بافڵ تاڵەبانی: دەركراوەكان یەك ملیۆن ساڵی تر نایەنەوە ناو یەكێتی
  2021-11-28       1265       

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، ئەوانەی لە یەكێتی دەركراون یەك ملیۆن ساڵی تر نایەنەوە ناو یەكێتی و دەشڵێت: لەبارەی كەیسی كوژرانی عەمید موراد كانی كوردەیی داوای لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت كردوە لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكبهێنێت.

ئاوێنە: بافڵ تاڵەبانی لەداوی كۆبونەوەیەكی چەند سەعاتی لەگەڵ كۆمەڵێك لە خوێندكاران، ئەمشەو یەكشەممە، سەبارەت بە كوژرانی موراد كانی كوردەیی، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند"هەر كەسێك بكوژرێت لە هەر حزبێك بێت، حەزمان لێ نییەو بە دڵیشمان نییە. من بەڕەسمی داوام لە كاك قوباد كردوە لیژنەی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم كەیسە پێكبهێنێت تا بۆمان دەربكەوێت ئەگەر هەر كەسێك بە نایاسایی كوژراوە، دڵنیابن لەبارەیەوە ئیجرائاتی یاسایی خۆمان دەكەین."

بافڵ تاڵەبانی وتیشی"دۆخی سلێمانی لە ئێستادا زۆر باشە و عەیبی نییە."

ئەوەشی خستەڕو"بەردەوامین لە راستكردنەوەی رێڕەوی حزب و حزب هەڵساوەتەوەو زیاتریش هەڵدەسێتەوەو هیچ كێشەمان نییە."

لەبارەی ئەوەی هیچ هیوایەك ماوە لەگەڵ ئەوانەی لە یەكێتی دەركراون جارێكی تر كاربكەنەوە، بافڵ تاڵەبانی وتی"دەركراوەكان، دەركراون، قەت یەك ملیۆن ساڵی تریش نایەنەوە ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، زۆر بەڕونی ئەم قسەیەم كردوەو نازانم بۆ تێناگەن."

لەوەڵامی ئەوەی كە لاهور شێخ جەنگی پەیامێكی بڵاوكردۆتەوەو هەڕەشەی كردوە، بافڵ تاڵەبانی لەبایەخی "هەڕەشەكانی" ناوبراوی كەمكردوەو وتی"كێ هەڕەشە دەكات، ئەوە هەڕەشە بو، تو برایەتیمان ئەوە هەڕەشە بو."

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەیشی لەگەڵ ژمارەیەك خوێندكار، وتی"من حەزمكرد بزانم كێشەكانی ئەم خوێندكارانە چین؟ زۆر باش لە یەكتری تێگەیشتین، من هیچ داواكاریم نەبو لێیان. ئەوان چەند داواكارییەكییان هەبو، بەڕاستی من چاوەڕێم دەكرد حكومەت باشتر ئاگای لێیان بێت، ئەمانە كوڕو كچی ئێمەن، بەداخەوە نەمانتوانیوە وەكو پێویست داواكارییەكانیان جێبەجێ بكەین. ئێمە هەڵدەدەین میكانیزمێك بدۆزینەوە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان. داوكارییەكانیان هەقی خۆیان بو بەزیادەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×