گیڤارا: خەونەكانم بێ سنورن
  2021-11-18       1481       

ئا: شەماڵ بارەوانی

 

خەونەکانم بێ سنورن، خەونەکانی مرۆڤێکە کەدەیگوت “با خەونەکانت سنوریان نەبێت، لەلوتکەیەکەوە بگوازەوە بۆ لوتکەیەکی بەرزتر، متمانەت بەخەونەکانت هەبێت و هەوڵی بەدیهێنانیان بدە".


«خەونەكانم بێ سنورن» ژیاننامەی گیڤارایەو نووسەرانی ئەم کتێبە (ه.أ.روس - ك.ب.فولف) بەسەر پێنج بەش دابەشیانکردووەو تێیدا سەربوردەی ژیانی گیڤارا دەگێڕێنەوەو باسی:
-ژیانی مناڵی و گەنجێتی
-گەشتکردنی بۆ وڵاتانی ئەمریکای لاتین
-پەیوەندیکردنی بە ڕیزەکانی شۆڕش لەکوباو سەرکەوتنی شۆڕشکە
-قۆناغی هەناردەکردنی شۆڕش و گواستنەوەی ململانێکان بۆ پۆلڤییا
-ئینجا گولەبارانکردن و کوشتنی گیڤارا..


«خەونەكانم بێ سنورن»
یاداشتنامەی قارەمانێکی سەدەی بیستەمە، داستانی ژیانی پاڵەوانێکی کەم وێنەیه، چیرۆکی خەبات و بەرخودانی کەسێکە، لەهەموو دنیا، ناوی بڵاوبووەتەوەو کاتێک باسی قارەمانێک و شۆڕشگێڕێک دەکرێت. یەکسەر بیری خەڵک بۆ لای ئەو دەچێت،ئەوکەسەی ناوی بوتەوە ناونیشانی قارەمانێتی و مورادیفی وشەی شوڕش و، نازناوی یەکێک لەشۆڕشگێڕەمەزنەکانی سەدەی بیستەمی وەرگرتووە،یەکێک لەو شۆڕشگێڕانەی نەک هەر ئەمریکای لاتین و وڵاتانی لەشێوەی پۆلیڤیاو کوباو ئەرجەنتین،مەکسیک، گواتیمالاو ڤەنزویلا، بگرە خەونی بەوەوە دەبینی کە لەهەموو دنیا شۆڕش بکات و هەموو مرۆڤایەتی لەچنگی دێوەزمەی کاپیتالیزم و لەدەست دڵڕەقی سیستەمی سەرمایەداری و کەڵبەی کۆڵۆنیالیزم ڕزگاربکات،
ئەو مرۆڤەی بوو بە سمبولی مرۆڤ دۆستی و هێمای خەبات، ئایکۆنی قارەمانێتی و ئەستێرەی ئازادی،
گەنجێک سەرەڕای ناجێگیری تەندروستی و ناڵاندنی بەدەست نەخۆشی تەنگە نەفەسیەوە،وەلێ هەرگیز ئەوە نابێتە ڕێگرو کۆسپی بەردەمی باوەڕەکەی ئەو، باوەڕبونەکەی بەشۆڕش و یارمەتیدانی گەلانی چەوساوە، لەدژی ئیمپریالیزم، مرۆڤێک ئەوە تێڕوانین و هەڵوێستی بێت، چۆن نابێت بە ئایکۆنی شۆڕش و ئەفسانەیەکی نەمرو هەردەم زیندووی ناوداستانی بەرخودانی مرۆڤایەتی،
ئەو بەو پەڕی لەخۆبوردەیی و دڵسۆزی و باوەڕەوە لەپێناو قەناعەت و باوەڕەکەی تێدەکۆشا، ئەوەیەو ئەوهایە باوەڕی ڕاستەقینە، بەو پڕنسیپانەی کە مرۆڤ باوەڕی پێیەتی، ئەو کاتەی مرۆڤ لەگەڵ ئەو پرسەی باوەڕی پێیەتی و لەپێناویدا دەکۆشێت،دەبێت بەیەک هێز، ئەوکاتە هیچ هێزێک ناتوانێت بەهێزی ئەو هێزە یەکگرتووەو باوەڕە ڕاستەقینەیە بڕوخێنێت و بوەستێنێت،
پیاوێک خۆشەویستیەکی بێ ئەندازەی بۆ:
