په‌رله‌مانتارێك به‌دواداچونێك له‌باره‌ی موچه‌ و هاوكاری هه‌ژاران و كه‌مئه‌ندامان ده‌خاته‌ڕو
  2022-01-04       641       


بەدریە ئیسماعیل، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامی به‌دواداچونێك له‌باره‌ی موچه‌ و هاوكاری چاودێری خێزان و هه‌ژاران و كه‌مئه‌ندامان بڵاوده‌كاته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت، دەبو حکومەت هاوکاری‌ هەژارەکان بکات، بڕی‌ ئەو پارەیەی‌ کە پشکی‌ هەژارەکان بو بریتی‌ بو لە 13 ملیار دیناری‌ مانگانە، لە مانگی‌ 8 ساڵی‌ 2015 هاوکاری‌ هەژارەکان راگیراوه‌.

بەدریە ئیسماعیل، بڕیاردەری‌ لیژنەی‌ کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌ و داکۆکی‌ لە مافی‌ مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "بەپێی‌ یاسای‌ بودجەی‌ ساڵی‌ 2013 دەبو حکومەت هاوکاری‌ هەژارەکان بکات، بڕی‌ ئەو پارەیەی‌ کە پشکی‌ هەژارەکان بو بریتی‌ بو لە 13 ملیار دیناری‌ مانگانە، لە مانگی‌ 8 ساڵی‌ 2015 هاوکاری‌ هەژارەکان کە بەناوی‌ چاودێری‌ خێزان بو بە پاساوی‌ چاکسازی‌ بە بڕیاری‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران ڕاگیراوه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بەپێی‌ ئەو بڕیارە دەبو وەزارەتی‌ کارو کاروباری‌ کۆمەڵایەتی‌ لەگەڵ وەزارەتی‌ دارایی‌ لە ماوەی‌ 90 رۆژی‌ کاردا ئەو پێداچونەوەیە بکەن و ئەگەر کەسێکی‌ ناشایستە لە لیستەکان هەیە جیای‌ بکەنەوە، موچە و هاوکاری‌ هەژارەکان خەرج بکەنەوە بەڵام لەوکاتەوە تا ئێستا بە ناڕەوا ئەو موچەو هاوکاریە راگیراوه‌.

بەدریە ئیسماعیل باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی موچه‌ و هاوكاری ده‌یانگرێته‌وه‌ بریتین لە "منداڵانی‌ بێ سەرپەرشت، ژنانی‌ بێ هاوسەرو کچانی‌ تەمەندار، ئەو ژنانەی‌ هاوسەرەکانیان سزادراون، نەخۆشخانی‌ درێژخایەن، بەساڵاچوانی‌ پەککەوتە، به‌ڵام  بە مەرجی‌ ئەوەی‌ هەژار بن و هیچ سەرچاوەیەکی‌ داهاتیان نەبێت".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "بڕی‌ ئەو پارەیەی‌ کە دەدرایە هەژارەکان تەنها 150 هەزار دیناری‌ مانگانە بو، ژمارەی‌ ئەو خێزانەی‌ کە سودمەندبون لە موچەو هاوکاری‌ چاودێری‌ خێزان بریتی‌ بو لە 80 هەزار خێزان، بەڵام پاش ئەنجامدانی‌ بایۆمەتری‌ بۆیان، کەمبونەتەوە بۆ 60 هەزار خێزان، ئەوەش واتەی‌ ئەوانە هیچ موچەو هاوکاریەکیان نیە لە حکومەت و شایستەی‌ ئەو هاوکارییە".

