راوێژكارێكی مەسرور بارزانی: غاز دەبێتە سەرچاوەیەكی داهات بۆ هەرێم
  2022-02-12       1071       

راوێژکارێكی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، غازی سروشتی لە هەرێم دەگاتە 5.7 ملیار پێ سێجا و ساڵانە 100 ملیۆن پێ سێجا بفرۆشرێت، داھاتێکی زۆر بۆ ھەرێم دابین دەکرێت و دەشڵێت:ھەرێم ھاوشێوەی وڵاتان دەوڵەمەندە بەغاز، بۆیە کاری بەردەوامی بۆ دەکرێت و غازیش دەبێتە سەرچاوەیەکی داھات.

ئاوێنە: بێوار خنسی، راوێژکاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی وت"خواست لە دەرەوە لە وڵاتان بۆ غازی سروشتی ھەرێمی کوردستان زۆرە بەتایبەت ئەو ململانێیەی لەنێوان کیشوەری ئاسیا و ئەوروپا لەسەر ڕاکێشانی غازی سروشتی بۆ وڵاتان و نەگونجانیان لەگەڵ یەک ھەڕەشە لەیەکتر دەکەن کە ھەناردەی غاز لەسەر یەکتری ڕابگرن وەکو ئێران غاز بۆ تورکیا نەڕوات و فشارەکانی سەر ئۆکرانیا ئاڵۆزە کە غاز کەم دەڕوات و تورکیاش غازێکی زۆر بەکاردێنێت و نزیکترین شوێنی ڕاکێشانی بۆری غاز بۆ تورکیا کوردستانە، بەڵام ئێمە نابینە شوێنگرەوەی دابینکردنی غاز بۆ ھیچ وڵاتێک و ئەگەر ئەو سەقامگیرییەو ئەمنیەتە بەردەوام بێت دەتوانین غازێکی باش بۆ وڵاتان دابین بکەین".

ئەوەشی خستۆتەڕو"حکومەتی ھەرێمی کوردستان کار بۆ ھەناردەی غازی سروشتی بۆ دەرەوە دەکات، بەڵام پێویستە سەقامگیری ئەمنی و سیاسی لەعێراقیش ھەبێت و ھەماھەنگی لەنێوان ھەرێم و بەغداش ھەبێت".

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە "گرینگە ئەگەر بتوانی نەوت و غاز لە ناو وڵات بە پیشەسازی بکرێت، بەڵام بۆ ھەناردەکردنی کامە وڵات بەرژەوەندی زیاتری ھەرێم بێت بۆ ئەو وڵاتە ھەناردە دەکرێت، چونکە داھات زیاتر دەبێت و ئێستا تورکیا نزیکترین وڵاتە بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ھەناردەی غاز و پارێزراوتریشە، چونکە ھەندێک وڵات ھەیە بەسەدان ھەزار (کم) بۆرییان ڕاکێشاوە، بەڵام لە ھەرێم بۆ تورکیا زۆر نزیکە، بۆیە لەبەرژەوەندی ھەرێمی و تورکیاش دایە".

بەپێی قسەی ئەو راوێژكارەی سەرۆكی حكومەت "کە غاز ڕەوانەکرا بۆ دەرەوە سەرچاوەکانی داھات زیاد دەبێت، بەڵام پێویستە بەشێوەیەکی زانستی غاز بکرێتە سەرچاوە و بەشێوەیەک بێت داھاتی ھەرێم زیاد بکات و دەرھێنانی تێچوی زۆر نەبێت و کاریگەری لەسەر دەرھێنانی نەبێت و زو تەواو بکرێت و تەمەنی درێژ بێت، چونکە ئەگەر بەشێوەی زانستی نەبێت زو تەواو دەبێت، بەڵام ھەرێم دەوڵەمەندە بەغازی سروشتی و غازەکەی دەگاتە 5.7 ملیار پێ سێجا و ساڵانە 100 ملیۆن پێ سێجا بفرۆشرێت، داھاتێکی زۆر بۆ ھەرێم دابین دەکرێت، چونکە ھەرێم ھاوشێوەی وڵاتان دەوڵەمەندە بەغاز، بۆیە کاری بەردەوامی بۆ دەکرێت و غازیش دەبێتە سەرچاوەیەکی داھات بۆ ھەرێمی کوردستان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×