سندوقی نەختی نێودەوڵەتیی: ئێران خاوه‌نی گەورەترین ئابوریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاسته‌
  2021-12-28       1320       


بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی سندوقی نەختی نێودەوڵەتیی، لەساڵی 2021دا تێکڕای داهاتی نەتەوەیی ئێران تریلیۆنێک دۆلاری تیپەڕاندوە، بەوەش پێش ئابوریی هەریەک لەسعودییەو تورکیا دەکەوێتەوەو دەبێتە گەورەترین ئابوریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

مەبەست لەتێکڕای داهاتی نەتەوەیی، کۆی داهاتی بانکە ناوخۆییە تایبەت‌و دەوڵەتییەکان‌و خەرجییە حکومیەکان، وەبەرهێنانەکان‌و زێدەبایی لەگەنجینە تایبەتییەکان‌و خەرجییەکانی بونیادنان‌و تەرازوی بازرگانیی‌و هەناردەکان دەگرێتەوە.

لەڕاپۆرتەکەی سندوقی نەختی نێودەوڵەتیی کە تێکڕای داهاتی نەتەوەیی وڵاتانی جیهانی بۆ ساڵی 2021 بڵاوکردۆتەوە، تێکڕای داهاتی نەتەوەیی ئێران (GDP) لەساڵی 2021 بریتی بوە لە1.08 تریلیۆن دۆلاری ئەمریکی، بەوەش ئابوریی ئێران پێش هەریەک لەتورکیاو سعودیەو وڵاتانی تری عەرەبیی کەنداو دەکەوێتەوەو ڕاستەوخۆ دەکەوێتە دوای ئابوریی ڕوسیا.

لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، تێکڕای داهاتی نەتەوەیی ئێران لەپێش هەندێک وڵاتی ئەوروپایشەوەیە وەک پۆڵەنداو پورتوگال‌و سویسرا.

تێکڕای داهاتی نەتەوەیی پێوەرە بۆ قەبارەی ئابوریی هەر وڵاتێک، گەورەیی ئابوریش لەبنەڕه‌تەدا مانای باشی پێنوێنەکانی تری وەک هەڵاوسان‌و دەرفەتی کارو هەناردەکردنی کاڵاو شمەک بۆ دەرەوە ناگەیەنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×