لە بەختەوەرییەوە بۆ بەدبەختی، سەبارەت بە ڕۆمانی لافاو
  2021-11-24       888       


ڕانانی: ئیدریس عەلی



ڕۆمانی (لافاو) یەکێکە لە شاکارە جوانەکانی نووسەری ناوداری فەڕەنسی (ئێمیل زۆلا) و لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ (ئەردەڵان عەبدوڵڵا)ەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، ئەم ڕۆمانە یەکێک لەو کۆمەڵە کتێبە نوێیەی کە دزگای چاپ وپەخشی سەردەم، لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبدا، ڕۆژی 18/11/2021 لە شاری سلێمانی بەشداری تێدا دەکات.

وەرگێڕی ئەم کتێبە شارەزاییەکی باشی لە دنیای فراوان و فرەڕەهەندەکەی ئەم نووسەرە گەورە فەڕەنسییە هەیە و پێشتریش لە دووتوێی کتێبێکدا لێکۆڵینەوەی خۆی سەبارەت بە ژیان و ڕەهەندەکانی ئەم نووسەرە چاپ وبڵاوکردۆتەوە، بێگومان هەر وەرگێڕێک بەم ڕادەیە مەعریفە و شارەزایی لەسەر هەر نووسەرێکی جیهانی هەبێت، چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکرێت جوانترین و بێ گرێترین وەرگێڕان پێشکەش بە کتێبخانە و خوێنەری کوردی بکات.
ڕۆمانی لافاو، بە سروشتی خۆی ڕۆمانێکە تێیدا خوێنەر بەر چەندین ئاست لەژیان، دۆخ و جیاواز و تێما دەکەوێت، دیارترینیان بوونی ململانێی مرۆڤە لەگەڵ دیاردە و کارەساتە سروشتییەکاندا، ئەوەش لەپێناو مانەوە لەژیاندا، هاوکات ئەو دیوە پەنهانەی مرۆڤمان پیشان دەدات کە لە ناخی خۆیدا هەڵگری چەندین تایبەتمەندیی سروشتیی و خودییە، لەوانەش بوونی تەماع و باوەشکردن بە ژیاندا و بینینی هەموو شتەکان لە چوارچێوەی قازانجپەرستی و هەوڵی زیاتر و پتر بۆ پاوانکردنی هەموو شوێنەکان بۆ خودی خۆی.
ڕۆمانی لافاو بە قەبارە گچکەیە و خوێنەری وریا لە ماوەی تەنها یەک کاتژمێردا تەواوی دەکات، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بێئەنداز گەورەیە و زۆریك لە ڕووداو و دیمەن و کەسایەتییەکانی تا ماوەیەکی زۆری داهاتوو، لە خەیاڵ وزیهنی خوێنەردا دەمێنێتەوە و بەردەوام دەیانهێنێتەوە پێشچاوی خۆی، چیرۆکی سەرەکیی ڕۆمانەکە لە ڕووداوێکی واقیعییەوە وەرگیراوە و ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی نووسینی (ئێمیل زۆلا) و بەو شێوازەوە بەرهەمەکانی دەناسرێنەوە، بەڵام لەسەر ئاستی زمان و تەکنیک و ڕووداو و شێوازی گێڕانەوە شاعیریانەکەی، بە ئەندازەیەک هونەراندوویەتی، کە خوێنەر کتومت وا هەست دەکات لەبەردەم شاشەیەکی گەورەی سینەمادایە و ڕووبەڕوو بەر دیمەنە ترسناکەکان و ڕوخساری تۆقیو و ناخی هەڵچووی کاراکتەرەکان دەکەوێت.
ئەم ڕۆمانە یەک مانگ دوای کارەساتە سروشتییەکە نووسراوە و تێیدا شاپاڵەوانی حیکایەتەکە ژیانی ڕابردووی خۆی دەگیڕێتەوە، بە دەستپێکێکی بەهێز کە تێیدا خۆی دەناسێنیت، خوێنەر وەدووی خۆی دەخات و دەیانبات بست بە بستی ئەو شوێنانەیان پیشان دەدات کە کارەساتە تراژیدییەکە ڕوویداوە، یەک ئەو کارەکتەرانەیان پێ دەناسێنێت کە هەندێکیان لافاوەکە ڕایماڵین و غەرقی مەرگی کردن، هەندێکیشیان لە ململانێی نێوان مەرگ و ژیاندا، بڕست و حەوسەڵەیان نامێنێت و بە جۆرێک دووچاری دۆخی شێواوی دەروونی دەبنەوە، کە تەنها دەریچەیەکی ڕزگاربوون لە لەخۆکوشتندا دەبیننەوە.
