پۆڵەندا وادەی دروستكردنی دیواری لەسەر سنوری بێلاڕوسیا راگەیاند
  2021-11-15       729       

وەزارەتی ناوخۆی پۆڵەندا رایگەیاند، وڵاتەكەی لە مانگی داهاتوەوە دەست بە دروستكردنی دیوار لەسەر سنوری بێلاڕوسیا دەكات و لەماوەی نیوەی یەكەمی ساڵی داهاتوشدا پڕۆژەكە تەواو دەبێت.


ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ دوشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، لەنزیك ناوەڕاستی مانگی كانونی یەكەمی ئەمساڵ، گرێبەستی پڕۆژەی دروستكردنی دیوار لەسەر سنوری وڵاتەكەیان لەگەڵ بێلاڕوس ئیمزادەكرێت و لە هەمان مانگیشدا دەست دەكرێت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكەو دروستكردنی دیوارەكە بەشێوەیەك كە رۆژانە بە سێ شەفت بۆ ماوەی 24 سەعاتی بەردەوام كاری تێدەكرێت.

وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا رایگەیاندوە، پڕۆژەی دروستكردنی دیوارەكە، سەرمایەگوزارییەكی "ستراتیژییەو ئەولەویەتی رەهای هەیە لەپێناو ئاسایشی هاوڵاتیان و دەوڵەتی پۆڵەندادا."

وەزارەتی ناوخۆی پۆڵەندا لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی بەوەشداوە كە لە نیوەی یەكەمی ساڵی داهاتودا دروستكردنی دیوارەكە تەواودەكرێت كە نزیكەی 407 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت و بەدرێژایی 180 كیلۆمەتری سنور دەبێت كە دەكاتە نیوە كۆی درێژیی سنوری نێوان پۆڵەنداو بێلاڕوس.

مانگی رابردو پەرلەمانی پۆڵەندا دەنگی لەسەر پڕۆژەی دروستكردنی دیوارەكە دابو.

دروستكردنی ئەو دیوارە لەو جێیە كە لە ئێستادا بەشێكی زۆر لە كۆچبەرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆچبەرانی بەشێك لە وڵاتانی دیكەی ناوچەكە كۆبونەتەوەو داوا دەكەن سنورەكانی یەكێتی ئەوروپا لە رێگەی پۆڵەنداوە بەڕویاندا بكرێنەوە.

هەرچەندە كۆچبەرانی سەر سنورەكە لە دۆخێكی خراپدا دەژین، بەڵام پۆڵەندا جەخت دەكاتەوە كە ئامادە نییە سنورەكانی بەڕویاندا بكاتەوەو داوا لە كۆچبەران دەكات بگەڕێنەوە وڵاتەكانیان.
یەكێتی ئەوروپا، بێلاڕوسیا تۆمەتبار دەكات بەوەی كە دەیەوێت پرسی كۆچبەران بكاتە گوشارێك لەسەر وڵاتانی ئەندامی یەكێتییەكە بۆ سوككردنی سزاكانیان لەسەر وڵاتەكە. بەڵام ئەمڕۆ یەكێتی ئەوروپا جەختی كردەوە كە بەمنزیكانە سزای زیاتر بەسەر بێلاڕوسیادا دەسەپێنن.

حكومەتی عێراقی رایگەیاندوە كە كاردەكەن بۆ گەڕاندنەوەی ئارەزومەندانەی ئەو كۆچبەرە عێراقیانەی لەسەر سنورەكانی یەكێتی ئەوروپا گیریان خواردوەو لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە یەكەم گەشتی گەڕاندنەوەی كۆچبەران رێكدەخەن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×