کەسایەتی تاکی عیراقی
  2021-12-01       972       

ئا: شەماڵ بارەوانی

 

کەسایەتی تاکی عیراقی، کتێبێکی كۆمەڵناس و مێژوونوسی ناوداری عێراقی دكتۆر عەلی وەردی (1913-1995)یە.


سەرەتا دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم، من وەکو کوردێک هەرگیز خۆم بەعیراقی دانانێم و یەک ڕۆژیش ئنتیمام بۆ ئەو وڵاتە نەبووەوناشبێت کەپێی دەڵێن عیراق، چونکو وڵاتی من نییە، وڵاتێک بەزۆر منیان پێوە لکاندووەو  لەسەر حیسابی خاک و حوێنی من ڕۆنراوە، بۆیە من وەکو مرۆڤێک و کورێک دەڵێم ئەوە وڵاتی ئێمە نییەو بەزۆر بەو وڵاتەوە لکێندراوین ،ئێمەش مافی خۆمانە کیان و دەوڵەتی خۆمان هەبێت و چیتر لەستەم و مامەڵەی دەمارگیریانەو داگیرکەریانەی عەرەبە شۆڤێنیەکان و لەئەنفالکردن و کۆکۆژی و پرۆسەی تەعریبکردن ڕزگارمان بێت، عەلی وەردیش کە ئەو کتێبەکەی نووسیوە، هەڵبەت کوردیشی لەو چوارچێوەیەی عیراقدا حیسابکردووە، دوور لەعیراقی بوون و حاشا لەعیراقی بوون، من وەکو کوردو کوردستانی بوون،لەئەزمونی ژیانی ڕۆژانەمدا، لەزانکۆ،لەبازاڕ، لەسەرکار، لەزۆرشوێنیتر ڕووبەڕووی دەیان و سەتان تاکی کوردیش بوومەتەوە، کە تۆی ئەو دووڕوویی و دەبڵ مۆڕاڵیەی تێدابووە،کەوەردی سەبارەت بەتاکی عیراقی باسی لێوەدەکات.

ئینجا بابێینەوە سەرکتێبەکە، کەسایەتی تاکی عیراقی، پەرتوکێکی قەبارە بچوکەو خوێنەری جدی دەتوانێت بەدانیشتنێک بیخوێنێتەوە، عەلی وەردی لەبەشی یەکەمی کتێبەکەدا، باس لە چیەتی و پێناسەی کەسایەتی و تایبەتمەندیەکانی مرۆڤ بەگشتی دەکات، و لەبەشی دووەمیشدا لە دووفاقیەتی کەسایەتی تاکی عیراقی  و کومەڵی عیراقی دەدوێت و بەناو شادەمارەکانی کەسایەتی تاکی عیراقیدا گۆزەردەکات و دەیخوێنێتەوە.

هەرچەند نووسەر بەپێی میتۆدێکی زانستی و لەژێرتیشکی زانستی کۆمەڵناسیدا.کەسایەتی تاکی عیراقی هەڵدەسەنگێنێت و خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆگیانەو زانستیانەو
شیکاریەکی لۆژیکی و سایکۆلۆجیانە،  بۆتاک دەکات و لە ڕفتارە کۆمەڵایەتی و دەروونیەکانی دەدوێت، وەلێ ڕەنگە لەهەندێک لەخوێندنەوەو قسەلەسەرکردنەکانی نەیپێکابێت و بەتەواوی و قوڵی لێکۆلینەوەی لەسەر تەواوی تەوەرەکە نەکردبێت، بۆنموونە(لادانی سێکسی-هاوڕەگەزخوازی)کە ئەو بەڕەهایی بە شتێکی دەسخراو-اکتسابی)دەزانێت. بەڵام زانست ئێستا شتێکیتر دەڵێت و هەستی هاوڕەگەزخوازی بەو ڕەهاییەی عەلی وەردی و بەتەنها بەدەسخراوی دانانێت و  وەکو عەلی وەردیش هۆکارەکەیشی بۆ نائامادەیی ژن و لێک جیاکردنەوەی هەردووک ڕەگەزو دوورخستنەوەیان لەکۆمەڵدا لەیەکتری دانانێت، ڕەنگ بێت ئەو هۆکارە بۆ دروستبوونی هاوڕەگەزبازی زور ڕاست و لەجێ بێت و هۆکارێک بێت بۆ ئەو هاوڕەگەزبازیەی باسی دەکات،بەڵام ئەوە هەموو هۆکارو حەقیقەتەکەنییە، بەڵکوو زانست شتێکیترمان پێدەڵێت هاوڕەگەزخوازی بەسروشتی دەزانێت و پاڵنەرەکەی و حەقیقەتەکەی بۆهۆرمۆنات و جینات دەگەڕێنێتەوە، بۆیە ئەوە لادانە سێکسیەی عەلی وەردی باسی دەکات، هاوڕەگەزبازیە، نەک هاوڕەگەزخوازی ،لەنێوان بازو خوازیش جیاوازی زۆرەو خوێنەر خۆی دەتوانێت بچێت زیاتر لەسەر ئەو بابەتە بخوێنێتەوە.بۆ دووفاقی تاکی عیراقی و کۆمەڵی عیراقیش.
