خانەنشینیی ھەرێم: پرۆسەی چاکسازی لە پلەباڵاکان تەواو بوە
  2022-01-29       856       

سەباح موخڵیس، بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینیی ھەرێمی کورستان رایگەیاند، پرۆسەی چاکسازی لە پلە تایبەتەکان تەواو بوەو ئێستا تەنھا ئەو کەسانە ماون کە کێشە لە دۆسیەکانیان ھەیە و خەریکی چارەسەرکردنیانن و ھەموشیان موچەیان ھەموار کراوەتەوەو بەرزترین موچە لە لەسەدا 60 تێپەڕ ناکات.

ئاوێنە: سەباح موخڵیس، بەڕێوەبەری ئامار لە خانەنشینیی ھەرێمی کورستان، ئەمڕۆ شەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاندوە''پرۆژەی چاکسازی لە پلەتایبەتەکان تەواو بو و ئەنجامەکەشی ئەوە بو بەپێی یاسای چاکسازی، موچەیان ھەموار کراوەتەوەو ئەوەی خزمەتی تەواو نەبوە، خەریکی رێکخستنی خزمەتی خۆیانن، بۆ نمونە لە وەزیرەکان، کاتی خۆی کە وەزیر بونە، خزمەتیان وەکو پێویست نەبوەو ئێستا دێن دۆسیەکانیان تەواو دەکەن و دوایین مۆڵەتیشیان پێ درابو بێن کەموکوڕییەکانیان چارەسەر بکەن و خۆیان لەگەڵ یاسای چاکسازی بگونجێنن تا ئەوکاتە موچەیان پێ دەدرێت، بۆیە ئێستا بەردەوام سەردانمان دەکەن و دۆسیەکانیان ڕێکدەخەن و کە تەواویان کرد موچەیان ھەموار دەکرێت و دواتر موچەکەیان پێ دەدرێت."

ئاوێنە لە تەلەگرام جۆین بكە

ئەو بەڕێوەبەرە وتوشیەتی"ئەوانەی کێشە لە دۆسیەکانیان ھەیە لەسەدا 20 تا لەسەدا 30 دەبن، بەڵام خەریکن ئەو کێشانەی لە دۆسیەکانیان ھەیە چارەسەری دەکەن و خۆیان لەگەڵ یاسای چاکسازی دەگونجێنن و ئەوانەی نایاساییشن ئێمە ناوەکانیانمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران ڕەوانە کردوە، بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست بەرامبەریان بگیرێتە بەر."

سەباح موخلیس رونیشی کردۆتەوە''موچەی سەرجەم پلە تایبەتەکان ھەموار کراوەتەوەو موچەی ھیچ کامیان لە لەسەدا 60 زیاتر نییە، بەپێی ھەمواری تازە ھەمویان لە لەسەدا 60 بۆ خوارەوە موچە وەردەگرن، بەپێی ئەو ھەموارەی لە موچەکانیان کراوە.''

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×