فیدراسیۆنی کۆمەڵەی ژنان: لە تورکیا رۆژانە ژنێک دەکوژرێت
  2022-01-04       488       

فیدراسیۆنی کۆمەڵەی ژنان لە تورکیا دەڵێ، لە ماوەی یەک ساڵدا 367 ژن لە تورکیا کوژراون، واتە بە تێکڕا رۆژانە ژنێک کوژراوە.
 
جانان گوللو، سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵەی ژنان لە تورکیا رۆژی دووشەممە 3ی کانوونی دووەمی 2022 رایگەیاند، لە ساڵی 2021دا لە سەرتاسەری تورکیادا 367 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون.
 
جانان گوللو ئاماژەی بەوەدا، بۆشایی لە یاساکاندا و کەموکوڕییەکان هۆکارن بۆ رێگرینەکردن لە ئەنجامدانی تاوانی کوشتن بەرامبەر بە ژنان، تاوەکو ئەنجامدەرانی تاوانەکان سزا نەدرێن، کوشتنی ژنان زیاتر دەبێت. 
 
فیدراسیۆنی کۆمەڵەی ژنان لە تورکیا لە راپۆرتێکدا ئامارەکانی کوشتنی ژنانی لە ماوەی 13 ساڵدا (2008-2021) بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە لە ساڵی 2021دا لە سەرتاسەری تورکیادا 367 ژن و لە ماوەی 13 ساڵیشدا 3719 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون و بەشێک لەو ژنانە بەشێوەیەكی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەگوێرەی ئامارەكانی پلاتفۆرمی تاوانی دژی ژنان دەوەستێنین"، لە ساڵی 2020دا لە تورکیا و باکووری کوردستان 300 ژن کوژرابوون و 171 ژنی دیکەش بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان لە دەستدابوو. هەروەها لە 11 مانگی 2021یشدا 346 ژن کوژرابوون و 212 ژن بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستدابوو. 
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×