رانانێک بۆ کتێبی 'فەلسەفەی 'کانت' لەنێوان 'سپینۆزا' و 'هیگڵ' دا
  2021-12-14       1440       

'فەلسەفەی 'کانت' لەنێوان 'سپینۆزا' و 'هیگڵ'دا" لەنوسینی نەوزاد جەمال-ە.

کۆکردنەوەی سێ گەورە فەیلەسوف لە نووسینێکدا کارێکی ئاسان و بێئاڵۆزیی نییە، بەتایبەتیش لەنێو زمانی کوردییدا. چونکە، لە مێژووی فەلسەفەدا ئەو سێ ناوە بە کاریگەریی و وەرچەرخانێک لە بیری فەلسەفییدا دەناسرێنەوە. جێپەنجەی هەر یەکەیان لە پرسیارو وروژاندنی بابەتی هەستیارو پەیوەندیدار بە بواری ئایین، ئاکار و زانین و سیاسەتەوە، لە سەردەمی خۆیان و داوتریش جێی مشتموڕبووە. رەخنەکردنی بیری ئایینی/میتافیزیکی لای سپینۆزا بووە هۆی ئەوەی لای هاوئایندارەکانی کەسێتی روناکبیری تیرۆری بکرێت و لە جڤاکەکەی خۆی وەدەربنرێت. لێکدانەوەکانیشی لە بارەی سیاسەت و تیۆلۆجیا و فەلسەفەوە هەڵایەکی خستەوە کە تا سەردەمی کانت درێژەی هەبوو. هەروەها، بەجۆرێک دووچاری ناوزڕاندن و بەدلێکدانەوەو خراپ حاڵیبوون لەدەقەکان و بۆچوونەکانی بەسەر بەرەی نەیار- دژبەرو دۆست و هەوادارانیدا دابەشب بێت. لەوێوە 'سپینۆزایی' بوون کرایە نەیاری ئایین و بێباوەڕی.

بەڵام، ئەو ڕووداوە بەجۆرێک بووە وانەیەک بۆ 'کانت' کە ناڕاستەوخۆ لەگەڵ سپینۆزادا لە هەندێک جێی دەقەکانیدا بکەوێتەگفتوگۆ و ڕەخنەکردنی. کاریگەری کانت لە سۆنگە ڕەخنەییەکەوە جیێپەنجە لەسەر کۆی فەلسەفە بەجێدەهێڵێت و لە سێ بەرهەمی سەرەکی رەخنەییدا(رەخنەی ژیری پەتی، رەخنەی ژیری پراکتیک و ژیری بڕیاردان) رەنگدەداتەوە. کانت دەیەوێت سپینۆزا تێپەڕێنێت و خۆسی لە فەیلەسوفەکانی پێشخۆی دابڕێت. بۆیە، کارەکەی بە شۆڕشێکی کۆپەرنیکۆسانە لە فەلسەفەدا دادەنرێت. بەڵام پاش مەرگی کانت، کایەی فەلسەفە بەجۆرێک دووچاری تەنگەژەی کولتوری و سیاسی دەبێت بەجۆرێک مەیلی گەڕانەوە بۆ سپینۆزا سەرهەڵدەداتەوە و مشتومڕێکییتر لە ئەڵمانیادا سەرهەڵدەداتەوە. لەم بەستێنەشدا فەلسەفەی هیگڵ وەک ناوێکی ناسراو هەژموونی بەسەر فەلسەفەی ئایدیالیزمدا بەدەردەکەوێت. هیگڵ دەیەوێت ئەو کێشەفەلسەفیانەی لای کانت بەکراوەیی و نەبڕێنراوەیی ماونەتەوەو چارەسەربکات. لێرەوە، خۆی وەک ئەلتەرناتیڤی کانت دەنوێنێت و رەخنەش لە کانت دەگرێت.

 لێرەوە، توێژەر دەیەوێت لەسۆنگەی 'کانت'ەوە، رەخنەکانی هیگڵ شرۆڤەو رەخنەبکات. بۆیە، خوێندنەوەو شرۆڤەکردنی فەلسەفەی رەخنەیی کانت لەنێوان دووجەمسەری فەلسەفیدا کە 'سپینۆزا و هیگڵ'ە، جۆرێک لەئالێنگاری توێژینەوەی لێکدەوێتەوە. چونکە، توانای راڤەیەکی نوێ بۆ کانت دەخاتە ئەستۆی توێژەر. شاراوەنییە کە کارو توێژینەوەی فرەجۆر لەسەر هەریەک لەو سێ فەیلەسوفە مەزنەکراوە. بەڵام، کۆکردنەوەی ئەو سێ فەیلەسوفەو بەمیتۆدێکی شرۆڤەیی بەراوردکاریی، تیشکێیکی نوێ دەخاتەسەر ئەو مشتوومڕەی لەو فەیلەسوفانە کەوتۆتەوە. ئامانجیش، ئاشناکردنی خوێنەری کوردە بە هەندێک لایەنی فەلسەفیی ئەو بابەتە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×