بەدریە ئیسماعیل سەبارەت بە ڕۆڵ و بەدواداچونی‌ پەرلەمان لەم دۆسیەیە ئاشكرایكرد، "بە چەندین ڕێگەی‌ پەرلەمانی بەدواداچونمان کردوە، بەڵام تا ئێستا حکومەت وەڵامی‌ ئەم داوایەی‌ خەڵکی‌ هەژاری‌ نەداوەتەوە، هاوکاری‌ هەژارەکان بەناوی‌ چاودێری‌ خێزان مافێکی‌ یاسایی هاوڵاتیانی‌ هەژارە، کە هیچ سەرچاوەیەکی‌ داهاتیان نیە، چونکە ئەرک و بەرپرسیارێتی‌ حکومەتە پێداویستی‌ ئەو هاوڵاتیانە دابین بکات، کە لە خوار هێڵی‌ هەژارییەوەن و هیچ سەرچاوەیەکی‌ داهاتیان نییە، بەپێی‌ کۆتا یاسای‌ بودجەی‌ هەرێمی‌ کوردستان لە ساڵی‌ 2013 پشکی‌ هەژارەکانی‌ تێدایە، نەدەبو حکومەت بیبڕێت و بۆیانە نەگەڕێنێتەوەبە، پێی‌ یاسای‌ بودجەی‌ ساڵی‌ 2021ی‌ حکومەتی‌ فیدراڵی‌ یەکێک لە بوارەکانی‌ هاوکاری‌ دارایی‌ تەرخانکراوە بۆ چاودێری‌ کۆمەڵایەتی‌ کە کەمئەندامان و تۆڕی‌ پاراستنی‌ کۆمەڵایەتی‌ دەگرێتەوە، هەربۆیە دەبو لەو بڕە پارەیەی‌ کە لە بەغداوە مانگانە دەگاتە هەرێمی‌ کوردستان برێکی‌ تەرخان بێت بۆ هەژارەکان".

بەدریە ئیسماعیل رونیشیكرده‌وه‌، هەربەپێی ئەوبەدواداچونە سەبارەت بەکەمئەندامان بە پێی‌ یاسای‌ ژمارە 22 ساڵی‌ 2011 هەر هاوڵاتیەک بەهۆی‌ ڕوداوێک، یان بە زگماک بە کەمئەندام لە دایک ببێت، ئەوە پاش دەستنیشانکردنی‌ رێژەی‌ کەمئەندامیەکەی‌ لەلایەن لیژنەیەکی‌ پسپۆڕەوە، پێویستە حکومەت بڕێک پارەی‌ وەک هاوکاری‌ مانگانە بۆ تەرخان بکات کە بریتییە لە 150 هەزار دینار بۆ کەمترین ڕێژەی‌ کەمئەندامی‌ و بۆ رێژەی‌ 100%ی کەمئەندامی‌ بگاتە 250 هەزار دینار، بەڵام حکومەت لەم بوارەدا ئەم کەمتەرخەمی‌ و یاساشکێنیانەی‌ هەیە و بەپێی‌ رێژەی‌ کەمئەندامی‌ هاوکارییەکان دابەش ناکات".

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، تا ئێستا ئەو هاوڵاتیانەی‌ لە 100% کەمئەندامن هەر تەنها 150هەزار دیناریان پێدەدات لە بری‌ 250 هەزار دینار، لە ساڵی‌ 2012ەوە بەناڕەواو نایاسایی‌، هیچ کەسێک تۆمار نەکراوە، ژمارەی‌ ئەوانەی‌ تا ئێستا تۆمار نەکراون و حکومەت پابەندی‌ هاوکارییەکانیان نییە بریتییە لە 30 هەزار هاوڵاتی‌، ئەو منداڵ و هاوڵاتیانەی‌ تۆمار نەکراون تەنها مافە داراییەکەیان پێشێل نەکراوە، بەڵکو لە مافەکانی‌ تریش بێ بەشن.

وتیشی، بەپێی‌ یاسای‌ ژمارە 22ی‌ ساڵی‌ 2011 پێویستە حکومەت بڕێک پارە بدات بەو دایکانەی‌ کە خۆیان تەرخان دەکەن بۆ بەخێوکردنی‌ منداڵە کەمئەندامەکەیان، کە کارمەندی‌ حکومەت نین، بەڵام لە دەرچونی‌ یاساکەوە تا ئێستا کە نزیکەی‌ 10 ساڵە ئەو مافە بەو دایک و باوکانە ڕەوا نابینرێن کە کارمەندی‌ حکومەتی‌ نین و خۆیان تەرخان کردوە بۆ بەخێوکردنی‌ منداڵە کەمئەندامەکەیان کە بریتییە تەنها لە 150 هەزار دیناری‌ مانگانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×