عه‌بدولستار مه‌جید: پارتی‌و یەکێتی داهات به‌غەنیمەی حزبەکانیان ده‌زانن‌و نایگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتیی
  2022-01-15       580       


عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ری‌ ده‌ڵێت، "پارتی‌و یەکێتی مامه‌ڵەیەکی مەترسیدار لەگەڵ داهاتی گشتیی دەکەن، بەجۆرێک هەریەکەیان داهاتی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەدەستکەوت‌و غەنیمەتی حزبەکەی دەزانێت و ئامادەنیە بیگەڕێنێتەوە خەزێنەی گشتیی."

ئاوێنه‌: ناوبراو له‌په‌ڕه‌ی‌ حۆی‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك نوسیویه‌تی‌، "ترسناکتر لەدوو ئیدارەیی! لەئێستادا پارتی‌و یەکێتی مامه‌ڵەیەکی مەترسیدار لەگەڵ داهاتی گشتیی دەکەن، بەجۆرێک هەریەکەیان داهاتی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەدەستکەوت‌و غەنیمەتی حزبەکەی دەزانێت و ئامادەنیە بیگەڕێنێتەوە خەزێنەی گشتیی."

راشیگه‌یاندووه‌، "لەئەنجامی ئەو زانیاریی‌و بەدواداچونانەی بەئێمە گەیشتووە، ئەم دوو دەسەڵاتە داهاتی ناوخۆ ناگەڕێننەوە بۆ وەزارەتی دارایی‌و دەیبەن بۆ خۆیان!"

عه‌بدولستار مه‌جید ده‌ڵێت، "لەوەش خراپتر داهاتی نەوتە کە هیچ کەس نازانێت چۆن‌و بەچەند دەفرۆشرێت‌و نەوتیش چەند نرخی بەرز بێتەوە، کەمتر لە ٣٥٠ ملیۆن دۆلاری دەدەنە وەزارەتی دارایی‌و ئەوەی دیکەی بۆ خۆیان‌و کۆمپانیاکانی حزب دەڕوات! هۆکاری نەبونی بودجەو موچەی خەڵکیش هەر ئەم مامەڵە مەترسیدارەیە!"

دوای 20 رۆژ لەدەستپێكردنی دابەشكردنی موچەی مانگی 12ی ساڵی (2021)، هێشتا بەشێكی زۆری وەزارەت‌و دەستەكان موچەیان وەرنەگرتووە.

تائێستا حكومەتی هەرێم لەكۆی (900 ملیار) دیناری كۆی خەرجی مانگانەی موچە بڕی (636 ملیار) دیناری وەكو موچەی مانگی (12)ی ساڵی 2021ی دابەشكردووە.

لە 25ی مانگی رابردوەوە، كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) دەستی بەدابەشكردنی موچەی مانگی (12) كردووە، بەڵام هێشتا دابەشكردنی موچە تەواو نەبووە، ئەمە لەكاتێكدایە دەبێت ئێستا ئامادەكاری بۆ موچەی مانگی 1ی ساڵی 2022 بكات. 

لای‌ خۆیه‌وه‌ عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ڵێت، "ھەمووان بێدەنگن لەدەستبەسەردا گرتنی داھاتی ناوخۆ! بەھۆی نەگەڕاندنەوەی داھاتی ناوخۆی مانگی 12، موچە نادرێت".

ئه‌وه‌شی‌ نوسیوه‌، "دوو ئیدارەیەکی ناشرین، ئاسایشی سنوری پارتی موچەی وەرگرتوە، ئاسایشی سنوری یەکێتی وەرینەگرتووە! داھاتی ناوخۆی مانگی پێشوو 351 ملیار بوە نەگەڕاوەتەوە بۆ موچە!"

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×