هەرچەند وەکو (مەودو جەبار)ی وەرگێڕی کتێبەکە دەڵێت(ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیەو کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان کەم تازۆر کۆمەڵگە گەلی هاوشێوەن، لەڕووی بونیادەکانی کۆمەڵگەو کولتووری گشتی و ڕفتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە لەیەکەوە نزیکن..)و ڕاستە، عەلی وەردی بەشێوەیەکی تایبەتی باسی کەسایەتی تاکی عیراقی و کۆمەڵی عیراقی دەکات،ئەو عیراقەی هەر لە سەردەمی ئیسلامدا، خەڵەکەکەی بەخەڵکی“شیقاق و نیفاق“ ناویان بەناوبوو.. هەندێک وێژەوان و بیریارو ئەندێشەمەندی لەنموونەی جاحیز هەوڵیانداوەو نووسیویانە ،بزان بۆچی خەڵکی عیراق ئەهلی شیقاق و نیفاقن؟ بۆچی دەبێت هەندیک سەرکردە بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش و یاخی بوون هەڵێن، کەچی لەسەعات سفردا پشتی بەردەن و پشتی تێبکەن و دووفاقی بنوێنن؟!
وەلێ ئەو دووفاقیەتە تەنها تایبەت نییە بەکۆمەڵی عیراقی و ، (دووڕوویی دیاردەیەکی کۆنەو هەر لە ڕۆژی بەرێ، سەرەتای بوونی مرۆڤەوەهەبووە)و کۆمەلانیترو لەنێوشیاندا  کۆمەڵە بەعەرەبیکراو عەرەبیەکانیش گیرۆدەی هەمان دەردن و تەنانەت وەکو وەردی ئاماژەی بۆدەکات زانایانی کۆمەڵناسی بۆ ئەوە دەچن کە هیچ کۆمەڵێکی هاوچەرخیش نییە کە-زۆر تا کەم-   ئەم دووفاقیەتەی تێدا نەبێت و  تەنها کۆمەڵگە سەرەتاییەکان وکۆمەڵە داخراوەکان نەبن، بەهۆی ئەوەی کە یەک سیستەمی بەهایی تیایاندا زاڵاو زۆڵاڵە.) شتێکی دیکەیان تێدا نییە،  بۆیە لەو یاسایە بەدەرن، ئەو ئزدیواجیەتەی لەو شوێنانەی لەلایەک وەعزو وتاری ئایینی تێدا دەخوێندرێتەوەو لەلایەکەیتر بەها خێڵەکییەکانیان تێیدا زاڵ و زووڵاڵە.دەگات بە لوتکەو چڵەپۆپەی خۆی،
وەردی پێمان دەڵێت: هەرشارێک پیاوانی ئاینی زیاتر بێت، ڕێژەی ئەو دووڕوویییەیش زیاتر دەبێت، چونکە خەڵکی لەو شارەدا ناچار دەبن لەدیوێکەوە دینی و لەدیوێکیتر دیکەشەوە دنیایی بن).