لویس ڕۆبیۆ، پاڵەوانی ڕۆمانی (لافاو)ە، جوتیارێکی بەختەوەرە و خۆی گوتەنی لە ئاسمانەوە خێر وقازانج و بەرەکەت باریوە بەسەر خۆی و کێڵگە و ئەرزەکانیدا، تەمەنی حەفتا ساڵە و لە گوندی سان ژوری دەژی، هاوسەرەکەی مردووە و ئەم لە خانوە  گەورەکەیدا نە ئارامی لەگەڵ کوڕ و کچ و برا و  نەوەکانیدا دەژی، لویس، زۆر بە وردی باس ئاکنجیانی خانوەکەی دەکات، ناوی یەک بە یەکیان و سروشت و تەمەن و ئاستی خێزاندارییان دەخاتە ڕوو، ڕەنگە خوێنەر لە سەرەتادا پێی وا بێت ناساندنی ئەم کەسانە زیادەن، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ڕەوتی ڕووداوەکاندا خوێنەر بۆی دەردەکەوێت کە ئەو وردەکارییە چەند گرنگ بووە لە ناساندیاندا.
لە ماڵەکەی لویسدا، لە گوندە ئارامەکە، هەموو شتێک بەپێی یاسا ونەریتی تایبەت بە خۆی بەڕێوەدەچێت، هەموان کار و وەزیفەی خۆیان دەزانن و تەنانەت لە کاتی نانخواردن ودانیشتیان بە دەوری مێزەکەدا، هەرکەسە و بەپێی تەمەن و جێگە و ڕێگەی خۆی کورسی بۆ دانراوە، گەورەکان لە بەشی سەرەوە و بچووکەکانیش لە بەشی خوارەوە، لویس لەو جوتیارە بەختەوەرانە بوو کە هەموو شتێک لە بەرژەوەندیی ئەودا بوو، قازانجێکی زۆری لە کێڵگە و ئەرزەکانی دەست دەکەوت، ئەمەش وای لێ کردبوو لە جووتیارێکی سادەوە خەریکبوو وردە وردە سروشتی چینایەتی دەگۆڕا بە کەسێکی دەوڵەمەند و خاوەن موڵک و زێدەبایی و سەرمایە، هەربۆیە لەگەڵ ئەو گۆڕانە چینایەتییەدا، خەون و بیرکردنەوەکانی ئەمیش گۆڕانیان بەسەردا هات، خەونەکانی بۆ فراوانبوونی زەوی و زارەکەی و ئەسپ و مەڕوماڵاتەکەی زیاتر بوو، چاوی لەوەبوو خانوەکەی بکات بە چەند قاتێک و کاتێک هەرکام لە نەوەکانی بچنە ژیانی هاوسەرییەوە، ئەم قاتێکی دیکە بۆ خانوە گەورەکەی زیاتر بکات، بیری دەکردەوە لە داداهاتوودا خانووەکەی سەری دەگاتە هەور و بزەیەکی تێر و تۆخ ڕۆ دەنیشتە سەر لێوەکانی و دڵی تژی دەبوو لە شادی،بە گشتی لای پیرەی جووتیاری بەختەوەر پێوەری شانس و بەخت ئەوەیە کەسەکان لەگەڵ یەکدیدا شەڕ نەکەن پارەی زۆر کۆبکەنەوە و نەوەی زۆر بخەنەوە، بۆ خۆیشی هەروای کردووە، پارەی زۆری کۆکردۆتەوە و کەسێکی بێکێشە بووە و نەوەی زۆری ستۆتەوە.
