2021-11-27   632     
وەزارەتی حەج و عومرەی وڵاتی سعودیە ڕایدەگەیەنێت ، دانانی مەرجی تەمەن بۆ گەشتی حەج و عومەرە بەهۆی ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا هەڵوەشاوەتەوە و سەرجەمی ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروی 18 ساڵییەوەیە دەتوانن عومرە ئەنجام بدەن.
ئاوێنه: وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ئێستادا هاووڵاتیانی دەرەوەی وڵاتەكەی دەتوانن گەشتی عومرە ئەنجام بدەن بەبێ ئەوەی مەرجی تەمەن لەبەرچاو بگیرێت، كە پێشتر بڕیاری تەمەنی (18-50) یەكێك بوو لە مەرجەكانی گەشتكردن.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا سەرجەم ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروی 18 ساڵەوەیە دەتوانن عومرە ئەنجام بدەن، بەڵام پێویستە سەرجەم رێكارە تەندروستییەكان لە وەرگرتنی ڤاكسین و پشكنینی پێشوەخت ئەنجام بدەن.
ئەمە لەكاتێكدایە، لەماوەی ڕابردوودا بەمەبەستی پاراستنی هاووڵاتیان و وەك رێكارێكی بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا، تەنها ئەو كەسانە بۆیان هەبوو گەشتی عومرە ئەنجام بدەن، كە تەمەنیان لەنێوان 18-50 ساڵیدابووە، لە ئێستادا بڕیارەكە هەڵوەشاوەتەوە .