وەردی پێمان دەڵێت لەسەر ڕووی زەوی کەسێک نابینیتەوە کە بەتەواوەتی خۆی لە لایەنگری و موجامەلەو ڕووپامایی داماڵیبێت.. گەر هەشبێت ئەوە دەبێت ئەو کەسە خۆی بەتەنها و دوور لەخەڵک و ئەوانیترو لەجیهانە تایبەتەکەی خۆی بژی و پشووی خۆی بدات و ئەرخەیان بێت.
لەو کۆمەڵانەی( دەتوانین بڵێین کە دوو فاقی ئاگایانە بەڕێژەیەکی جیاواز لەهەموو کەسێکداهەیە. مرۆڤ لەکۆمەڵگەدا دەژی و هەوڵی ئەوە دەدات خۆی لەگەڵ دۆخەکەدا ڕابێنێت و پێ بەپێی دۆخەکە بڕوات. ناچارە لایەنێک بگرێت و خۆی لەهەندێک شت بپارێزێت.. کەسێک).
لەو کۆمەڵانەی( ئەو جۆرە دووفاقییە لەئەنجامی پاڵەپەستۆی دوو سیستەمی بەهایی دژیەکی کۆمەڵگە بۆسەر تاک دروست دەبێت. ئیدی تاک تاوێک پۆشاکی ئەمیان لەبەردەکات و تاوی دواتر پۆشاکی ئەوی دیکەیان.)و دەمێک بەزمانی ئەو قسه دەکات و دەمێکیتر بەزمانی ئەوەکەیترو گاهێک خۆی بەشێوەی ئەمیان نمایش دەکات و گاهێک بە هی ئەوەکەیتر!
ئەو ئزدیواجیەتەی تێکەڵ بەهەست و (لاشعور) نەستەکی و ڕۆحی تاکەکان بووە، ئزدیواجیەت لەفیکردو بڕیارو هەڵسوکەوتدا، لەپەرستش و بێ دینیماندا،لەکڕین و فرۆشتندا.لەگریان و پێکەنیندا. لەماڵەوەو چونەدەرەوەماندا، لەهەموو شتیک و لەهەموو شوێنێک، لەسەرشەقام، لەبازار،سەرکار، لەچێشتخانەو یاریگا..تاد.
کەسایەتی تاکی عیراقی، پێماندەڵێت تاکی عیراقی دووچاری دوورکەتبوون و دوالیزم بوونی کەسایەتی بوون هاتووە، ئەو دەردو دەبڵ مۆڕاڵی و پارادۆکسەی تاک گیرۆدەی دەبێت و دەبێت بەبەشێک لەپێکهاتەی سایکۆلۆجی کەسەکە، تاکێک،تاوێک کەسێکەو تاوێکیتر دەبێتەکەسێکیترو بیری دەچێت پێشووتر چی بووە،جاری وایە لەدووش تێپەڕدەبێت و لەبری (دووفاقیی کەسایەتی)، پێی دەگوترێت(کەرتبوونی کەسایەتی).کەسێک بەردوو سیستەمی بەهایی پێچەوانەو جیاوازی بەهایی کەوتووەو تاوێک بەپێی بەهاکانی ئەم دەجوڵێتەوەو ڕفتاردەکات و تاوێک بەویتریان، بەڕۆژ شتێک و بەشەو شتێکیترە، لەڕوو فریشتەو لەپشت پەردە ئەهریمەن، تاکێک، لەگەڵ چوارژن جوت دەبێت ئاساییە بەلایەوە، باوەڕی دەرزنێک کەنیزه هەیە بۆ ڕابواردن، کەچی خۆشەویستی نێوان کچێک و کوڕێک بەتابوو و تاوان ئەژماردەکات، مەی دەخواتەوەو گۆشتی بەراز بەکفر دەزانێت،  بە ڕوکەش ئیمۆیە، لە عەقڵیەتی و بیکردنەوەدا فێندەمێنتالیستێکی تەمام عەیارە،لەئاشکراییدا دەبێت بە پۆلیسی ئەخلاق و ڕێگری لەئازادیەکانی تاک دەکات و دەست لەوردو درشتی ژیانی ئەوانیتر وەردەدات و دەچێتە ناو تایبەتمەندی مرۆڤەکان، کەچی لەپەنهان و لەژێرەوە، هەموو شتێک ڕەواو حەڵاڵە بۆخۆی! تاکێک خۆی بە فانیلەی عەلاگەو شۆرتی سێ چۆارەگ دەسوڕێتەوە،خۆشکەکەی نابێت تاڵەقژێکی