تووشبووانی كۆرۆنا لە زیادبووندایە
  2022-01-31       510       

بە گوێرەی دواین ئامار، تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتە 375 ملیۆن و 369 هەزار و 651 حاڵەت.

ئاوێنه‌: بە گوێرەی ئامارە جیهانییەكان، تاكو كاتژمێر 12ی ئەمڕۆ دوو شەممە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتە 375 ملیۆن و 369 هەزار و 651 حاڵەت، لەو ژمارەیەش 5 ملیۆن و 682 هەزار و 192 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش هەبووە.

هەر بەپێی ئامارەكان تاكو ئێستا 296 ملیۆن و 640 هەزار و 758 تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا چاكبوونەتەوە.

لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، ئەمریكا زۆرترین ڕێژەی تووشبوون بە پەتاكەی تێدا تۆماركراوە و گەیشتووەتە 75 ملیۆن و 578 هەزار و 76 كەس و 907 هەزار و 190 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، بەهۆی گۆڕاوەكانی كۆرۆناوە تووشبوون بەردەوام ڕوو لەزیادبوونە و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش داوا دەكات، ڤاكسین بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بەسەر وڵاتانی جیهان دابەش بكرێت بەتایبەت ئەو وڵاتانەی هەژارن و توانای دابینكردنی ڤاكسینیان كەمە.
ڤایرۆسی كۆرۆنا نەخۆشییەكی كوشندەیە و مانگی 12ی ساڵی 2019 لەشاری وۆهانی وڵاتی چین سەریهەڵداو لەئێستاشدا لە زیاتر لە 210 وڵات و ناوچەی جیهان بڵاوبووەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×