گرژییەكانی كازاخستان و دۆخی لیبیا نرخی نەوت بەرزدەكەنەوە
  2022-01-07       492       

ئەمڕۆ هەینی، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی، ئەوەش لەسایەی بەرزبونەوەی ئاستی گرژییەكان لە كازاخستان و خراپی دۆخی سیاسی لە لیبیا.

ئاوێنە: بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ هەینی، نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بۆ 82.56 دۆلار و نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی تەكساس بۆ 80.13 دۆلار بەرزبۆتەوە كە بەوەش لە هەفتەی یەكەمی ساڵی نوێدا، بەهای نەوت زیاتر لە لەسەدا 6 بەرزبۆتەوە.

بەگوێرەی رۆیتەرز تەشەنەسەندنی زیاتری گرژییەكان لە كازاخستان و بەردەوامی خراپی دۆخی سیاسی لە لیبیان هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی نەوتن.

دوای چەند رۆژێك لە ئاڵۆزییەكان لە كازاخستان، حكومەتی ئەو وڵاتە دۆخی نائاسایی راگەیاندو دوێنێش روسیا بۆ دامركاندنەوەی راپەڕینی خەڵكی كازاخستان هێزی تایبەتی رەوانەی ئەو وڵاتە كرد.

لەسەرەتای ساڵی نوێوە ناڕەزایەتییەكانی خەڵكی كازاخستان لە ناوچەی رۆژئاوای وڵاتەكە دەستیان پێكرد كە ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە نەوت.

هە بەگوێرەی رۆیتەرز بەرهەمهێنانی نەوت لە لیبیا بۆ 729 بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە تا ساڵی رابردو رۆژانەی بەرهەمهێنانی نەوت 1.3 ملیۆن بەرمیل بو لەو وڵاتە.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×