بەدەرەوەبێت، لەمامەڵە بازرگانی بەگیرفانی خەڵکەوە دەکات و قۆڵی کڕیاردەبڕێت، لەپەرستگادا، لەڕیزی یەکەمی نوێژخوێنانە،تاکێک لەسەر خوانی موعاویە نان دەخوات و لەپشت عەلیش نوێژ ئەنجام دەدات، ساعەتون لیڕەبی و ساعەتون لیقەلبی پێڕەو دەکات، لێرە باس لە پێکەوەژیان وپلۆرالیەتی ئایینی دەکات و لەولا تۆی دەمارگیری و ڕق لەدژی پەیڕەوان و شوێنکەوتەی ئایین و مەزهەبەکانی تر بڵاو دەکاتەوە،تاکێک وەکو گوتراوە دەیەوێت وەکو کەسێکی سەردەمی ئێستا بژیت و سەحابیانەیش بیربکاتەوە، لە هەموو خەڵک کەمتر بەلای ئایندادەچێت و دەست بە ئاینەوە دەگرێت ،کەچی لەهەمووان زیاتر تێکەڵ به کێشەو ململانێ تائیفی و مەزهەبی و ئاینیەکان دەبێت و  ،لە لایەک دەبینیت زۆرترین ڕۆچوونی لەبارەی  مەزهەبگەراییەوە هەیە، تایەفەگەری و مەزهەبگەراییش دەکات، دەبینیت لەلایەکەیترەوە مولحیدو خوانەناسە، یانی وەردی وتەنی دەماری بۆ شتێک هەڵدەسێنێت کە بڕوای پێی نییەو جگە لە دووڕوویییەک چیتر نییە!
تاکێک ئامۆژگاریی خەڵکی دەکات و خۆی گۆی بۆ ئامۆژگاریەکەی خۆی ناگرێت، تاکێک لەهەمووان پتر بانگەشەی باڵایی بوون دەکات لەوتارو نووسین و قسەکانیداو  ئاشقی نموونە باڵاکانە، کەچی لەواقیعدا لێی لادەدات و پێشێلی دەکات و درۆ لەگەڵ بانگەشەکەی خۆی دەکات، باسی بنەماکانی دادپەروەری و سۆزو خۆشەویستی دەکات، کەچی دەبینین خۆی لەهەموان خێراتر پەلاماری کەسانی دیکە دەدات و حەرام بۆخۆی حەڵاڵ دەکات و بەکەیفی خۆی خواریدەکاتەوەو دەیبڕێت و بۆی کەم و زیاد دەکات، ئەوەی دەیڵێت مەبەستی نییە، ئەوەی مەبەستیەتی نایڵێت و ئەوەی دەیکات بڕوای پێی نییە ،بڕوای بەوەیە کە نایکات، زۆر حەزی لەخۆفشکردنەوەو خۆدەرخستن و بەخۆهەڵدان و بە ناوبانگە، بیر لە چەندان بنەما دەکاتەوە کە لەتوانای جێ بەجێ کردنی ئەمدا نییە، بانگەوازی بۆ ئامانجێک دەکات کە ناتوانێت بیگاتێ و بەهێچ کڵۆجێک دەستی ناگاتێ.
تاکێکی عیراقی، عەلی وەردی وتەنی (دڵگەرمی عیراقیەکان چەشنی ئاگری هاوپەیمانەکان وایە، بەتەواوی داناگیرسێت، دەکوژێتەوە؛ لەگەڵ نموونەی باڵادا تاو دەسێنێت و لەگەڵ واقیعدا کپ دەبێتەوە.)
تاکێک جاری وا هەیە خەریکی سمێڵ بادانەو خۆی بە پاڵەوانی حەوت ئیقلیم دەزانێت جاری واش هەیە لەتاو بێزاری و بێدەرەتانی و ستەمی خەڵکی، ئاخی وا هەڵدەکێشێت، ئاسمانی حەوتەم دەهێنێتە لەرز و ئاخ و داخ بۆ نەمانی پیاوەتی هەڵدەکێشێت، باسی بایکۆتی کاڵای یەهودی دەکات لەکۆبوونەوەو ئاهەنگەکاندا، کەچی پێی نایە بازاڕەوە،خێرا بیری دەچێتەوە چی وتووە، ئەگەر کەسێک لێی پەیابێت و لێی بپرسێت ئەرێ ئەو شتانەی دەستت سەهیۆنین یان نا؟ خێرا تووڕە دەبێت!