یەکێک لەحیکمەتەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە فێرمان دەکات چاوی تەماع و بەرژەوەندیخوازیمان هێندە زۆر نەبێت، فێرمان دەکات کەپارە و سەرمایە ناتوانن مرۆڤ لەهەندێک قەیران و دۆخی تەنگانەدا بپارێزن، بۆ ئەم مەبەستەش (ئێمیل زۆلا) ڕەوتی ڕوودا و گێڕانەوەکە لە دۆخێکەوە دەبات بۆ دۆخێکی تر، ئەو ژیانە ئارامەی باڵی بەسەر گوندەکەدا کێشاوە دەشێوێت و مەرگی بە کۆمەڵی مرۆڤ و درەخت و ئاژەڵان، لە بەرگی لافاوێکی دڵڕەق و بێڕوحمدا ناوچەکە بە تاریکی دەتەنێت و چ هیوایەکیش نامێنێت و (لویس) لە جووتیارێکی بەختەوەرەوە دەبێت بە بەدبەختێکی تەنیا و نە سامانەکەی بۆ دەمێنێتەوە، نە هیچ کام لە منداڵ ونەوەکانی.
بە هۆی بەردەوامیی شەست سەعات بارانبارینەوە، ڕووباری نزیک گوندەکە پڕ دەبێت و لافاو بە پانتایی ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە، لویس کاتێ هەست بە گەیشتنی مەترسی دەکات بۆ سەر ماڵەکەی، سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە دەباتە قاتی سەرەوە و بەو ئومێدەی لافاوەکە دامرکێتەوە و مەرگ زەفەریان پێ نەبات، یەکێک لە دیمەنە جوان و سەرنجڕاکێشەکانی ئەم بەشە ئەوەیە سیمای سەرجەم ئەندامانی خێزانەکە ترس دایدەگرێت، دڵەڕاوکە و تێکچوونی باری دەروونیان دەگات بە شوێنێک کە چیدی بڕوایان بەوە نامێنێت کەسیان بە سەلامەتی لێی دەرچن، لەم دیمەندا مرۆڤگەلێک بەرجەستە دەبن کە بە هەموو شێوازێک ململانێ دەکەن لەگەڵ مەرگدا، ژیان و شیرینی و چێژەکانی ژیان لەو ساتەدا سەد بەرابەر بەها و گرنگیی زیاتر پەیدا دەکات، لە چاوی هەر کەسێکدا بڕوایەک دەبینرێت کە وەک مۆم لەبەردەم زریانی مەرگدا خەریکە دەتوێتەوە، نووسەر بە جۆرێک ترس و هەڕەشەی مەرگی لە ڕێگەی لافاوەکەوە وێنا کردووە، کە هیچ خوێنەرێک نییە وا هەست نەکات خۆی یەکێکە لە قوربانییەکان.
سەرەنجام دۆخی ئەندامانی خێزانەکە بە شوێنێک دەگات، کە هەر یەکەیان بە جۆرێک دەبنە قوربانی و لافاوەکە ڕایاندەماڵێت، بەڵام غەمگینترینیان ئەوانەن کە هیچ هیوایەکیان بە ژیان نامێنێت و لە پرۆسەیەکی خۆکوژیدا خۆیان هەڵدەدەنە نێو لافاوەکە، ڕۆژی دواتر کە ناوچەکە ئارام دەبێتەوە و خۆر هەڵدێت، پیرەی جووتیاری بەدبەخت خۆی تاک و تەنیا دەبینێتەوە و لە دۆخێکی نائارامدا بڕیار دەدات کە هەرچی لە کێڵگە و سەروەت و سامان و زەوییەکانی هەیە یبەخشێت بەو خێزانانیە کە منداڵیان هەیە، ئەو کارەسات سروشتییە و دۆخە غەمگینەی دوای مردنی سەرجەم منداڵ و برا و نەوەکانی ڕووبەڕووی دەبێتەوە، گۆڕانێکی ئەوتۆ لە شێوازی ژیان  و بیرکردنەوەیدادروست دەکەن، کە خوێنەر لە شوێنی خۆیەوە نەفرەت بۆ ئەوانە دەنێرێت کە تێر نابن لە ژیاندا و چەندیان هەبێت، هێشتا هەر چاوەڕێی زیاتر دەکەن.
لە ڕاستیدا ئەم نووسینە هیچ نییە جگە لە هەوڵێکی سادە و بە زمانێکی سادە، بۆ ئەوەی خوێنەر هان بدەین خۆیان لە چێژ وجوانیی ئەم ڕۆمانە بێبەش نەکەن.   
     

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×