هێنێت. ئه‌م لای وایه‌، که‌ رێگای خه‌باتی مه‌ده‌نی و دیموکراتی، هه‌رچه‌نده‌ رێگایه‌کی درێژه‌ و وه‌ حه‌وسه‌ڵه‌ی زۆر و قوربانیدانیشی ده‌وێت، و هێواش و له‌سه‌ر خۆیه‌ بۆ گۆڕانکاری، به‌ڵام ته‌نها و باشترین ڕێگه‌یه‌ بۆ گۆڕانکاری له‌ ناوخۆدا. ده‌شڵێت ته‌نها وڵاتان فشاری سیاسی له‌ ئێران بکه‌ن له‌ بواری پێشێلکاری مافه‌کانی مرۆڤ و ئازادییه‌ تاکییه‌کان ئه‌مه‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وان. 
به‌‌ڕای من سه‌ر‌ه‌ڕای ئازایی و بوێری ئه‌م ژنه‌ و خه‌باتی بێوچان و نه‌پساوه‌ی له‌ پێناو مافی ژنان و مناڵان و ئازادی و دیموکراتییدا، که‌ جێگه‌ی رێز و پێزانینه‌، به‌‌ڵام ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی له‌م کتێبه‌یدا ده‌کرێت لێی بگرین، ئه‌وه‌یه‌ که ناوبراو، وه‌ک رۆشه‌نبیرانی تری فارس، زۆر پان ئێرانییانه‌ بیر ده‌کاته‌وه‌، هیچ باس له‌ مافه‌ سیاسی و که‌لتورییه‌کانی که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌کانی دی ئێران، وه‌ک کورد، عه‌ره‌ب، ئازه‌ری و بلوچی ناکات. جگه‌ له‌وه‌ش هیچ باس له چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ش ناکات بۆ ئازادی و مافه‌کانییان، که‌ چییان به‌سه‌ر هاتوه‌ له‌ ژێر ده‌ستی ئه‌م رژێمه‌دا. بۆ نمونه‌ خومه‌ینی له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ئابی ١٩٧٩ فه‌توای جیهادی له‌ دژی كوردانی رۆژهه‌ڵات ده‌ركرد وه‌ک کافر ناساندنی و سه‌ر و ماڵیانی حه‌ڵاڵ کرد، که‌چی ئه‌م به‌ دێڕێکیش باسی نه‌کردوه‌. پاشان ده‌کرا بۆچوون و دیدی خۆی، وه‌ک بیرمه‌ند و که‌سێکی ناودار و ناسراو له ئاستی جیهاندا، بۆ چاره‌سه‌ریی ریشه‌یی کێشه‌ی ئه‌م گه‌لانه‌ بخانه‌ ڕوو، بۆ نمونه‌، فیدراڵی یا کۆنفیدراڵی و شتی وا.
ئه‌م کتێبه‌ زۆر گرنگه‌ بکرێته‌ کوردی، تا خوێنه‌رانی کوردیش شاره‌زای دیوی ناوه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی ئێران به‌ گشتی و تاران به‌تایبه‌تی ببن، هه‌روه‌ها ئه‌م ژنه‌ بناسن،
تێبینی:
·      سه‌رچاوه‌: Mein Iran, Shirin Ebadi, Ein Leben zwischen Revolution und Hoffnung, Deutsch von Ursula Pesch, 2007, Deutschland, erste Auflage, ISBN 978-442-36714-X
·      شیرین عه‌بادی له کتێبه‌که‌یدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌، که‌ ناچاری نه‌بێت، تا بکرێت مرۆڤ وڵاتی خۆی به‌ جێنه‌هێڵێت، بۆیه‌ خۆی سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو فشارانه‌ی له‌ سه‌‌ری بوو، تا ساڵی ٢٠٠٩ مایه‌وه‌، ئه‌وکات کۆچی کرد بۆ به‌ریتانیا و ئێستا له‌وێ ده‌ژی. رژێمی ئێران ته‌نانه‌ت مێدالیای نۆبڵه‌که‌شیان لێ زه‌وت کرد!
·      له‌ ١١ی دیسه‌مبه‌ری ٢٠٠٣ ناوبراو به‌ بۆنه‌ی به‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبل پێی ئاهه‌‌نگێکی زۆر گه‌وره‌ی له‌ ئۆسڵۆی پایته‌ختی نه‌رویج رێکخست، که‌ ده‌یان هه‌زار که‌س ئاماده‌ بوون. شایه‌نی باسه‌ گروپی کامکارانی کوردی داوه‌تکردبوو، ئاهه‌نگه‌که‌یان بۆ ساز کرد. لێره‌دا لینکی چه‌ند خوله‌کێکی ئاهه‌نگه‌که‌ داده‌نێم.

https://www.youtube.com/watch?v=znLXS0w21VM

 

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×