تاکێک لە هەموو کەس پتر نیشتمانی خۆی خۆشدەوێت ،وەلێ ئامادەیە لە بچوکترین پشێویدا خۆی لە نیشتمان بدزێتەوە،تاکێک دایمە بەدووای دۆزینەوەی کەم و کورتی و  خەوشی خەڵکیدا دەگەڕێت ،بە بێ ئەوەی بەکەم و کورتی و عەیب و عاری خۆی بزانێت ،تاکێک بەهیچ شتێک ڕازی نییه ، لەو شتانەی کە کەسانی تر ئەنجامی دەدەن ،هەرچەندە ئەو شتە ڕاست و ڕێک و پێکیش بێت، تاکێک لە گۆرانی وتندادەگریت و لەقسەکانیشیدا جنێو دەدات، ئەگەر ڕووبەڕووی کەسێکی لەخۆی بەهێزتر بوویەوە مخولیسە. ستەمکاریشە ئەگەر ڕووبەڕووی کەسێکی لاواز بوویەوە، تاکێکی دوو دیو، تاوێک باسی نموونەی باڵات بۆدەکات، تاوێک لەقەبری دایکی ئەو نموونە باڵایەیش دەبات کەنیو کاتژمێر لەمەوبەر بانگ و سەڵای بۆ دابوو.
تاکێک لەیەکاتدا کاریگەر دەبێت بەڕفتارە دزێوخراپەکانی شەڕانگێزێک و کارەچاکەکانی چاکەکارێک، لەیەکتادا ستایشی کارە شەقاوەییەکانی شەقاوەیەکی سەرشەقام و کوشتنی حەوت نەفەر لەسەر دەستەکانی و بوێری و بەغیرەتی ئەو شەقاوەیه دەکات و سەرسامی خۆی بە وەعزی واعیزێکیش دەردەبڕیت کاتێک باسی وڵام دانەوەیە، باس لە وڵامی چاکە بەرامبەر خڕاپە وخۆڕاگری و خاکەڕایی دەکات،تاکێک، سەمای خێڵەکی دەکات و گۆرانی مۆدێڕن دەچڕێت،بە ستایل تازەگەر و بەئەقڵیەت لەسەدەکانی ناوەڕاستە،تاکێک، لێره یەک ڕوو و تۆزەک لەولاتر شەش ڕووەکانی سەردەمی ستالینە،سەعاتێک مەولاناو سەعاتێک حەجاجە، لە ڕفتار سەدام و هیتلەرو لەتێزەکانیدا گاندی و حەلاجە ،بەیانی سوکرات و نیوەڕۆ نیرۆنە، بەقسە مەلحەم و بەکردار ژارە، شتگەڵێک دەڵێت جیاواز لەوەی لەسکی خۆیدا هەڵیگرتووەو باوەڕی پێیەتی، تاکێکی پڕ لەپارادۆکس و لێوان لێو لە دووفاقیی،تاکێک لەدیوێکدا فێمنیزمگەرایەو دەستێکی شیعری ڕۆمانسی و لاوانەوەی ژن و عاشقی جەستەی ژنە،لەهەمانکاتدا و لەدیوەکەیتریدا، جەلادێکەو دەستەکەی تری گۆچانی گیانی ژنە،ئەو تاکەی وەکو عەلی وەردی دەڵێت جارێک(دۆن خوان) و جارێکیش (حاجی عەلەوی)ـە.