بیرکردنەوەو خوێندنەوەو گەشت و گەڕان، شۆڕش و سەرکێشی،ئەزمونکردنی ژیان و بینینی جیهان، بەرگری کردن لەنەتەوەی مافخوراو گەلانی ژێردستەو یارمەتیدانی هەژاران،لەهاناچونی لێقەوماوان و کارکردن لەپێناو سەرخستنی چەمکی عەدالەت و پشتگیری کردنی چینی چەوساوەو جوتیاران و بەدەست هێنانی نان و ئازادی بۆ مرۆڤەکان و تێکۆشان و وەستانەوەو ڕوبەڕوبوونەوەی ستەم کاران و دیکتاتۆرەکان هەبوو، ئیرنیستۆ چی گیڤارا، ئەو پاڵەوانەی گوتی بە کوشتن و عیدام کردنی من، بیرکردنەوەکانم و خەونە بێ سنورەکانم نامرن، شۆڕشی مروڤەکان بۆ ئازدی و ڕاپەڕینی گەلان بۆ سەربەخۆیی، بەمن کۆتایی نایەت، بەسوتاندن، یان پارچەپارچەکردن ،یاخودناشتنی تەرمی گیڤاراکان، ناتوانن خەونە بێ سنورەکانی مرۆڤایەتی و ئاوات و حەزو ئازادی مرۆڤەکان بسوتێنن و بنێژن.
ئەو مرۆڤەی دەیگوت:خەونەکانم بێ سنورن،هەموو وڵاتانی جیهان نیشتمانی منەو، دڵی هەموو خەڵکی ناسنامەی منە،با پاسەپۆرتەکەم نەمێنێت.
ئەو قارەمانەی تەنها (٣٩)ساڵ و کەم ژیا، وەلێ کەل ژیا، ژیانی خۆی لەپێناو ئەوانیتر کردە قوربانی، دەستبەرداری ژیانی خۆشگوزەرانی و ئۆرستۆکراتیانەو بڕوانامەو پیشەی پزیشکی و پۆستی وەزیری پیشەسازی و پلەی سیاسی بوو وڵاتەکەی و زێدی خۆی جێهێشت و ڕووی لەوڵاتی ترکردو لەپێناو سەرخستنی عەدالەت، تێرکردنی برسیەکان، دۆزینەوەی کار بۆ بێ کارو باشکردنی دۆخی ژیانی کرێکاران و نەهێلانی کێشەی چینایەتی، ئەو قارەمانەی گوتی بۆ ئازادیەکانی مرۆڤ و ئازادکردنی مروڤایەتی، سنورێک نییە، مرۆڤ باڕەنگ، ئایین، نەتەوەو زمانمان ،باڕەگەز و مەزهەب و دیدەنیگامان جیاوازبێت،یەکەم شت و دواجار هەموومان مرۆڤین،هیچ سنورێک بۆ مرۆڤ بوونمان نییە، مرۆڤایەتی وەکو عیشق سنورەکان هەموو دەبڕێت،بەڵێ ئەو گوتی چۆن خەونەکانم سنورێکیان بۆ نییە، مرۆڤایەتیش سنوری نییە، ئازاری هەموو مرۆڤەکان ئازاری منە، تامرۆڤایەتی لەکێشەدابێت، من لەکۆڵدان ناوەستم، لەکوێ مرۆڤەک برسی و تینوبێت، لەکوێ مرۆڤێک بچەوسێندرێتەوەو ئازارو شکەنجە بدرێت، من لەوێم و ئەوە منم تاڵی ئەو برسیەتی و تینوێتی و ئازارو چەوسانەوەیە دەچێژم و کامە وڵاتە داگیرکرابێت و گەلەکەی بچەوسێندرێتەوە، ئەوە نیشتمانی منە داگیرکراوەو گەلەکەی منە کەرامەتی ئەتکراوەو ئازادی و سەربەستی دەست بەسەرداگیراوە،بەلێ گیڤارا گوتی خەونە بێ سنورەکانی من، خەونی هەموو مرۆڤایەتیە، خەونی ئازادی و سەربەستیە، خەونی شکاندنی کۆتی دیلێتی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە، خەونی گەلێکی چەوساوەو نەتەوەیەکی خاک داگیرکراوە، خەونی نەوەیەکی خەون دزراوە، خەونی مرۆڤگەلێکی بەلەنگازو فەرامۆشکراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×