سروە عەبدولواحید: کۆمپانیای داناغاز به‌رهه‌مهێنان زیاد بكات تا قه‌یرانی‌ غاز چاره‌سه‌ر بكرێت
  2022-01-18       561       

سروە عەبدولواحید به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌ گرێبەستی ئێستای حکومەتی هەرێم‌و کۆمپانیاکانی داناغاز هەڵبوەشێتەوەو گرێبەستێکی نوێ‌و رێککەوتنێکی نوێ بکرێت، بەجۆرێک بڕێکی زیاتر غازی شل بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکرێت‌و قه‌یرانی‌ غاز چاره‌سه‌ر بكرێت.

ئاوێنه‌: سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق ڕایگه‌یاندووه‌، بڕی ئەو غازە شلەی تا ئێستا کۆمپانیای داناغاز دابینیکردووە بۆ پێداویستی ناوخۆی کوردستان هەزار تەنەو ئەو بڕەش زۆرکەمە بۆ ئێستاو هاوتا نییە لەگەڵ ئەو خواستە زۆرەی بۆ غاز هەیە.

باسی لەوەشکردووە، جگە لەسوتەمەنی ماڵان، ئێستا غاز بۆ گەرم کردنه‌وه‌و بۆ ئۆتۆمبیلیش بەکاردەهێنرێت بۆیه‌،  خواستی هاوڵاتیانی‌ هه‌رێم بۆ بەکارهێنانی غاز زیادیکردووە.

سروە عەبدولواحید دەڵێت، "داوا دەکەین وەک چۆن بڕی بەرهەمی غازی سروشتی کۆمپانیاکە زیادیکردووە بەڕێژه‌ی‌ ٥٥%، ئەو بڕە غازە شلەش زیاد بکرێت هەر بەهەمان رادەی ٥٥% و بەنرخی دیاریکراوی فەرمی لەبازاڕەکانی کوردستاندا بفرۆشرێت."

جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌، بەو جۆرە، بڕی ئێستا کە هەزار تۆنە دەبێت بکرێتە هەزارو ٥٠٠ تۆن‌و بەم جۆرە کێشەو قەیرانی غازی شل لەهەرێمی کوردستان چارەسەر دەبێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئه‌وه‌شی‌ وتووه‌، "ناکرێت خەڵکی کوردستان چەندین کاتژمێر لەسەرەی کڕینی بتڵێک غازدا بن، لەکاتێکدا کە داناغازو هاوبەشەکانی بەڕادەی ٥٥% بەرهەمیان زیادکردووە".

دەشڵێت، "ئەمە ئەرکی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانە کە بەم گرێبەستەدا بچێتەوەو لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دایبڕێژنەوە وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی غازو سوتەمەنی لەهەرێمی کوردستاندا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×