تاکێک کورد وتەنی قوتە شەنەیەکی لایەو با بۆ کامەلاو کوێ هەڵیکرد، ئەمیش بەو ئاڕاستەیە بەبای دەکات، تاکێک وەکو نیسک وایە، نەبەری هەیەو نەپشت و بۆ کەس ماڵ نییە، هێڵێکی دیاریکراو پڕنسپێکی جێگیرو مۆڕاڵێکی دیاریکراو بەهایەکی پیرۆزی نییەو تاکێکی ڕاڕاو ناجێگیرەو جێگەی متمانە و پشت پێ بەستنێ نییە،
تاکێک ڕۆژێک چەپەو ڕۆژێک ڕاست، هەفتەیەک موسڵمان و عاریف، هەفتەیەکیتر مادیگەراو ئەتێست، مانگێک زەردەشتی و مانگەکەیتر مەسیحی، ڕۆژێک خواناس و ڕۆژەکەیتر بێ خواو ڕۆژی دواتر خۆی لێ دەبێت بەخوا.
چرکەیەک مۆدێڕن و  نەتەوەپەرستە،چرکەیەکیش پۆست مۆدێرن و فەوزەوی و ئەنارشیستە،چریەکیتر سەلەفی و فێندەمێنالیستە،چرکەیەکیتریش مرۆڤ دۆست و هیومانیستە، دەمێک عاشقی ڕەنگی زەردەو دەمێکیتر سەوز، پار مەدحی ڕەنگی ڕەشی دەکردو ئێستاتەنها بڕوای بەڕەنگی سپی هەیە!
تاکێک هەردەمەو شتێکە، هەموو شتەو هیچ شتێکیش نییە، بانگەشەی ئایینی حۆشەویستی و ڕێبازی مرۆڤ بوون دەکات، کەچی مێشکی خۆی لەبۆتەی ئایدیۆلۆژیایەکدا لەقاڵبداوەو پڕە لەدەمارگیری بۆ تێگەیشتنێکی دیاریکراو لایەنگری بۆ ئایینێکی دیاریکراودا.
کەسایەتی تاکی عیراقی، پێمان دەڵێت کەسایەتی تاک لەناو چی کەش و هەوا ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی پێک بێت، ئەوە کاریگەری و جێکەوتی ئەوژینگەیەی بەسەرەوە دەبێت ،تاک بەرهەم و کوڕی ژینگەو کومەڵەکەی خۆیەتی، ئەو کۆمەڵەی کە تێیدا دەژیت، ئەوتاکەیە کەکۆمەڵ لەمناڵیەوە لەڕێگەی پەروەردەوە دروستی دەکات، یاخود وێرانی دەکات، کۆمەڵێک ، بێ فلتەرو سانسۆرو چاودێری و ئاگالێبون مناڵ بەرەڵای شەقام دەکات، تا لەگەڕەکدا فێری شەڕو ڕفتارخراپی بێت و هەستی خۆ بەزلزانی کەسایەتی  و دەمارگیری بۆ مناڵانی گەڕەکەکەی و  ڕۆحی کۆڵانچیەتی لادروست بێت، ئەو دەمارگیرییەی بۆگەڕەک ، کەلەئایندەو دواتردا تەشەنە دەسەنێت بۆ دەمارگیری تیرەو هۆزو شارچیەتی و مەزهەبی وئاینی،  لەماڵەوەش داوا لەمناڵ دەکەن لەبەردەم گەوراندا ویقارو شکۆ بنوێنێت،دووکەسایەتی لەمناڵ دروست دەکەن، یەکێکیان بۆ کۆڵان و ئەوەیتریشیان بۆ بەردەم خەڵکی لەخۆی گەورەتر.
کەسایەتی تاکی عیراقی، پێمان دەڵێت واتای ئەوە نییە دەست لەمناڵ هەڵگرین و  منداڵ چی ویست و هەوەسکرد، بەدڵی ئەو بێت و بۆی جێبەجێ بکەین و ئازادی ڕەهای پێ ببەخشین، 
نەخێر دەکرێت لەڕێگەی سود وەرگرتن لەوزە شاراوەکانەوە، هەوەسە سروشتییەکانی منداڵ کۆنترۆڵ بکرێت، وەلێ نابێت وەکو ئەو جڤات و کۆمەڵەیە بین، کە هەر لەمناڵیەوە پەروەردەیەکی سەقەت دەرخواردی منداڵ دەدات و دیکتاتۆرانەو تۆتالیتارنەو تاکڕەهەندانە وتاک لایەنانە بێ ئەوەی حیساب بۆ خولیاو رەچاوی مومارەسەکردنی حەزە سروشتیەکانی منداڵ لەناو سنورێکی دیاریکراودا بکرێت.مناڵ وابەستەی کومەڵێک دۆگم و پەروەردەیەکی زبرو زۆر توند دەکەن،(زۆر جار پەل بۆ ڕسکاندنی سیفەتی ڕیابازی و دووڕوویی دەهاوێت و منداڵێکی دووڕووی ڕیاباز بەرهەمدێت کە شتێک دەڵێت و شتێکی دیکە دەکات  شتێک دەکات ئیمانی پێی نییە. بڕوایشی بەشتێکە کە ئەنجامی نادات...)ٚ.
