روسیا بۆ پۆڵەندا: بەشداربون لە وێرانكردنی عێراقدا، پەنابەرانی وەربگرن
  2021-11-08       1006       

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا وەڵامی ئەو تۆمەتانە دەداتەوە كە لەسەر كێشەی پەنابەرانی كوردی عێراق، لەلایەن پۆڵەنداوە ئاڕاستەی بێلاڕوسیا كراون و دەڵێت: "باشترە سیاسییەكانی پۆڵەندا لە بیریان بێت كە وارشۆ رۆڵێكی دیاری گێڕاوە لە وێرانكردنی عێراقدا."

ئاوێنە: ماریا زاخارۆفا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، ئەمڕۆ دوشەممە، وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایەوە كە لەلایەن پۆڵەنداوە ئاڕاستەی بێلاڕوسیا دەكرێن كە گوایە كێشەی بۆ وڵاتەكەیان دروستكردوە بەناردنی سەدان پەنابەریی عێراقی بۆ سەر سنورەكانیان.

بەپێی میدیاكانی روسیا ماریا زاخارۆفا لە كەناڵی تەلەگرامی خۆی نوسیویەتی"باشترە ئەو سیاسییە پۆڵەندییانە كە نەفرەت بۆ سەرۆكی بێلاڕوسیا دەنێرن و مینسك تۆمەتبار دەكەن بە خستنەوەی قەیرانی پەنابەرانی عێراق، لەبیریان بێت كە وارشۆ رۆڵێكی دیاری گێڕاوە لە وێرانكردنی عێراقدا."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە دو هەزار سەربازی پۆڵەندی بەناوی "بەدیهێنانی دیموكراسیەت" لەچوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمان لەگەڵ ئەمریكا، چونەتە عێراق.

زاخارۆفا بە تانەوە پرسیوەیەتی، ئایا پۆڵەندا ئەمڕۆ ئامادەیە "لانیكەم دو هەزار لەو پەنابەرە عێراقییانە وەربگرێت كە باوكان و دایكانیان هەرگیز خەونیان بەم ژیانەی ئەمڕۆوە نەدیوەو خەریكی بونیادنانی ژیانی خۆیان بون لە عێراقی نیشتمانیان بەر لە داگیركردنی لەلایەن هێرشی دیموكراتە بێزراوەكانەوە."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی پۆڵه‌ندا، ئانجی دودا، داوایكرد، هه‌رچی زوه‌ په‌له‌ بكرێت له‌ رێكخستنی كۆبونه‌وه‌یه‌ك بۆ تاوتوێكردنی ره‌وشی پەنابەران لە ناوچه‌كانی سنوری پۆڵه‌ندا و بیلاڕوسیا.

یەكێتی ئەوروپاو پۆڵەندا، بێڵاڕوسیایان تۆمەتبار كردوە بەوەی كارتی پەنابەران لە دژیان بەكاردەهێنێت.

ماوەیەكە پەنابەرانی عێراقی كە بەشێكیان كوردن بۆ گەیشتن بۆ ئەوروپا رویان كردۆتە بێلاڕوسیاو بەشێكی زۆریشیان ئەمڕۆ بە لێشاو رویان لە سنورەكانی پۆڵەندا كرد، بەهیوای بەزاندنی ئەو بەربەستە توندانەی كە لەلایەن پۆڵەنداوە لەسەر سنور دانراون.

وەزارەتی ناوخۆی پۆڵەندا ئەمڕۆ تەئكیدی كردبوە لەسەر توندكردنی زیاتری سنورەكانی بەڕوی ئەو پەنابەرانەداو لە ئێستاشدا ئەو پەنابەرانە لەسەر سنوری نێوان بێلاڕوسیاو پۆڵەندا گیریان خواردوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×