بەهادینی سەرای ئازادی چی بەسەرۆکی بیلاروس وت؟
  2021-11-26       4443       

ئا: ئاوێنە

 

سەرۆکی بیلا روس، ئەلکساندەر لۆکاشینکۆ سەردانی کەمپی کۆچبەرانی کرد لە"بروزجی" سەر سنوری پۆڵەندا کە بۆ حەوانەوەیان دابین کراوە، ئەو بەپەنابەرانی وت "بەزۆر ناتانگەڕێنینەوە بۆ وڵاتەکانتان"، کۆچبەریکی کوردیش پێیوت "ئێمە سەرۆکێکمان هەبوو کە وەک باوک ئاگای لەهەموومان بوو، بەڵام ناتۆو وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاواو ئەمریکا وڵاتەکەیان وێران کردین‌و دیکتاتۆریان بۆ هێناین لەشوێنی، سەدام دیکتاتۆر نەبوو، ئەمانەی ئێستا دیکتاتۆرن".


لۆکاشیکانۆ لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ لای کۆچبەران وتی "بیلاروس ئامادەیە هەمو هاوکارییەکتان بکات، هیچ کەسێک بەزۆر ناگەڕێنینەوە بۆ ئەو وڵاتەی لێوەی هاتون، هەرچەندە هەندێکیان دوای پاگەندەی رۆژئاوا کەوتون‌و ژیان لەوڵاتی خۆتان زۆر لەوێ باشتر بێت".


ئەوەی جێی سەرنج بو، قسەکانی بەهادینی سەرای ئازادی بو کە وەک کەسێکی چالاکی نێو ئەو کۆچبەرانە بەئینگلیزی بۆ لۆکاشینکۆی کرد، ئەو وێڕای سوپاسی میهرەبانی سەرۆک‌و هاولاتیانی بیلاروس، وتی "من هەوڵئەدەم بەئینگلیزی پەیامی خۆم بگەیەنم، چونکە دەمەوێت پەیامەکەم بگات بەهەموو ئەوروپاو دونیا، من ناڵێم لێرە سەرۆک و پێشڕەوی ئەمانەم، بەڵام ئەتوانم بڵێم ڕێکخەرم‌و وەکو یەک مامەڵە لەگەڵ هەمویان دەکەم. پێش هەموو شتێک زۆر سوپاس بۆ بەڕێزتان کە بڕیارت دا بێیت بۆ ئێرەو بارودۆخەکەمان ببینیت، ئێمە زۆر پێزانینمان هەیە بۆ ئەوەی تۆو خەڵک‌و وڵاتەکەت بۆیان کردین، کە ئێمەت لەو جەنگەڵەوە هێنا بۆ ئێرە کە وەک ماڵێکە بۆ منداڵەکانمان."


سەرۆکی بیلاروس، لۆکاشینکۆ قسەکەی پێ بڕی وتی "وەک بیستبوم ئێوە حەزتان نەدەکرد لەجەنگەڵەکەوە بێن بۆ ئێرەو بەزۆر ئێوەمان هێناوە".


بەهادین لەوەڵامدا وتی "زۆر سوپاس بۆ ئێوە، لێرە زۆر باش ئاگایان لێمانە، خواردنمان بۆ دێنن، ئاگایان لەمنداڵەکانمانە، هەمیشە دوو ئەمبوڵاس لێرەیەو خەڵکی نەخۆش دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە. ئێوە باوەشێکی گەورەتان بۆ ئێمە کردەوەو هیواخوازین ئەوروپاش هەمان باوەشمان بۆ بکاتەوە، چونکە ئێمە لەوڵاتێکەوە هاتوین کە وەک خۆت دەزانی ئەوروپا تێوەگلاوە لەو توندوتیژیانەی تێیدا ڕوودەدات، لەسوریاو عێراق‌و ئێرانیش. ئێمە سەرۆکێکمان هەبوو سەدام حسێن کە وەک باوک ئاگای لەهەموومان بوو، بەڵام دوای ئەوەی ناتۆو ئەوروپاو ئەمریکا ڕێکەوتن‌و ئەوەیان بەسەرهێناین، وڵاتەکەیان وێران کردین‌و دیکتاتۆریان بۆ هێناین لەشوێنی، سەدام دیکتاتۆر نەبوو، ئەمانەی ئێستا دیکتاتۆرن، هەموو شتێک ئەکەن بەرامبەری خەڵک، ئەتوانی سەیر بکەیت ئێستا خۆپیشاندانە لەباکوری عێراق لەسلێمانی، ئەوان دوێنێ ٦ خوێندکاری زانکۆیان کوشتووە لەڕێی هێزە ئەمنییە کوردەکانەوە. ئێستا زۆر ئاشکرایە چی لەعیراق دەگوزەرێت بەڵام کەس نایەوێت بیبینێت و پشتگوێی دەخات. ئێمە دەمانەوێت بچینە کەمپەکانی ئەوانەوەو ژیانێکی باشتر بژین، هەموو ئەمانەی لێرەن ژیانێکی باشتریان بۆ منداڵەکانیان دەوێت. ئێمە دەچینە وڵاتەکانی ئەوان بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەین، ئیش بکەین بۆ وڵاتەکەیان. دووبارە سوپاس بۆ هەموو شتێک، بەتایبەت ئەوەی بۆ منداڵەکانمان کرد هەرگیز لەبیرت نەکەین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×