ئیتر لەکۆمەڵێکی وادا، سەرەنجام و لەئایندەدا، تاکێکی دووڕو ،بەرهەم دێت،  وەکو ئەوەی عیراق ،کەمنداڵەکەی لەمنداڵیەوە بەدەست کۆمەڵێک سزاوە دەناڵێنێت و (ئیدی دەیەوێت هەرچۆنێکی کردووە لەڕێگەی لادان و فرت و فێڵەوە خۆیانی لێ ڕزگا بکات.)لەڕووکەش خۆی زۆر بەڕێزو کەسێکی نموونەی ئەدەب و باڵاوەنیشان دەدات، کەچی هەزارو یەک بەهانە و پۆزش و بگرەو بەردە بۆخۆی دەهێنێتەوە تاخۆی لەو بەندوبارە ڕزگاربکات، تاکێک هەڵگری دووکەسایەتی،یەکێکیان بۆ کاتی بیرکردنەوە و، ئەوەی دیکەشیان بۆکاتی کارکردن،
تاکێک بەرلەوەی خەڵکی فریو بدات،وەکو وەردی دەڵێت، حۆی فریو دەدات، ئیدی بەو چەشنە نەوەیەکی دوو ڕوو و دوو فاق دروسدەبێت و پەتای دووفاقیی لەسەرتاسەری کۆمەڵ بڵاو دەبێتەوەو نەحۆشی دووفاقی جەستەی نیشتمان و دڵی جڤاک دەهاڕێت.
ئیتر لەکۆمەڵێکی دوو ڕوو و دەبڵ مۆڕاڵدا، هیچ شتێک لەشوێنی خۆی و لەسەر ڕێچکەی سرووشتی خۆیدا نامێنێتەوە، کۆمەڵێک. سیاسیەکانی بازرگان و بازرگانەکانی گەندەڵ، پیاوە ئاینیەکانی درۆزن و مامۆستاکانی ئەخلاق ناشرین، پزیشکەکانی مادی و ئستغلالکەر دەبن.
لەکۆمەڵێکی دوو ڕوو و دەبڵ مۆڕاڵدا، لەناو تاکگەڵێکی خاوەن کەسایەتی ئزداوجدا، تاک چ تاکێکی لێدەردەچێت، جگە لە تاکێک وەکوو هەموو تاکەکانی تر دووڕوو و ڕیاکەرنەبێت.تاکێکی ئزدیواجی نەبێت،لەوەها کۆمەڵێکدا، ئیزدیواجیەتێک. تێکەڵ بەخوێن و شادەماری مرۆڤەکان دەبێت، دووفاقی دروونی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئایینی..تاد.
ئەو پەتای دوو فاقییەتەی کە زۆرینەی تاکی عیراقی لەسکی خۆیدا هەڵیگرتووەو  خویان پێیەوە گرتووەو لەسەری ڕاهاتوون و تۆی ئەو دووفاقیەتەیان تێدایەولەگەڵیدا دەژین و لایان بووەتە بە نەریت و شتێکی نۆڕمال و  سروشتی و ئاسایی و وەکو میراح نەوە، بۆ نەوەی دەگوازێتەوە. لەو عیراقەی وەکو نووسەر ئاماژەی بۆ دەکات، کە هەندێک تایبەت مەندی تێدایە، لەهیچ جڤاتێکی دیکەدا نەبینراوەو نییە.ئەو دەردی نامۆیی کومەڵایەتی و دووفاقیی کەسایەتییەی گشت کۆمەڵی تەنیوەو  هەموو تاکێک بەئەندازەی خۆی گیرۆدەی بوون و بەدەستیەوە دەناڵێنن.


زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×