دووباره‌ هێرش بۆ سه‌ر ئازادییه‌ كه‌سییه‌كان
  2022-02-07       1567       

 شاخەوان عەلی کاک عەبدوڵا 

 

دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤیدیۆیه‌كی ده‌نگی هونه‌رمه‌ندی ناسراوی كورد "ناسر ڕه‌زازی" له‌باره‌ی گۆڕینی باوه‌ڕی ئایینی خۆی له‌ ئیسلامه‌وه‌ بۆ یارسان، كه‌ ئایینێكی بچوكی كۆنی كوردییه‌، هێرشێكی به‌رفراوان له‌ سه‌ره‌تایی مانگی شوباتی ٢٠٢٢ دژی هونه‌رمه‌ندی ناوبرا له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ستی پێكرد، هێرشه‌كه‌ سه‌ره‌تا به‌ دنه‌دان و هاندانی مه‌لا و بانگخوازه‌ ئایینییه‌كان بووه.

 وه‌ك تێبینی ده‌كرێت ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ هه‌ركه‌سێك، ڕه‌خنه‌ یان تێبیینیه‌ك یان سه‌رنجێك له‌باره‌ی ئایینی ئیسلام و ته‌نانه‌ت له‌باره‌ی بیروباوه‌ڕی نا ئایینی خۆیه‌وه‌ ده‌ربڕێت، ده‌كه‌وێته‌ به‌ر هێرشێكی توندی به‌رفراوان، كه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و هێرشانه‌ به‌ دنه‌دان و ڕێگه‌خۆشكردنه‌ له‌ لایه‌ن مه‌لا و كه‌ناڵ و پێگه‌ تایبه‌ته‌كانی هێزه‌ ئیسلامییه‌كانه‌وه‌یه له‌ مزگه‌وت و ته‌له‌فزیۆن و ڕادیۆ و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌، ئه‌م هێرش و به‌رپه‌رچدانه‌وانه‌‌ نه‌ك ته‌نیا به‌ وڵامدانه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ یان تێبینی یان ڕای ئه‌و كه‌سه‌ ڕاناوه‌ستن، به‌ڵكو په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر شكاندنی كه‌سایه‌تی كه‌سه‌كه‌ و جنێودان پێی و دروستكردنی تۆمه‌ت و بوختان‌ له‌باره‌ی بیروباوه‌ڕ و ڕه‌فتار و ته‌نانه‌ت ڕه‌وشتی ئه‌و كه‌سه‌وه‌.

چه‌ند مه‌به‌ستێك هه‌یه‌ له‌ پشتی توندی و به‌رفراوانی ئه‌و به‌رپه‌رچدانه‌وانه‌ی هێز و لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كانه‌وه‌ بۆ سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ به‌ناوبانگ و بۆ سه‌ر هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیرییه‌كان و هه‌ندێك جاریش بۆ سه‌ر سیاسییه‌كان هه‌یه‌. مه‌به‌ستی یه‌كه‌م: شكاندنی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌یه‌ تا له‌كاریگه‌رییان بخه‌ن له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، دووه‌م: تا ترسێك بڵاوبكه‌نه‌وه‌ جارێكی تر كه‌س نه‌وێرێت ڕه‌خنه‌ یان تێبینی خۆی له‌سه‌ر ئایین بڵێت، هه‌روه‌ها تا كه‌س جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بێت په‌لكێشی ئه‌وه‌ بكات كه‌ باس له‌ گۆڕینی ئایینی خۆی بكات، سێیه‌م: مه‌به‌ستێكی تری ئه‌و هێزانه‌ ئه‌وه‌یه‌ تا كاریگه‌ری كۆی كه‌سه‌ ڕۆشنبیر و عیلمانی و ئازاده‌كان له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا بچووك بكه‌نه‌وه‌ و ته‌نیا هێزی كاریگه‌ر له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌ر خۆیان بمێننه‌وه، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ته‌نیا مه‌لاكان و حزب و هێزه‌ ئیسلامییه‌كان كاریگه‌ر و گوێلێگیراو بن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییدا‌.

له‌ ڕاستییدا دروستكردنی ئه‌و كه‌شی ترس و بیمه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌گه‌ر به‌ری پێ نه‌گیرێت په‌لده‌كێشێت بۆ دروستكردنی كه‌شێكی ته‌واو فاشیانه‌ی ئایینی كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ به‌ته‌واوه‌تی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دواوه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئایینی و باڵاده‌ستكردنی یه‌ك نیگای ئایینی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا، كه‌ بوار بۆ هیچ هه‌مه‌ڕه‌نگی و جیاوازییه‌ك ناهێڵێته‌وه، هه‌روه‌ها كه‌ش و ژینگه‌ی مه‌ده‌نی و تا ئاستێك عیلمانی كوردستان له‌ناو ده‌بات‌.

له‌كه‌سایه‌تی خستنی كه‌سه‌ ئازاده‌ ڕه‌خنه‌گره‌كان له‌ پێناوی ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌ كوردستان بیانتارێنن و دووریان بخه‌نه‌وه،‌ به‌ڵكو له‌ ده‌رفه‌تی گونجاویشدا سزای جه‌سته‌ییان بده‌ن، شه‌هیدی نووسه‌ر عه‌بدولخالق مه‌عروف كه‌ لە10ی نیسانی1985 لەشاری هەولێر شەهیدیان كرد، نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و تیرۆره‌ جه‌سته‌یه‌یه‌، كه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر كتێبێكی زانستی تیرۆركرا و پێشتر مه‌لاكان و هێزه‌ ئیسلامییه‌كان هێرشێكی توندییان له‌ منبه‌ری مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ كرده‌ سه‌ری. هه‌روه‌ها فتوای كوشتنی شێركۆ بێكه‌س له‌ نه‌وه‌ده‌كاندا له‌ لایه‌ن سه‌ركرده‌یه‌كی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی و به‌دناوكردن و هێرش بۆ سه‌ر شێرزاد حه‌سه‌ن و قوبادی جه‌لیزاده‌ له دووساڵی ڕابردوودا له‌ پاڵ ده‌یه‌ها نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و كه‌سایه‌تی تردا درێژه‌ی ئه‌و زنجیری بڵاوكردنه‌وه‌ی كه‌شی ترس و بیمه‌یه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌ كۆنه‌پارێزه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه كه‌ ڕه‌وته‌ جیاوازه‌كانی سه‌له‌فیه‌ت و ئیخوان پشڕه‌وییان ده‌كه‌ن، بێگوومان به‌ كارئاسانی و گوێپێنه‌دانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ردوو حزبه‌ ناسیۆنالیسته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی كوردستان ئه‌م كارانه‌ ده‌كه‌ن‌. له‌ ڕاستییدا هۆی بێده‌نگی هه‌ریه‌كه‌ له‌ یه‌كێتی و پارتی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ڵسووكه‌وته‌ دژ به‌ ئازادییانه‌ی هێزه‌ ئیسلامییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م دوو حزبه‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ڵبژاردن و هاوپه‌یمانێتی دروستكردنی حكومه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی دیكه‌یان له‌ گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ ئیسلامییانه‌دا هه‌یه‌.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×