10 ملیاردێر و 8 هەزار ملیۆنێری دۆلار لە هەرێمی كوردستان هەن
  2022-01-04       3128       


وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵێت، لە هەرێمی كوردستان 10 ملیاردێر و نزیكەی 8 هەزار ملیۆنێری دۆلار هەن، كە سامانەكانیان بە پارەی كاش و موڵك و ماڵەوە لەسەروو 5 ملیۆن دۆلارەوەیە.

ئاوێنه‌: مەلا یاسین مەحموود، وتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ئێستا لە هەرێمی كوردستان 10 ملیاردێری دۆلارمان هەیە، كە كەسایەتی و كۆمپانیان و سەرمایەكانییان بە موڵك و ماڵەوە لەسەرووی ملیارێك دۆلارەوەیە، هەروەها 7 بۆ 8 هەزار ملیۆنێریشمان هەن كە سامانی هەر یەكێكیان لە 5 ملیۆن دۆلار زیاترە، بەڵام ئەم ژمارەیە بەبەراورد بە ساڵی 2013 كەمبووەتەوە”.

مەلا یاسین وتیشی: “حەوت لەو ملیاردێرانەی دۆلار لە پارێزگای هەولێر و دووانیان لە سلێمانی و یەكێكیشیان لە پارێزگای دهۆكە”.
ئاماژە بە ئەوەش دەكات، لە ساڵی 2013دا لە هەرێمی كوردستان 13 ملیاردێری دۆلار هەبوون، لەگەڵ زیاتر لە 10 هەزار ملیۆنێر، كە سامانی هەر یەكێكیان لە 5 ملیۆن دۆلار بەسەرەوەبوو، بەڵام لە ساڵی 2014ەوە 30٪ی سەرمایەی سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان كەمبووەتەوە.

مەلا یاسین ئەوەش دەڵێت، بەهۆی قەیرانی دارایی و قەرزی سەرمایەداران و كشاندنەوەی پارەكانیان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی حكومەت لای سەرمایەداران بووە، ئەوە جگە لە دابەزینی نرخی نەوت و نەمانی نەختینە و بەستنی سەرمایەی سەرمایەداران و چەندین هۆكاری دیكە كە وایانكردووە سەرمایەی سەرمایەداران كەمببێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×